وەزارەتی پەروەردە رێکارەکانی تایبەت بە بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی بڵاوکردەوە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رێکارەکانی تەواوکردنی بەگرێبەستکردنی وانەبێژانی بڵاوکردەوە. نوێنەرێکی وانەبێژان دەڵێت، مووچەی مانگی ئەیلوول وەک گرێبەست وەردەگرن.
 
بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان کە رێککەوتی 29ـی ئەیلوولی لەسەرە و پشتبەستووە بە فەرمانێکی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە کراوە، دەبێت "دەستبکرێت بە کردنەوەی دۆسێی تایبەت بۆ بەگرێبەستکردنی مامۆستایان".
 
وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، رۆژی دەستبەکاربوونی وانەبێژان وەک گرێبەست لە 01ـی ئەیلوولەوە دەبێت؛ راشیگەیاندووە، "پرۆسەی بەگرێبەستکردن لە بەڕێوەبەرایەتیی قەزاکان ئەنجام دەدرێت و دەبێت بە خێرایی و وردی، جێبەجێ بکرێت".
 
ئەو پێداویستییانەی دەبێت مامۆستایانی وانەبێژ بۆ بەگرێبەستکردن لەگەڵ خۆیان بیبەن بۆ پەروەردەکان ئەمانەن:
 
- بڕوانامە یان پشتگیریی بڕوانامە
- وێنەیەک لە کارتەکانی نیشتمانی و زانیاری و هەشت وێنەی کەسی
- بەڵێننامەیەک بدات کە لە هیچ جێگەیەکی دیکەی حکومەت مووچە وەرناگرێت
- نووسراوی بۆ بکرێت بۆ بایۆمەتری
 
کارۆخ عەبدوڵڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ ئەمڕۆ (دووشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەگەر پشتگیری وانەبێژان کۆنیش بێت، گرفتی نییە. دەبێت پرۆسەکەش لە 10 رۆژدا تەواو بێت".
 
تاوەکو ئەمڕۆ وانەبێژانی هەرێمی کوردستان شایستەی دارایی مانگەکانی شەش، حەوت و هەشتیان وەرنەگرتووە. کارۆخ عەبدوڵڵا گوتی، "بەگوێرەی بڕیارەکانی حکومەت، مووچەی مانگی ئەیلوول وەک گرێبەست وەردەگرین و ئەوانەی ماوە هەر وەک پێشتر دەبێت".
 
بۆ گرێبەستکردنی وانەبێژان ئەم بڕیار و فەرمانانە دراون: فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ژمارە 4142 لە 28-08-2024، رەزامەندنی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ژمارە 4502 لە 16-09-2024، رەمەزاندی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە ژمارە 5742 لە 26-09-2026 و فەرمانی وەزارەتی پەروەردە بە ژمارە 26607 لە 26-09-2024.
 
25ـی ئاب، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا وانەبێژان بکاتە گرێبەست.
 
کەمترین مووچەی وانەبێژ 250 هەزار دینار و زۆرترینیشی 400 هەزارە، ئەوەش بە گوێرەی بڕوانامەکانیان پۆلێن دەکرێت، بەڵام دوای گرێبەستکردنیان تەواوی مووچە و شایستەکانیان زیاتر دەبێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە