رووداو دیجیتاڵ
دایکی تووشبوویەکی شێرپەنجە دەڵێت، "بۆ چارەسەری کوڕەکەم، لە دەرگەی مەرد و نامەردم دا". کوڕەکەی بەو نەخۆشییە گیانی لەدەستدا و دەڵێت: "تەنیا یەک شەو ئەڵقەی لەدەست کرد". چیرۆکەکانی هاوشێوە زۆرن. باوکی نەخۆشێکی دیکە دەڵێت: "چاندنی مۆخی منداڵەكەم 400 هەزار یۆرۆی دەوێت، ئەو پارەیە لە كوێ پەیدا بكەم".
پڕۆژەیاسای دڵنیایی تەندروستی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئامادەكراوە و دراوەتە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام دوای چەندین ساڵ هێشتا نەبووەتە یاسا. بە چاودێریی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین كۆمپانیای كەرتی تایبەت كاری دڵنیایی تەندروستی و بوارەكانی دیكەی دڵنیایی دەكەن.
بەگوێرەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان، 67 هەزار و 707 كەس دڵنیایی تەندروستییان كردوە و كەمترین پارەی ساڵانەی دڵنیایی تەندروستی 370 هەزار دینار و زۆرترینیشی دەچێتە ملیۆنێك و 500 هەزار دینار، بەڵام خاوەن کۆمپانیایەکی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر دڵنیایی تەندروستی ببێتە ناچاری بۆ هەموو کەس یان لانی كەم بۆ فەرمانبەران، بڕی پارەی ساڵانەکەی بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت".
رۆژی یەکشەممە، 30ـی حوزەیرانی 2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی سەروین ئیسماعیل، بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری دڵنیایی وەزارەتی دارایی، رەنج ئەكرەم، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسیا بۆ دڵنیایی، د. نەبی فەتاحی، شارەزای بواری دڵنیایی و مامۆستای زانستە پزیشكییەكان لە زانكۆی گوتێنبورگی سوێد، دكتۆر سەروەر عارف، شارەزای دڵنیایی تەندروستی و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی و مستەفا ئەبو قورە، بەڕێوەبەر گشتیی كۆمپانیای كار بۆ دڵنیایی، پرسی ئاییندەی کەرتی دڵنیایی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا.
"كە مردم لەلای خوا باسی دەكەم"
باوكی قوربانییەكی شێرپەنجە كە "بە مووچەیەکی كەم" سەرپەرشتیی چێشتخانەی نەخۆشخانەی هیوا دەكات، دەڵێت: "رۆژانە بەرامبەر ئەو ژوورەی لە نەخۆشخانەی هیوا كوڕەكەمی تێدا مرد، كار دەكەم". ئەو جەخت لەوە دەكاتەوە، مەبەستی كاركردنی لە هیوا زیاتر خزمەتەكردنە نەک پارە پەیداكردن.
باوکی ئەو قوربانییە لە چێشتخانەكەی نەخۆشخانەی هیوا وەك وەستایەك كار دەكات و دەڵێت "ئەگەر ئەو كارە لە دەرەوە بكەم، زۆر زیاترم دەست دەكەوێت، بۆیە من مەبەستم خزمەتكردنە نەك پارە پەیدا كردن".
هاوکات وەستای چێشتخانەكەی نەخۆشخانەی هیوا باس لە منداڵێكی نەخۆش دەكات كە رۆژانە هۆگری بینینی ئەو بووە: "رۆژێك لەوێ نەبووم، زۆر چاوەڕێی كردبوو و بە باوكی گوتبوو 'ئەگەر مردم لەلای خوا باسی ئەوە دەكەم کە ئەو پیاوە چۆن خزمەتی كردووم'."
"رۆژی دوای ژن مارەكردن تووشی شێرپەنجە بووە"
چیرۆكەكانی نەخۆشخانەی هیوا زۆرن، كاریگەرترینیان منداڵانن كە بە تەمەنێكی بچووكەوە تووشی دەردێكی كووشندە دەبن و خەرجی هەریەكەشیان زۆر لە سامانی خێزانەكانیان زیاترە، هەروەك باوكی منداڵێكیان گوتی: "چاندنی مۆخی منداڵەكەم 400 هەزار یۆرۆی دەوێت، ئەو پارەیە لە كوێ پەیدا بكەم".
دایكێك كە لەم بەرنامەیەدا ئامادەبوو بەگریانەوە گوتی: "ئەو رۆژی ژنم بۆ كوڕەكەم مارەكرد، بۆ رۆژی دوایی تووشی شێرپەنجە بوو، هەموو شتێكمان بۆ چارەسەری فرۆشت، نزیكەی 30 دەفتەر دۆلارمان لە چارەسەركردنیدا خەرج كرد، بەڵام دواجار هەر مرد".
باوكێكی دیكە دەڵێت: "تاوەكو ئێستا نزیكەی 20 دەفتەر دۆلارمان لە چارەسەركردنی منداڵەكەماندا خەرجكردووە، هێشتا چارەسەر نەبووە"، بەشی زۆری ئەوانەی لە بەرنامەكەدا بەشدار بوون جەختیان لەوە کردەوە "ئەگەر سیستمی دڵنیایی هەبووایە، هەرگیز بەو جۆرەمان بەسەر نەدەهات و ئەو هەموو خەرجییەمان نەدەكرد".
دڵنیایی تەندروستی لە ئوردن چۆن پێشكەوت؟
ئوردن یەكێك لەو وڵاتانەیە لە چارەسەركردنی نەخۆشییەکان لەسەر ئاستی دنیا ناوبانگی هەیە، دەیان ساڵە دڵنیایی تەندروستی لەو وڵاتەدا هەیە. مستەفا ئەبو قورە، بەڕێوەبەر گشتیی كۆمپانیای كار بۆ دڵنیایی كە خەڵكی ئوردنە، جەختی لەوە كردەوە پرسی دڵنیایی بابەتێكی بنەڕەتییە بۆ بەردەوامیی ژیان.
مستەفا ئەبو قورە پێیوایە دڵنیایی تەندروستی كارێكی قورس نییە و گوتی: "ئەگەر بكرێتە ناچاری، هەموو مرۆڤێك مانگانە 25 بۆ 30هەزار دیناری پێویستە، بەڵام دڵنیایی ناچاری لە ئوردن تەنیا بۆ ئۆتۆمبێلە نەك بۆ كەرتی تەندروستی".
دڵنیایی تەندروستی "كاریگەری لەسەر پێشكەوتنی ئابووری هەیە"
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای كار پێیوایە، دڵنیایی تەندروستی كاریگەری لەسەر پێشكەوتنی ئابووریی هەر وڵاتێك دەبێت: "چونكە جگە لە حكومەت، كەرتی تایبەتیش لەو چالاكییە ئابوورییە بەشدار دەبێت".
مستەفا ئەبو قورە گوتی: "لە ئوردن خزمەتگوزاریی تەندروستیی حكومەت بە هاوكاریی كۆمپانیاکانی تایبەتمەند دەكرێت، چونكە بۆ دڵنیایی تەندروستی، دەبێت كەرتی گشتی و تایبەت بەیەكەوە كار بكەن".
بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای كار بۆ دڵنیایی روونیدەکاتەوە: "دڵنیایی تەندروستی ئەوەیە خەڵكی پارەیەكی كەم دەداتە سندووقێك و دواتر ئەو پارەیە بۆ خزمەتی تەندروستی گشتیی بەكاردێتەوە". دەشڵێت: "ئەو بڕە پارەیەی بۆ دڵنیایی تەندروستی وەردەگیرێ، بەپێی تەمەنی كەسەكان دەگۆڕێت".
"دەبێ فەرمانبەران دڵنیایی تەندروستی بکەن"
بەپێی پڕۆژەیاسایەک، هەموو فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبێت دڵنیایی تەندروستی بكەن. بەڕێوەبەری جێبەجێكار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری دڵنیایی وەزارەتی دارایی دەڵێت: "بەپێی پڕۆژەیاسایەك كە لە 2020ـەوە كاری تێدا دەكەین و داومانەتە پەرلەمانی كوردستان، هەموو فەرمانبەرێك دەبێت بەشداری دڵنیایی تەندروستی بكات".
سەروین ئیسماعیل گوتی: "بەپێی ئەو پڕۆژەیەی داومانەتە پەرلەمان، دڵنیایی تەندروستی بۆ فەرمانبەران ناچارییە، بەڵام بۆ هاووڵاتییان ئارەزوومەندانە دەبێت".
ئەوەی بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری دڵنیایی وەزارەتی دارایی بووەتە مایەی نیگەرانی، پڕۆژەیاساکە چوار ساڵە لە پەرلەمان وەستاوە و وەکو سەروین ئیسماعیل ئاماژەی پێدەدات: "داواكارین لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كارەكانی پەرلەمان، یەكەم هەنگاویان کارکردن بێت لەو پڕۆژەیاسایە".
"سوود لە ئەزموونی کۆریای باشوور وەردەگرین"
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری دڵنیایی وەزارەتی دارایی بۆ جێگریکردنی سیستمی دڵنیایی تەندروستی، بەشێک لە کادیرەکانی ناردووەتە کۆریای باشوور بۆ ئەوەی راهێنانیان پێ بکرێت.
حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ماوەی 20 رۆژ كادیرەکانی بۆ وەرگرتنی ئەزموون ناردووەتە کۆریای باشوور. سەروین ئیسماعیل دەڵێت: "ئەو ماوەیەی لە كۆریا بووین، بۆ ئێمە ئەزموونێكی نوێ بوو، چونكە دڵنیایی تەندروستی لە 1963ـەوە لە کۆریا دانراوە، سەرەتا ئارەزوومەندانە بووە و دواتر هەنگاو بە هەنگاو كراوەتە ناچاری".
لە كوردستان 15 كۆمپانیا لە بواری دڵنیایی كار دەكەن
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی، لە هەرێمی كوردستان 15 كۆمپانیای دڵنیایی هەن، لەو ژمارەیە هەشت کۆمپانیا ناوخۆیین و ئەوانی دیكەش بیانی و عێراقین.
سەروین ئیسماعیل گوتی: "لە هەرێمی كوردستان 67 هەزار و 707 كەس لەڕێگەی ئەو كۆمپانیایانەوە خۆیان دڵنیایی تەندروستی كردووە". دەشڵێت: "لە بواری دڵنیایی، عێراق پێش هەرێمی كوردستان كەوتووە، چونكە لە عێراق ساڵێكە دڵنیایی تەندروستی جێبەجێ دەكرێت".
بەرپرسەكەی وەزارەتی دارایی رەتیدەكاتەوە هیچ كەس سكاڵای لەلای ئەوان لەسەر كۆمپانیاكانی دڵنیایی تۆمار كردبێت و دەڵێت، ئەوەندی چاودێرییان كردبن، كۆمپانیاكان "كارەكانی خۆیان بە باشی كردووە"
سەروین ئیسماعیل دەشڵێت: "لە ماوەی ساڵێکدا كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لە بواری دڵنیایی، نزیكەی دوو ملیار دینار قەرەبوویان داوەتەوە خەڵكی".
"ساڵانە 400 هەزاری داوە و 60 هەزار دۆلاری لێ خەرجکراوە"
رەنج ئەكرەم، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسیا بۆ دڵنیایی كە وەك یەكێك لە كۆمپانیاكانی دڵنیایی لە كوردستان كار دەكات گوتی: "تاوەكو ئێستا 16 هەزار كەس لەلای ئێمە دڵنیایی تەندروستی كردووە، لەو ژمارەیەش 11 هەزاریان عێراقین، هەموو ئەوانەش ساڵانە بڕە پارەیەك دەدەنە كۆمپانیاكە. ئەگەر نەخۆشكەوتن یان تووشی رووداوێك بوون، پارەیەكی زۆر لە چارەسەركردنیان خەرج دەكرێت".
رەنج ئەكرەم دەڵێت: "كەس هەیە ساڵانە 400 هەزار دیناری داوە، كە نەخۆش كەوتووە پێنج بۆ شەش دەفتەر دۆلارمان تێدا خەرج كردوە".
بە گوتەی رەنج ئەكرەم، پارەی دڵنیایی تەندروستی بەپێی تەمەنی كەسەكان دەگۆڕێت: "لە تەمەنی یەك ساڵ بۆ 18 ساڵ، بۆ ساڵێك دڵنیایی تەندروستی نزیكەی 370 هەزار دینار و لە تەمەنی 18 بۆ 30 ساڵیش پارەی ساڵانە 500 هەزار دینارە و بۆ تەمەنی 65 ساڵیش بڕی پارەكە ساڵانە دەگاتە ملیۆنێك و 500 هەزار دینار، بەڵام ئەگەر هەموو خەڵك خۆیان دڵنیا بكەن، پارەی ساڵانە دەبێتە شتێكی رەمزی".
رەنج ئەكرەم باسی لەوە کرد کۆمپانیاکەیان 500 خاڵی چارەسەری تەندروستییان لە عێراقدا هەیە و زیاد لە 100یان نەخۆشخانەن، ئەو كەسەی دڵنیایی تەندروستی هەیە، ئەگەر نەخۆشكەوت و لە كوردستان چارەسەری نەبوو، دەیبینە دەرەوەی وڵات.
هەر بەپێی قسەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە، لە 2023دا نزیكەی حەوت هەزار كەس، چوار ملیار و 353 ملیۆن دیناریان قەرەبوو وەرگرتووە: "هەر لە ساڵی 2023دا 400 ملیۆن دیناریان وەکو قەرەبوو بۆ دڵنیایی ئۆتۆمبێل خەرج کردووە".
"دڵنیایی تەندروستی بۆ خەڵكی هەژارە"
دكتۆر سەروەر عارف، شارەزای دڵنیایی تەندروستی و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی باسی لەوە كرد: "ئامانجی دڵنیایی تەندروستی بۆ خەڵكی هەژارە، چونكە دەوڵەمەند چارەسەری خۆی دەكات".
دكتۆر سەروەر ئەوەی نەشاردەوە كە سیستمی تەندروستیی عێراق لە بنەڕەتدا باش بووە و گوتیشی "ئەگەر دڵنیایی تەندروستی نەبوو، ناكرێت خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ نەخۆش بووەستێ، تاوەكو دڵنیایی تەندروستیی باش دروست دەبێت، وەزارەتی تەندروستی بەرپرسە لە چارەسەركردنی تەندروستی گشتی".
دكتۆر سەروەر جەخت لەوەش دەكاتەوە، بەردی بناخەی تەندروستیی باش بە دڵنیایی تەندروستی دروست دەبێت: "زەحمەتە بەبێ بوونی دڵنیایی تەندروستی، كەرتی تەندروستی بەباشی بڕوات". سەبارەت بە دڵنیایی تەندروستی لە عێراقیش، بەپێی قسەی ئەو پزیشكە، "حكومەتی عێراق خۆی دڵنیایی تەندروستی دەكات و نەیداوەتە دەست كەرتی تایبەت".
نابێت دڵنیایی تەندروستی بدرێتە كەرتی تایبەت
د. نەبی فەتاحی، شارەزای بواری دڵنیایی و مامۆستای زانستە پزیشكییەكان لە زانكۆ گوتێنبورگ لە سوێد لەگەڵ ئەوە نییە دڵنیایی تەندروستی بدرێتە كەرتی تایبەت و دەڵێت: "دڵنیایی بوارەكانی دیكە جگە لە تەندروستی، ئەگەر بدرێتە كەرتی تایبەت هیچ گرفتێك نییە، بەڵام بۆ تەندروستی لەگەڵی نیم، چونكە راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیان و تەندروستیی خەڵکەوە هەیە".
مامۆستاكەی زانكۆ نموونە لەسەر وڵاتی سوێد دەهێنێتەوە كە هەموو كەسێك بێ بەرامبەر دڵنیایی تەندروستی دەدات و دەشڵێت: "لە سوێد لە ساڵێكدا تەنیا 180دۆلار دەدەیت بۆ هەندێ پێداویستی و دەرمان، خەرجییەكانی دیكەی تەندروستی هەمووی لەسەر دەوڵەتە".
د. نەبی فەتاحی بە ئەركی حكومەتی دەزانێ دڵنیایی تەندروستی بۆ تاك بە تاكی كۆمەڵگەكەی دابین بكات، چونكە وەك ئەو ئاماژەی پێدەدات: "كەرتی تایبەت لە خەمی لەشساخی ئێمە نییە، بەڵكو كەرتی تایبەت وەبەرهێنانی خۆی دەكات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ