رۆژانە لە پارێزگەی هەولێر و دەوروبەری نزیکەی 600 تۆن خۆراک بەفیڕۆدەدرێت

04-04-2024
لیلیا میراوتسا
لیلیا میراوتسا
بەفیڕۆدانی خۆراک
بەفیڕۆدانی خۆراک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 


بۆن و بەرام و جۆراوجۆریی خۆراک وا لە مرۆڤ دەکات لە رەمەزاندا بیر لە توانا جەستەییەکانی نەکاتەوە و گەدەی پێش چاوی تێر دەکات. لە رێستۆرانتێکی هەولێر ئەو خواردنەی داواکراوە، بەنزیکەیی نیوەی زیاد بووە و هەر لەسەر مێزەکان بەجێماوە. 
 
نیوار کازم، یەکێکە لە ئامادەبووانی رێستۆرانتەکە و دەڵێ "خەڵک هەیە زۆر بە زیادەوە داوای خۆراک دەکات و نایخوات، بەڕاستی گوناحە. خەڵک هەیە، هەژار هەیە، ئاژەڵ هەیە، دەستکورتمان هەیە؛ دەتوانین نیوەی بخۆین و نیوەکەی بدەین بەو خەڵکە."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی هیوا محەممەد دەڵێ "بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا کە شتێک دەبینیت، دەیخۆیت، کە دەیخۆیت و گەدەت پڕدەبێت بێگومان زیادیش دەبێت." سەبارەت بە خۆراک و چۆنییەتی پێشکێشکردنی هیوا دەڵێ "گرنگترین شت بۆ من ئەوەیە؛ مێزەکە جوان بێت."
 
گۆڤەند وەلی هەشت ساڵە زبڵ و خاشاک دەباتە دەرەوەی هەولێر. ئەو دەڵێت هەر تەنەکەیەکی خۆڵی پێش ماڵان، بەشێک پاشماوەی خۆراکی تێدایە.
 
گۆڤەند شۆفێری ئۆتۆمبێلی گواستنەوە زبڵە و باسی ئەوە دەکات خەڵک هەموو شتێک فڕێ دەدەن "نان، فڕێ دەدەن، برنج فڕێ دەدەن، هەموو جۆرە شتێک فڕێ دەدەن. بە چاوی خۆم دەبینم و بە دەستی خۆم دەردەهێنم، هەموو رۆژێک وایە، هەموو رۆژێک دوو جار زبڵ کۆدەکەینەوە، هەر جارێک دەگاتە نزیکەی پێنج تۆن زبڵ و خاشاک."
 
رۆژانە زیاتر لە دوو هەزار تۆن خۆڵ و خاشاک لە زبڵخانەکان فڕێدەدرێت. 31.5%ـی ئەو پاشمەوەیە، خۆراکە، واتا رۆژانە لە پارێزگەی هەولێر و دەروبەری نزیکەی 600 تۆن خۆراک بەفیڕۆ دەڕوات. 
 
فڕێدانی خۆراک لە هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە پڕۆگرامی ژینگەی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێ، 783 ملیۆن کەس لە جیهاندا رووبەڕووی برسیێتی بوونەتەوە. 
 
لە ساڵی 2022ـدا لە جیهان 1 ملیار تۆن خۆراک بەفیڕۆچووە کە 631 ملیۆن تۆنی لەلایەن خێزانەکان، 290 ملیۆن تۆن لەلایەن کۆمپانیاکان و 131 ملیۆن تۆنی دیکەش لەلایەن خواردنگەکانەوە بەفیڕۆدراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە