رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیامی دژبەیەک لەبارەی ئێرانەوە دەنێرێت، لە کاتێکدا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی هێرشی سەربازی دەکات، ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنیش بە دوور نازانێت، هاوکات رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، هیچ هێرشێک ناکرێتە سەر ئێران. لە لایەکی دیکەشەوە سعودیە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریازی کردەوە، بەڵام حووسییەکان دووبارە هێرشیان کردەوە سەری و رایانگەیاند، ئامانجەکەیان پێکاوە.
رۆژی یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026، پێش ئەوەی بەرەو میشیگن بەڕێبکەوێت بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردنی نیوەخولی کۆنگرێس، ترەمپ لە بەردەم رۆژنامەڤاناندا هێرشی ئاسمانی لەم رۆژەدا رەتکردەوە و گوتی: "وەڵامەکە نەخێرە، ئەمڕۆ هیچ هێرشێک نابێت."
لە هەڤپەیڤینێکیشدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیووز، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "ئایا رێککەوتنیان لەگەڵدا بکەم یان بە تەواوی لەنێویان ببەم؟ ئەوە تاکە پرسیارە." هەروەها ئاماژەی بە تەنگەی ستراتیژیی هورمز کرد و گوتی: "ئێستا ئێمە کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز دەکەین."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان کە رۆژی شەممە ترەمپ رایگەیاندبوو، واشنتن لەبەردەم دوو بژاردەدایە: یان دەستپێکردنی هێرش یان گەیشتن بە "رێککەوتنێکی مەزن و ناوازە" لەگەڵ تاران. لە بەرامبەردا مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران واشنتنی بە پەکخستنی گفتوگۆکان تۆمەتبار کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، بەڵام جەختی لە سووربوونی تاران لەسەر گەیشتن بە رێککەوتن کردەوە.
ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە. بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوشار دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشی بەرفراوان، بەڵام بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، پلانی سوپای ئیسرائیل بۆ بۆردوومانکردنی ئێران لە 10ی تشرینی یەکەم، بەهۆی دژایەتیی ترەمپەوە پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەخولی ئەمریکا پاشەکشەی پێکرا.
هاوکات لە سعودیە، رۆژی یەکشەممە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بزووتنەوەی ئەنساروڵڵای حوسییەکانی یەمەنیان بە هێرشی نوێ بۆ سەر باشووری وڵاتەکەیان تۆمەتبار کرد. هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە رایگەیاند کە 10 مووشەکی بالیستیی حوسییەکانی لە باشووری شانشینەکە تێکشکاندووە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ریاز لە دوای زنجیرەیەک هێرش کرایەوە کە لە چەند هەفتەی رابردوودا کرانە سەری؛ لەنێویاندا هێرشەکەی 10ی تشرینی یەکەم کە بووە هۆی کوژرانی 13 کەس و برینداربوونی سەتانی دیکە لە تێرمیناڵی گەشتیاراندا و بەهۆیەوە فڕۆکەخانەکە بۆ چەند رۆژێک داخرابوو. هەرچەندە گەشتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەستیان پێکردووەتەوە، بەڵام داتاکانی ماڵپەڕی فلایت راداری 24 ئاماژە بەوە دەکەن کە جووڵەی فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەکە تاوەکو ئێستا سنووردارە.
هاوکات حووسییەکانی یەمەن رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، هێرشیان کردووەتەوە سەر فڕۆکەخانەکە، چەند کاژێرێک پاش کردنەوەی فرۆکەخانەکە، هەروەها بنکەیەکی ئاسمانی و بنکەیەکی دەریاییان لە شوێنێکی دیکەی سعودیە کردوونەتە ئامانج.
یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: "هێزە چەکدارەکانی یەمەن سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازییان بە دەیان مووشەکی بالیستی کردووە و" و ئاماژەی بەوە کرد، هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی ریاز "ئامانجەکەی پێکا."
سەریع ئەوەشی خستەڕوو کە بنکەی ئاسمانیی شا خالید لە خەمیس موشەیت و بنکەیەکی دەریاییان لە جازان کردووەتە ئامانج.
