رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی شاری ماکۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی هەورەبرووسکە و بارینی تەرزەی بەخوڕ لە ناوچەی بازرگان، 150 سەر مەڕ مردار بوون و 30 سەر مەڕی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2026، شەهلا تاج فەر، قایمقامی ماکۆ سەر بە پارێزگای ورمێ بە رووداوی راگەیاند: "لە گوندەکانی ناوچەی بازرگان بەهۆی تەرزە و هەورەبرووسکەوە، 150 سەر مەڕی مەڕداران مردار بوون و 30 سەری دیکەش بریندار بوون."
قایمقامی ماکۆ ئاماژەی بەوەش کرد، کە تەرزە و بارانی بەخوڕ زیانی زۆری بە بەرهەمی کشتوکاڵی و رێگەوبانی ناوچەکەش گەیاندووە.
تاج فەر هۆشداریشی دایە هاووڵاتییان و گوتی: "بە لەبەرچاوگرتنی پێشبینییەکانی کەشناسی و بەردەوامیی ناسەقامگیریی کەشوهەوا لە رۆژانی داهاتوودا، پێویستە دانیشتووانی گوندەکان، جووتیاران و ئاژەڵداران بەتەواوی وریابن و لە کاتی هەورەبرووسکەدا لە ناوچە شاخاوییەکان و بەرزاییەکان دووربکەونەوە."
رۆژی 22ی ئەم مانگەش، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و دروستبوونی لافاو لە شاری سەڵماسی سەر بە هەمان پارێزگا، سێ کەس (منداڵێک و دوو پیاو) گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
