رووداو دیجیتاڵ بەرپرسانی ئەمنیی پارێزگای دیالە، لەسەر دۆسیەی رێبین ستار، ئاسنگەرە کوردەکەی خانەقین، بانگهێشتی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەکرێن. رۆژی یەکشەممە 20ی ئەیلوولی 2026، شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و نازک ئەحمەد، نوێنەری خانەقین لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، رێبین ستار-ی ئاسنگەریان بردە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق و لیژنەکە لە نزیکەوە گوێی لە قسەکانی گرت. دوای ئەوەی لە بەرنامەی "لەگەڵ رەنج"ی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی لە رەوشی خانەقین و پرۆسەی تەعریب لەو قەزا کوردنشینە کرا، رێبین ستاری ئاسنگەر، گەنجە کاکەییەکەی خانەقین، رۆژی 30ی ئابی 2026 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیر کرا. هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ئەوە بوو کە نووسینی کوردی بۆ تابلۆی دووکانەکەی لەپاڵ نووسینە عەرەبییەکەدا زیاد کردبوو و، بە گوتەی خۆی، لە زینداندا ئەشکەنجە دراوە. دوای 3 رۆژ لە دەستگیرکردنی، رێبین ستار ئاسنگەر ئازاد کرا، ئەوەش دوای ئەوەی لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کرابوون، بردرایە بەردەم دادوەر. رێبینی ئاسنگەر، ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باسی ئەو رەفتارە نامرۆڤانە و ئەشکەنجەیەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دیالەوە بەرامبەری کراوە بۆ لیژنەکەی کردووە و گوتی: "ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق نیگەرانیی خۆیان لەو هەڵسوکەوتە و ئەشکەنجەدانە دەربڕی و باسیان لەوە کرد کە رێکاری پێویست دەگرنەبەر و بەڕێوەبەری هەواڵگریی دیالە و قەزای خانەقین بانگهێشتی لیژنەکە دەکەن". رێبینی ئاسنگەر هەروەها گوتی:"لیژنەکە داوایان کرد لەکاتی بانگهێشتکردنەکەدا خۆشم ئامادە بم، بۆ ئەوەی رووبەڕووی یەکدی بکرێینەوە و بەڵێنیان دا، لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە ئەشکەنجەیان داوم." بە گوتەی نازک ئەحمەد، نوێنەری قەزای خانەقین، کە ئەمڕۆ دووشەممە 21ی ئەیلوولی 2026 قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد، لیژنەی ئاسایش و بەرگری نیگەرانی و بێزاریی خۆیان لەو شێواز و رەفتارە دەربڕیوە و ئاماژەیان بەوە کردووە، چەندین کەیسی هاوشێوەی ئەشکەنجەدان هەن، بۆیە بڕیاریان داوە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکەن و بەرپرسانی ئەمنیی پارێزگای دیالە بانگهێشتی لیژنەکە بکەن.