بارەگای سەرەکیی گۆڕان لە گردی زەرگەتەوە دەگوازرێتەوە بۆ گەڕەکی کوردسات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای هەڵبژاردنی رێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان و دروستبوونی ناکۆکی لەنێوان بەشێکی بەرپرسەکانی حیزبەکە. بڕیارە بارەگای سەرەکی لە گردی زەرگەتەوە بگوازنەوە بۆ باڵەخانەیەک لە گەڕەکی کوردسات لە شاری سلێمانی، کە رووبەرەکەی 3500 مەترە.
 
دوای دەستنیشانکردنی دانا ئەحمەد مەجید بە رێکخەری نوێی بزووتنەوەی گۆڕان و داخستنی دەرگەی گردی زەرگەتە بەسەر رێکخەری نوێ و ئەوانەی هەڵیان بژاردووە، حیزبەکە بارەگایەکی نوێی کردەوە لە گەڕەکی کوردساتی شاری سلێمانی.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بزووتنەوەی گۆڕان بارەگای سەرەکی و شوێنی دەوامی رێکخەری نوێ لە گەڕەکی کوردساتن، لە باڵەخانەیەکدا دەبێت کە 3 هەزار و 500 مەترە و 60 ژووری تێدایە.
 
ئێستا بزووتنەوەکە سەرقاڵی رێکخستنی بارەگاکەیە و بانگەشەی هەڵبژاردنیشی تێدا بەڕێوەدەبات. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رۆژی پێنجشەممە 03-10-2024 وەکو بارەگای فەرمیی حیزبەکە، بە فەرمی و لە رێوڕەسمێکدا دەکرێتەوە.
 
رۆژی 28-09-2024، بەشێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، رێوڕەسمێکیان بۆ رێزلێنان و ماڵئاوایی لە عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان و دەستبەکاربوونی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری نوێی بزووتنەوەکە ئەنجامدا.
 
بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکە لە پارکی ئازادی دوای ئەوە بوو، کوڕانی نەوشیروان مستەفا، رێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەکە بۆ رێگری لەو رێوڕەسمە رۆژی هەینی (27/09/2024) دەرگای مەکۆی سەرەکیی بزووتنەوەی گۆڕانیان بە بەربەستی کۆنکرێتی داخست، دەوام لە ژوور و دامەزراوەکانی بزووتنەوەکەش راگیرا.
 
دوای داخستنی دەرگەکە، هەریەک لە چیا و نما نەوشیروان مستەفا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "بۆئەوەی کێشەکان لەمە گەورەتر نەبن و كاردانەوە و پەرچەكرداری نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە، لە گردی زەرگەتە کە ماڵی هەموو لایەکە و، بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەموو گۆڕانخوازێکە، هەروەها بۆئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پێویستە هەموو لایەک بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، بەتایبەتی کە ئارامگای رەوانشاد نەوشیروان مستەفای لێیە."
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا، وەکو دوو هەڵسوڕاوی گۆڕان، پشتیوانیی تەواو لە دەستووری نێوخۆیی و جڤاتەکان دەکەین. بۆیە لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتمانی، وەکو بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزووتنەوەی گۆڕاندا و بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی هەر گرژییەک لەنزیک ئارامگای باوکمانەوە، پێمان باشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت، هەتا بارودۆخەکە هێور دەبێتەوە."
 
ئەوانەی دژی دیاریکردنی دانا ئەحمەد مەجید بوون بە دیاریکردنی وەکو رێکخەری گشتیی بزووتنەوەکە، رایانگەیاند، "لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت. ئێمە دەمانەوێت بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێت. نەوەکو بە کودەتا و وەکالەت."
 
چۆمان محەممەد، رێکخەری ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی لیستی ئەو بزووتنەوەیە لە پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشی پەرلەمانی کوردستان، رۆژی شەممە بە رووداوی گوت، "دەستنیشانکردنی دانا ئەحمەد مەجید بەو میکانیزمە و لە دەرەوەی جڤاتی نیشتمانی، یاسایی نییە و گردی زەرگەتەش بە فەرمی و یاسایی موڵکی کوڕانی نەوشیروان مستەفایە، بەڵام داخستنی کارێکی دروست نییە."
 
چۆمان محەممەد گوتی، "دەستنیشانکردنی دانا ئەحمەد مەجید وەکو رێکخەری بزووتنەوەی گۆڕان بەو میکانیزمە یاسایی نییە و بەپێی دەستووری ناوخۆیی بزووتنەوەکە پێویستبوو رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لەنێو جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردرێت."
 
سەرهەڵدانی کێشەکانی ناو بزووتنەوەی گۆڕان
 
کێشەکان دوای ئەوە زەق بوونەوە، لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەهۆی نەکردنی کۆنگرەی گشتی، عومەر سەید عەلی، رێکخەری پێشووی گشتی بزووتنەوەی گۆران، بریکارنامەی گشتی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردووە و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپارد.
 
بریکارنامە گشتییەکە رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024 لە فەرمانگەی دادنووسی دووی سلێمانی بە ژمارە 30874 کرابوو.
 
بەشیکی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان لە راگەیێندراویکدا ئاماژەیان بەوە کرد، "رێکخەری گشتی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان کەسێکە جێگەی رێزە و پێش سێ ساڵ لە 13-10-2021 لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا دەستیان لەکاركێشایەوە و راگەیێندراوی رەسمییان بڵاوکردەوە. لە هەمان کۆبوونەوەدا جڤاتی نیشتمانی لە راگەیێندراوی فەرمیدا پێشوازی و دەستخۆشییان لێکرا و دەستلەکارکێشانەوەیان قبوڵ کرا. لەسەر ئەو بنەما دەستوورییە ئەو وەکالەتە نادەستوری و ناقانونییە".
 
ئەوەشیان گوتووە، "رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کاتێک رێکخەری گشتی بوو وەکالەتی تایبەتی بۆ کاروباری کۆمسیۆن کردەوە. نەک کەسێک بە وەکالەت بکات بە رێکخەری گشتی. بەکارهێنانی هەر بەراوردکارییەک بۆ چەواشەکاری و داپۆشینی فەزاحەتێکی گەورەیە".
 
دانا ئەحمەد مەجید، کە پێشووتر پارێزگاری سلێمانی بوو، دوای 10 ساڵ دوورکەوتنەوە لە کوردستان، لە نێوەڕاستی ئەم ساڵ گەڕایەوە.
 
دوای داخستنی دەرگەکە، هەریەک لە چیا و نما نەوشیروان مستەفا راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "بۆ ئەوەی کێشەکان لەمە گەورەتر نەبن و كاردانەوە و پەرچەكرداری نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە لە گردی زەرگەتە کە ماڵی هەمو لایەکە، و بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەمو گۆڕانخوازێکە، هەروەها بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پێویستە هەمو لایەک بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، بەتایبەتی کە ئارامگای رەوانشاد نەوشیروان مستەفای لێیە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتبوو، "ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا، وەکو دوو هەڵسوڕاوی گۆڕان، پشتیوانی تەواو لە دەستووری نێوخۆی و جڤاتەکان دەکەین. بۆیە لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتمانی وەک بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزووتنەوەی گۆڕاندا و بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی هەر گرژییەک لە نزیک ئارامگای باوکمانەوە، پێمان باشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت، هەتا بارودۆخەکە هێور دەبێتەوە".
 
کۆمیسیۆن بریکارنامەکەی پەسند کردووە
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بریکارنامەکەی عومەر سەید عەلی بۆ دانا ئەحمەد مەجیدی پەسندکردووە.
 
بەپێی نەریتی کارپێکراو، بریکارنامەی گشتی بەلایەنی کەمەوە دەکرێت بۆ ماوەی 15 ساڵ بەکاربهێندرێت، لەکاتی مردنی یەکێک لە لایەنەکانی یان لەدەستدانی شیاوێتی یان رەتکردنەوەی یەکێک لە لەلایەنەکانی بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت.
 
ئەو بریکارنامە گشتییە لە کاتێکدایە کۆنگرە (کۆنفرانسی نیشتمانی)ـی بزووتنەوەی گۆڕان دواکەوتووە، هەرچەندە بڕیاربوو پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە سەرەتای ئەم مانگە تاوەکو نێوەڕاستی مانگ سەرجەم هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بکات، بەڵام بزووتنەوەکە تەنیا 9ـی ئەیلوولی 2024، دەستەى سەرۆکایەتیی جڤاتى گشتی هەڵبژارد، کە پێکدێن لە سەرۆک، جێگر و سکرتێرى جڤاتى گشتیی بزووتنەوەکە.
 
چۆن بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەدەچێت؟
 
بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەیەک ئۆرگانی هەیە، لەوانە جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، هەروەها جڤاتی گشتی.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت، "رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی."
 
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لە سەرۆکی جڤاتی گشتی، لەنێو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان لەنێو ئەندامانی جڤاتی گشتی و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەکە بەربژێر دەکرێن، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و زۆرینەی سادە پەسند دەکرێن و بە زۆرینەی رەهای دەنگی هەموو ئەندامەکانی دەگۆڕدرێن.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سێ ساڵ جارێک دەبێت و ئەوان دەتوانن تەنیا بۆ دوو خول خۆیان بەربژێر بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە