خانمە خوسرەوی، ناسراو بە مسری خانم، کە بە یەکەمین مامۆستای ژنی وانەی زمان و ئەدەبیاتی کوردیی دادەندرێت، لە بۆکان کۆچی دواییکرد.
مسری خانم ساڵی 1929ی زایینی لە گوندی بەسرێی شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، مسری خانم هاوژینی محەممەد قودسی، یەکێک لە ئەفسەرانی کۆماری کوردستان بووە، ئەوان ساڵی 1946ی زایینی لەلایەن کۆماری کوردستانەوە بە راسپێردراوی لە شاری بۆکان نیشتەجێدەبن، محەممەد قودسی ئەرکی پێشمەرگایەتی لەسەرشان دەبێت و مسری خانم-یش لە قوتابخانەی قەڵای سەردار وانەی زمان و ئەدەبیاتی کوردی دەڵێتەوە، بەوەش وەک یەکەمین مامۆستای ژن دادەندرێت کە وانەی کوردی گوتووەتەوە .
پاش رووخانی کۆماری کوردستان، مسری خانم لەگەڵ محەممەد قودسی و ئەفسەرانی باشووری کوردستان بۆ عێراق دەگەڕێتەوە، بەڵام حکومەتی ئەوکاتەی نووری سەعید لە عێراق هەر چوار ئەفسەرەکەی باشووری کوردستان کە بەشداری کۆماری کوردستان بوون، بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ شۆڕشی کوردی لەسێدارەدەدات.
دوای ئەو رووداوە مسری خانم دەگەڕێتەوە بۆکان و 29ی 5ی 2015 ، هەر لەو شارە کۆچی دواییکرد.




