رووداو دیجیتاڵ
بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و چارەسەرکردنی ئالوودەبووان، هەرێمی کوردستان هانا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەبات و رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانیش دەڵێ: "نزیکەی نیوەی زیندانیکراوانی هەرێمی کوردستان، تووشبووان و بازرگانانی ماددەی هۆشبەرن".
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، لیژنەیەکی باڵا بە سەرۆکایەتیی وەزیری تەندروستی دروستکراوە و بڕیارە چەند ناوەندێکی چارەسەرکردنی ئالوودەبووانیش لە هەرێمی کوردستان دروستبکرێن.
دیندار زێباری گوتی: "بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان زیادیکردووە، بۆ ئەو مەبەستە داوای هاوکاری لە نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەو وڵاتانە دەکەین کە تایبەتمەندییان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر و چارەسەرکردنی تووشبووان هەیە".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد، لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 89 کەس بەهۆی بەکاربردن و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەرەوە لە زیندانەکاندان، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی زیندانیکراوان، بۆیە هەوڵەکانی ئێمە بۆ ئەوەیە کە ناوەندی چاکسازییان بۆ بکەینەوە و چیدیکە تووشبووان کە قوربانین، وەکو تاوانبار مامەڵەیان لەگەڵدا نەکرێت.



