شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەت بڕیاری کۆتایی دەدەن

30-01-2025
سیروان عەباس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببنەوە و بڕیاری کۆتایی لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەت لە کابینەی دەیەم بدەن.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە سەرچاوەیەکی نێو شاندەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی زانیویەتی، شاندەکانی هەردوو حیزب رۆژی شەممە، یەکی شوبات، دوایین کۆبوونەوەیان دەکەن و رەشنووسی کۆتایی لەبارەی شێوازی بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتوو ئامادە دەکەن.
 
تائێستا شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی چوار کۆبوونەوەیان کردووە.
 
بڕیاربوو کۆبوونەوەی پێنجەم رۆژی چوارشەممەی رابردوو بکرێت، بەڵام لەسەر داوای رێواز فایەق، سەرۆکی شاندی یەکێتی بۆ رۆژی شەممە دواخرا.
 
بەپێی زانیارییەکان، رێواز فایەق داوای کردووە کۆبوونەوەکە بەبێ ئەو بکرێت، بەڵام شاندی پارتی وەڵامیان داونەتەوە و گوتوویانە گرفتیان نابێ با یەک- دوو رۆژ دوابکەوێت، ئەوان چاوەڕێ دەکەن.
 
سەرچاوەکەی نێو شاندی یەکێتی بە رووداوی گوت: "کۆبوونەوەکەی رۆژی شەممەی داهاتوو، پێنجەم و دوایین کۆبوونەوە دەبێت و هەردوولا بڕیاری کۆتایی دەدەن."
 
لیژنەی تەکنیکیی پارتی بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق و ئەندامێتیی دڵشاد شەهاب و ئومێد سەباحە. شاندی یەکێتیش بە سەرۆکایەتیی رێواز فایەق و ئەندامیێتی هەریەک لە شاڵاو شێخ سەلاح و ئامانج رەحیمە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە