رووداو دیجیتاڵ
تۆمارێکى دەنگیى مامۆستایەکى کەرکووک بڵاودەبێتەوە کە تێیدا داوا لە کچە قوتابییەک دەکات ماچى پێ بدات و وەزارەتى پەروەردەى عێراقیش لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەی لەسەر پێکدەهێنێت. بەگوتەى بەرپرسێکى پەروەردەى کەرکووک، مامۆستاکە لە پەیمانگەیەکى خولى بەهێزکردن بووە.
بە گوێرەى ئەو تۆمارە دەنگییە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى عێراق بڵاوکراوەتەوە و وادیارە لە پۆلێکدا تۆمار کراوە، مامۆستاکە داوا لە کچە قوتابییەکە دەکات بمێنێتەوە، کچەکەش پێى دەڵێت، "کاژێر 10یە درەنگە."
لە بەشێکى دیکەى تۆمارە دەنگییەکەدا، مامۆستاکە بە قوتابییەکە دەڵێت، "ماچێکم بدەرێ، ماچێکم بدەرێ و بڕۆ". کچە قوتابییەکە توڕە دەبێت و پێى دەڵێت، "باسی چى دەکەیت، بەخودا هاوار دەکەم."
گفتوگۆى نێوان ئەو مامۆستایە و کچە قوتابییەکە کە لە تۆمارە دەنگییەکەدا بڵاوکراوەتەوە بە زمانى عەرەبییە.
سامان جاف، یاریدەدەرى بەڕێوەبەرى گشتیی پەروەردەى کەرکووک بۆ کاروبارى هونەری بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەو کەسە مامۆستاى پەیمانگەى بەهێزکردنە، نەزانراوە لەهەمان کاتدا مامۆستاى کام قوتابخانەی کەرکووکە."
وەزارەتى پەروەرەى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوەداوە کە لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى "بەپەلە" لەسەر ئەو مامۆستایە پێکدەهێندرێت، بەهۆى بڵاوبوونەوەى ئەو تۆمارە دەنگییەى کە وەزارەتەکە بە "نەشیاو" ناوی بردووە.
سامان جاف گوتی، "ئەو لیژنەیەی پێکدەهێندرێت لە وەزارەتى پەروەردەوە دەبێت نەک لە پەروەردەى کەرکووک."
لە راگەیێندراوەکەدا ئیبراهیم جبوورى، وەزیرى پەروەردەى عێراق جەختى لەوە کردووەتەوە کە دەبێت بەدواداچوون بۆ پەیمانگەکانى بەهێزکردن بکرێت لە رێگەى سەردانى سەرپەرشتیارانى پەروەردەیی و رێکارەکانى پێشوو جێبەجێبکرێت بۆ جیاکردنەوەى هەردوو رەگەزى کوڕ و کچ لەو خولانە کە بۆ بەهێزکردنى تواناى قوتابییان لە وانەکاندا دەکرێتەوە.
وەزارەتى پەروەردە لە نووسراوێکدا كە 11ـى ئابی 2024، ئاراستەى سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى پەروەردەى کردووە، ئاماژەى بەوەداوە، لەسەر بڕیارى وەزیرى پەروەردە، رەزامەندیی کارکردنى ئەو پەیمانگەیانەى بەهێزکردن هەڵوەشێندراونەتەوە کە "تێکەڵاون" و، دەبێت دەوامى هەردوو رەگەز (کوڕ و کچ) بەجیابێت بۆ هەردوو قۆناخەکانى کۆتایی ناوەندی و ئامادەیی، "نابێت بەهیچ شێوەیەک دەوامى تێکەڵاویان تێدا بکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ