رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی ئێران، سێ کارمەندی شارەوانیی ئیلامیان بە تۆمەتی گەندەڵی، سەرپێچیی ئیداری و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەستبەسەر کردووە.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی تەممووزی 2026، میدیای ئێران بڵاویان کردەوە، "لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، سێ کارمەندی شارەوانیی ئیلام دەستبەسەر کراون."
میدیای ئیلام لە زاری بەرپرسانی ئەمنیی شارەکەوە بڵاویانکردووەتەوە، دەستبەسەرکردنی ئەو بەرپرسانەی شارەوانی لە درێژەی بەدواداچوون و دۆزینەوەی کەسانی گەندەڵ و سەرپێچیکارە لەنێو دامودەزگا حکومییەکاندا.
بەرپرسانی ئەمنیی ئیلام بە میدیایان راگەیاندووە، پرۆسەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی سەرپێچی دەکەن دەستیپێکردووە، رێکارەکانیش بۆ پاراستنی مافی خەڵک گیراونەتەبەر و دواتر خەڵک لە هۆکاری ئەو دەستبەسەرکردنانە ئاگادار دەکرێنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە 29ـی حوزەیرانی 2026، ئەفشین موزەفەری، سەرۆکی شارەوانیی ئیلام لەگەڵ دوو ئەندامی ئەنجوومەنی شارەکە بە تۆمەتی گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەستگیر کران.
رۆژی چوارشەممە، 1ـی تەممووزی 2026، داواکاری گشتیی ئیلام لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سەرۆکی شارەوانیی ئیلام بە بڕیاری دادگە و لەسەر هەندێک تۆمەتی دارایی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەکەی بەردەوامە.
شاری ئیلام ناوەندی پارێزگای ئیلامە و بەپێی دوایین ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 220 هەزار کەسە.
ئەنجوومەنی شاری ئیلام حەوت ئەندامی سەرەکی و پێنج ئەندامی یەدەگی هەیە.



