رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەپێی توێژینەوەیەک، 91٪ـی خێزانەکان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیاندا تووشی ئاستەنگی بوون و ژنانیش وەک بەڕێوەبەری کاروباری ماڵ، رووبەڕووی قورسترین گوشاری دەروونی و جەستەیی هاتوونەتەوە.
توێژینەوەکە بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان (UN Women) کراوە و قەبارەی زیان و لێکەوتە کۆمەڵایەتی، دەروونی و جێندەرییەکانی دواکەوتنی مووچە لەسەر خێزانەکان ئاشکرا دەکات.
توێژینەوەکە بە ناونیشانی "کاریگەرییەکانی دواکەوتنی مووچە و بڕینی بودجە لەسەر خێزان: شیکار لەسەر بنەمای رەگەز" لە چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە) و ئیدارە سەربەخۆکاندا (گەرمیان، راپەڕین، زاخۆ و سۆران) کراوە و دەریدەخات کێشەی مووچە تەنیا گرفتێکی دارایی کاتی نییە، بەڵکو پەیکەری خێزان و ئارامیی کۆمەڵایەتی لە باشووری کوردستان لەرزاندووە.
لێکەوتە ئابوورییەکان؛ قەرزداری، فرۆشتنی زێڕ و بڕینی ژەمەکان
داتاکانی توێژینەوەکە بە ژمارە قەبارەی ئەو کورتهێنانە دەردەخەن رووی لە ماڵەکان کردووە:
- 91٪ـی خێزانەکان لە کاتی دواکەوتنی مووچەدا دابینکردنی خەرجییە سەرەکییەکانی رۆژانەیان لێ دەبێتە کێشە و زەحمەت.
- 89٪ـی خێزانە کرێچییەکان بە تەواوی توانای دانی کرێی مانگانەیان نییە
- 87٪ـی بەشداربووان رایانگەیاندووە کە لە دوای دەستپێکردنی تەنگژەی مووچەوە نەیانتوانیوە هیچ بڕە پارەیەک پاشەکەوت بکەن.
- 85٪ـی خێزانەکان توانای دابینکردنی تێچووی چارەسەری پزیشکی و نەخۆشخانەیان بۆ ئەندامەکانیان نەماوە.
- 82٪ـی خێزانەکان دەڵێن بەهۆی نەبوونی پارەوە ناچار بوون خەرجی و کوالێتیی خواردنی ماڵەکانیان کەم بکەنەوە.
- 82٪ـی خێزانەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کێشەی دارایی راستەوخۆ رەنگی داوەتەوە لەسەر کەمکردنەوەی خەرجیی خوێندنی منداڵەکانیان.
- 78٪ـی بەشداربووان تووشی کەڵەکەبوونی قەرز بوونەتەوە.
- 70٪ـیان بۆ پەیداکردنی خۆراک پەنایان بۆ قەرزکردن لە دوکان و خزمە نزیکەکانیان بردووە.
- 56٪ـی خێزانەکان ناچار بوون بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنانی ژیان دەستبەرداری سامانەکانیان ببن، لەوانە فرۆشتنی زێڕ و ئاڵتوون، ئۆتۆمبێل، زەوی و کەلوپەلی نێو ماڵ.
لێکەوتە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکان؛ نائارامی لەنێو ماڵەکاندا
دواکەوتنی بەردەوامی مووچە باری دەروونیی هاونیشتمانییانی تێکداوە و ترسی گەورەی بۆ ئایندە دروستکردووە:
- 92٪ـی هاووڵاتییان دەڵێن قەیرانی مووچە وایکردووە نەتوانن هیچ پلانێک بۆ داهاتووی ژیانیان دابنێن.
- 85٪ـی خێزانەکان دەڵێن بێپارەیی بووەتە هۆی دروستبوونی گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی بەردەوام لە نێو خێزانەکانیاندا.
- 78٪ـی بەشداربووان هەست بە نەمانی ئاسایشی دارایی دەکەن.
- 75٪ـی دایک و باوکان ترسی زۆریان هەیە لەبارەی ئایندەی خوێندن و گوزەرانی منداڵەکانیان.
- 75٪ـی بەشداربووان دەڵێن بەهۆی نەبوونی مووچەوە کێشە و ئاڵۆزی کەوتووەتە نێو پەیوەندییە خێزانییەکانیانەوە.
- 66٪ـی مووچەخۆران ناچار بوون لە دوای دەوامی فەرمییەوە روو لە کاری دووەم و کرێکاری بکەن بۆ دابینکردنی بژێوی.
هەڵەبجە و سلێمانی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە
توێژینەوەکە دەریخستووە هاونیشتمانییان لە پارێزگاکان بە یەکسانی باجی قەیرانەکەیان نەداوە، بەڵکو پارێزگای هەڵەبجە بە پلەی یەکەم و پاشان سلێمانی لە پێشەنگی ئەو ناوچانەن کە کەرتی دارایی و بژێوییان تێکچووە:
کەمکردنەوەی خەرجیی نائاسایی و خۆراک:
لە هەڵەبجە 98٪ـی خێزانەکان ناچاربوون خەرجی کەم بکەنەوە، لە سلێمانی 95٪، لە هەولێر 89٪ و لە دهۆک 86٪.
سەختی لە دانی کرێی خانوو:
لە هەولێر 94٪ـی کرێچییەکان کێشەیان هەیە
لە سلێمانی 89٪
لە دهۆک 84٪
لە هەڵەبجە 70٪
ئاستەنگی لە چارەسەری پزیشکی:
لە هەڵەبجە 95٪ـی خێزانەکان ناتوانن خەرجیی نەخۆشی دابین بکەن
لە سلێمانی 91٪
لە هەولێر 82٪
لە دهۆک 79٪
زیان بەر خوێندنی منداڵان: لە هەڵەبجە و سلێمانی 84٪ـی خێزانەکان دەڵێن نەیانتوانیوە پێداویستیی خوێندن بۆ منداڵەکانیان بکڕن، لە هەولێر 82٪ و لە دهۆک 80٪.
توێژینەوەکە هۆکاری زیاتربوونی گوشار لەسەر هەڵەبجە و سلێمانی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە لەو دوو ناوچەیەدا ئابووریی بازاڕ و کەرتی تایبەت لاوازترە لە هەولێر و دهۆک و خەڵکێکی زۆر زیاتر پشت بە مووچەی کەرتی گشتی دەبەستن.
ژنان چۆن باجی قەیرانەکە دەدەن؟
بەپێی توێژینەوەکە، قەیرانی مووچە بە شێوەیەکی ناهاوسەنگ باری سەر شانی ژنانی قورستر کردووە؛ لە کاتێکدا پیاوان بەدوای کاری دووەمدا دەگەڕێن، بارگرانیی هەڵسوڕاندنی ماڵ و ئارامکردنەوەی خێزان دەکەوێتە ئەستۆی ژنان:
- 88٪ـی ژنان دووچاری گوشاری دەروونیی قورس بوونەتەوە بەهۆی سەختی لە دابینکردنی پێداویستییەکانی نێو ماڵ (بەرامبەر بە 80٪ی پیاوان).
- 87٪ـی ژنان رایانگەیاندووە کە لە پێناو دابینکردنی پێداویستیی منداڵ و خێزانەکانیاندا، بە تەواوی دەستبەرداری خەرجییە کەسییەکانی خۆیان بوون (بەرامبەر بە 81٪ی پیاوان).
- 82٪ـی ژنان دەڵێن لە کاتی دواکەوتنی مووچەدا تێکڕای بەرپرسیارێتیی دابەشکردنی بودجەی کەم و کەشوهەوای ماڵیان کەوتووەتە ئەستۆ.
- 78٪ـی پیاوان بەدوای کاری زیادەدا گەڕاون بۆ دابینکردنی بژێوی، لە بەرامبەردا 55٪ـی ژنان ناچار بوون روو لە کاری کاتی و دەستڕەنگینی بکەن.
- 61٪ـی بەشداربووان ئاشکرایان کردووە کە کێشەی دارایی راستەوخۆ دەبێتە هۆی دروستبوونی گرژی و تێکچوونی پەیوەندیی نێوان هاوسەرەکان (ژن و مێرد).
کێ زیاتر زیانی بەرکەوتووە؟
توێژینەوەکە بەراوردی لە نێوان دوو جۆر خێزاندا کردووە: ئەوانەی تەنیا پشتیان بە یەک مووچەی حکومی بەستووە، لەگەڵ ئەوانەی سەرچاوەی دیکەی داهاتیان هەیە:
ئەو خێزانانەی تەنیا پشت بە مووچە دەبەستن: 95٪ـیان کەوتوونەتە ژێر قەیرانی سەختی بژێوی، 83٪ـیان قەرزیان کردووە، و 86٪ـیان دەستبەرداری خۆراکی تەندروست بوون.
بەڵام ئەو خێزانانەی سەرچاوەی دیکەی داهاتیان هەبووە: 83٪ـیان کێشەیان بۆ دروستبووە و 64٪یان پەنایان بۆ قەرز بردووە.
ئەمەش دەریدەخات کە نەبوونی سەرچاوەی فرەچەشنی داهات، خێزانەکانی باشووری کوردستانی لە ئاستی بەرگەگرتنی تەنگژەکاندا تەواو لاواز کردووە.
کەرتی گشتی رووبەڕووی پیری بووەتەوە
توێژینەوە بەرفراوانەکەی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەندین داتا و ئاماری نوێی لەبارەی پەککەوتنی سێکتەرە خزمەتگوزارییەکان، قەیرانی پێدانی پسوولەی کارەبا و ئاو، گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە نێو فەرمانبەران و ستراتیژییەکانی خۆگونجاندنی خێزانەکان ئاشکرا دەکات.
بەپێی داتاکانی توێژینەوەکە دواکەوتنی مووچە هۆکاری سەرەکیی کەڵەکەبوونی قەرزی خزمەتگوزارییەکان بووە لەسەر هاووڵاتییان:
82٪ـی خێزانەکان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەبوونی نەختینەوە لە کاتی خۆیدا نەیانتوانیوە پارەی پسوولە مانگانەکانی (کارەبا، ئاو و ئینتەرنێت) بدەن.
لە ئاستی پارێزگاکاندا، زۆرترین رێژەی نەدانی پسوولە لە هەڵەبجە (92٪) و پاشان لە سلێمانی (82٪)، هەولێر (78٪) و دهۆک (75٪) تۆمارکراوە.
ئەم دۆخە وایکردووە کە زۆربەی خێزانەکان رووبەڕووی بڕینی خزمەتگوزارییەکان یان کەڵەکەبوونی ملیۆنان دینار قەرزی دەوڵەت ببنەوە.
کەمیی رێژەی گەنجان لە نێو مووچەخۆراندا دەریدەخات کە کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی راگرتنی دامەزراندنەوە، بەرەو پیری چووە.
کەرتی گشتی چۆن زیانی بەرکەوتووە؟ کەمبوونەوەی کارمەندان و راگرتنی پڕۆژەکان
لە بەشێکی دیکەی توێژینەوەکەدا، چاوپێکەوتن لەگەڵ هەشت بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکان (تەندروستی، پەروەردە، کارەبا، شارەوانی و ئاو) کراوە و چەندین گرفتی دامەزراوەیی خراونەتەڕوو:
قەیرانی خانەنشینبوون و نەبوونی میلاک: بەهۆی جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی عێراق و دابەزاندنی تەمەنی خانەنشینی بۆ 60 ساڵ، شەپۆلێکی گەورەی فەرمانبەران خانەنشین بوون؛ لە بەرامبەردا بەهۆی قەیرانی دارایی و راگرتنی دامەزراندن بۆ ماوەی 10 ساڵ، فەرمانگەکان رووبەڕووی کێشەی میلاک و کارمەندی شارەزا بوونەتەوە.
پاشەکشەی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەکان: نەبوونی بودجە وایکردووە نەخۆشخانە حکومییەکان لە دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک ماددەی پشکنینی تاقیگەیی، فیلمی تیشکی ئێکس (X-ray)و سۆناردا کێشەیان بۆ دروستبێت، بەمەش هاووڵاتییان ناچار دەکرێن روو لە کەرتی تایبەت بکەن.
گۆڕینی سیستمی دەوام: لە زۆرینەی فەرمانگە و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان، بەهۆی بایکۆت و نەبوونی کرێی هاتووچۆی فەرمانبەران، سیستمی دەوامی رۆژانە گۆڕدراوە بۆ "دەوامی نۆرە و شەفت" بە جۆرێک کاتەکانی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کەمکراونەتەوە.
سەپاندنی رسووماتی نوێ بەسەر هاووڵاتییاندا: بەهۆی نەبوونی بودجەی بەکارخستن، بەشێک لە وەزارەتەکان ناچار بوون رسوومات و باجی نوێ بەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکاندا بسەپێنن، ئەمەش وایکردووە ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشتر بێبەرامبەر بوون (وەک تەندروستی و شارەوانی)، ئێستا بە پارە پێشکەش بە هاووڵاتییان بکرێن.
کاریگەرییەکانی سەر منداڵان و رۆڵی نادیاری ژنان
توێژینەوەکە بە جیاواز سەیری کاریگەرییەکانی نێو خێزانی کردووە و ئەم خاڵانەی دۆزیوەتەوە:
76٪ـی پیاوان و 71٪ـی ژنان دەڵێن کەمبوونەوەی مووچە راستەوخۆ توانای دایکان و باوکانی لاواز کردووە لە چاودێریکردنی تەندروستی و پەروەردەی منداڵەکانیاندا.
73٪ـی پیاوان و 72٪ـی ژنان ئاماژە بەوە دەکەن کاتێک داهات کەم دەبێتەوە، ئاستی بەشداریکردنی ژنان لە کەرتی نافەرمیدا (وەک دروومان، خواردن دروستکردن لە ماڵەوە، یان فرۆشتنی کاری دەستی) زیاد دەکات تا ببنە فریادڕەسی خێزان.
کاریگەریی نەرێنی لەسەر هاوسەرگیری: 63٪ـی بەشداربووان لە هەڵەبجە، 65٪ لە سلێمانی، 63٪ لە هەولێر و 51٪ لە دهۆک پشتڕاستیان کردووەتەوە کە کێشەی دارایی راستەوخۆ بووەتە هۆی دروستبوونی ناکۆکی و ناتەبایی لە نێوان ژن و مێرددا، کە هەندێک جار بەرەو جیابوونەوە رۆیشتووە.
پارێزگای دهۆک لە نێوان داتاکاندا
جیاواز لە پارێزگاکانی دیکە، پارێزگای دهۆک لە هەندێک پێوەردا تایبەتمەندیی خۆی هەبووە:
لە پرسی کەمکردنەوەی خەرجیی خوێندنی منداڵاندا، دهۆک بە رێژەی 80٪ کەمترین زیانی بەراورد بە هەڵەبجە و سلێمانی هەبووە.
سەبارەت بە گەڕان بەدوای کاری دووەمدا، مووچەخۆرانی دهۆک بە رێژەی 72٪ پەنایان بۆ کارکردنی زیاتر بردووە (دوای هەولێر کە 74٪ بووە)، لە کاتێکدا لە سلێمانی 57٪ و لە هەڵەبجە 58٪ بووە، کە توێژینەوەکە هۆکارەکەی بۆ بوونی هەلی کار لە کەرتی بازرگانی و سنووری لە هەولێر و دهۆک دەگەڕێنێتەوە بە پێچەوانەی سلێمانی و هەڵەبجە کە دەرفەتی کاری کەرتی تایبەت تێیاندا سنووردارترە.
راسپاردەکانی راپۆرتەکە بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکە
لە کۆتایی توێژینەوەکەدا، ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان چەندین پێشنیاز و راسپاردەی بەپەلە دەخاتە بەردەم حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان:
دابەشکردنی مووچە: رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی پرۆسەی خەرجکردنی مووچە بەپێی خشتەیەکی جێگیر بێت و هاووڵاتی لە چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ رزگار بکرێت.
پاراستنی بودجەی کەرتی گشتی: بودجەی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان (تەندروستی، پەروەردە، ئاو و کارەبا) لە کاتی تەنگژەی داراییشدا نەبڕدرێت تاوەکو بارگرانی لەسەر شانی خێزانە هەژارەکان کەم ببێتەوە.
تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی: فراوانکردنی هاوکارییەکان بۆ ئەو خێزانانەی کە کەمدرامەتن یان تەنیا پشت بە یەک مووچە دەبەستن.
داڕشتنی بودجەی هەستیار بە جێندەر: رەچاوکردنی بارگرانیی سەر شانی ژنان و دابینکردنی دەرفەتی کار و راهێنانی پیشەیی بۆیان، تاوەکو ببنە خاوەن داهاتی سەربەخۆی خۆیان.
فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات: هاندانی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی پشتبەستنی رەهای هاونیشتمانییان تەنیا بە مووچەی فەرمانبەریی حکومەت.



