دۆسیەی بازرگانیی نەوت لەگەڵ داعش دانەخراوە

30-01-2018
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن نەوت داعش
A+ A-

رووداو- هەولێر

دوای تێپەڕبوونی سێ‌ ساڵ و نیو بەسەر هێرشی داعش بۆ سەر باشووری كوردستان، هێشتا دۆسیەی مامەڵەی بازرگانیی نەوت لەگەڵ داعش و تێوەگلانی چەند پلەدارێكی وەزارەتی پێشمەرگە و چەند بازرگانێك، یەكلایی نەبووەتەوە، پەرلەمانتارێك دەڵێ‌ "سەرجەم تۆمەتبارەكان بە بڕیاری دادوەر بە كەفالەت ئازادكراون".

دلێر ماوەتی، جێگری سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "دۆسیەی بازرگانی و مامەڵەكردن لەگەڵ داعش، هیچ ئەنجامێكی نەبوو، بابەتەكەیان ئەوەندە هێنا و برد و ئاڵۆزیان كرد، دواجار خەریك بوو بەسەر كۆمەڵێك پێشمەرگەی بەستەزمانی بازگەكاندا ساغ بكرێتەوە، بۆیە ئێستا ئەو دۆسیەیە بێدەنگی لێكراوە".

بەپێی قسەی ماوەتی، لە سەرەتای هاتنی داعشەوە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 بۆ ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركووك و دیالە، لە هەردوو سلكی مەدەنی و سەربازی لە هەرێمی كوردستان، مامەڵە و بازرگانی لەگەڵ ئەو رێكخراوە كراوە كە دواتر دەوڵەتێكی ئیسلامی لە مووسڵ راگەیاند. ماوەتی دەڵێ‌: "بابەتەكە مەركەزی نەبوو، چەند پلەدارێكی پێشمەرگە و خەڵك لە سەرەتای هاتنی داعش نەوتیان كڕیوە و دیارە ئێرانیش زانیویەتی كە نەوتەكە هەرزانە، لەوانی كڕیوەتەوە، بۆیە بابەتەكە شەخسی بووە، ئەو مامەڵەیەش لە زۆربەی میحوەرەكان هەبووە".

بەپێی زانیاریی دەزگا ئەمنییەكانی باشووری كوردستان، داعش رۆژانە چل تانكەر نەوتی كە بە 10 هەزار بەرمیل دەخەمڵێنرا، دەفرۆشت، هەر تانكەرێكیش بە 12 هەزار دۆلار دەفرۆشرا، بەپێی زانیارییەكان 10 فەرماندەی پێشمەرگە لەو دۆسییە تێوەگلابوون، لیژنەی لێكۆڵینەوە بەڵگەی سەلمێنەری لەسەر ئەو كەسانە كۆكردبووەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش لیژنەیەكی تایبەتی لە وەزیرانی ناوخۆ، سامانە سرووشتییەكان و داد، ئاسایشی گشتیی هەولێر و سلێمانی و هەواڵگریی پێشمەرگە بۆ لێكۆڵینەوە لەو پرسە پێكهێنا.

دۆسیەكە لای وەزیری ناوخۆیە

د.شێركۆ جەودەت، پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند: "من و فرسەت سۆفی و رێواس فایەق بە جیا بەدواداچوونمان بۆ ئەو پرسە كرد، دواتر هەوڵەكانمان یەكخست و سەرۆكی پەرلەمان لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەی دروستكرد، لەگەڵ وەزیری ناوخۆ هاتینە سەرخەت و زانیاری و بەڵگەكانمان خستە بەردەستیان، دواتر وەزیری ناوخۆ وەڵامی بۆ ناردینەوە كە دیاردەكە كۆتایی هاتووە و 14 كەس تۆمەتیان ئاراستە كراوە".

د.شێركۆ جەودەت كە سەرۆكی لیژنەی سامانە سرووشتییەكانە لە پەرلەمانی كوردستان، هەروەها گوتی: "حكومەت ئامادە نەبوو زانیاری و ناوی ئەو كەسانەمان بداتێ كە لە بواری سووتەمەنی لە سنوورەكان لەگەڵ داعش مامەڵەیان كردبوو، پێیانگوتین هەتا تۆمەتەكە لە دادگا لەسەریان ساغ نەبێتەوە، ناوەكان ئاشكرا ناكەین".

(رووداو) پەیوەندی بە هەر یەك لە د.سامی جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری هۆشیاری و راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد. ئەوان دەڵێن دۆسیەكە لەلای كەریم شنگالی وەزیری ناوخۆ و پێشمەرگە بە وەكالەتە، ئەوان ئاگاداری رێكارەكان نین، بۆیە ناتوانن قسەی تێدا بكەن.

9 پلەداری پێشمەرگە تێوەگلاون

قادر رەزگەیی، بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی گوت، ئەو دۆسیەیە دانەخراوە، بەڵام دادگاكانیش بڕیاری كۆتاییان لە بارەی چارەنووسی تۆمەتبارەكان نەداوە، بەڵكو بە كەفالەت ئازاد كراون. 

ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ‌: "نۆ ئەفسەری وەزارەتی پێشمەرگە تۆمەتبار كرابوون بە مامەڵەكردن و بازرگانی لەگەڵ داعش. لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كرا و پەڕاوەكانیان رەوانەی دادگای سەربازی كرا، كۆمەڵێكی دیكەش كە زۆربەیان شوفێری تانكەر بوون، لەلایەن ئاسایشەوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ كراوە، هەموویان بە كەفالەت ئازادكراون، دۆسیەكە دانەخراوە، بەڵام دادوەرانی سەربازی و ئاسایش بڕیاری كۆتاییان نەدا".

قادر رەزگەیی وردەكاری لێكۆڵینەوەكانی لیژنەكەی ئاشكرا كرد و گوتی: "لیژنەكە نەیانتوانیوە هەندێك كەس بانگهێشت بكەن و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكەن، هەندێك ئەندامی لیژنەكە پێیانگوتم لەو دۆسیەیەدا ناوی چەندین كۆمپانیای گەورە هاتووە كە بازرگانیی نەوتیان لەگەڵ داعش كردووە، ئەوانیش بەهۆی دەستێوەردانی سیاسی لە ئاستی باڵا، نەتوانراوە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت".

جگە لە كوشتنی هەزاران كوردی ئێزدی و ئاوارەبوونی دەیان هەزاری دیكە لەلایەن داعشەوە، هێزی پێشمەرگە لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا 1824 شەهید و زیاتر لە 10 هەزار بریندار و 62 دیلی هەبووە، بۆیە مامەڵە و بازرگانی لەگەڵ داعش لەسەر ئاستی سیاسی و میللی دەنگدانەوەی زۆری هەبوو. شێركۆ جەودەت لەوبارەیەوە دەڵێ‌ "داوامان كرد بەپێی ماددەی چواری تیرۆر مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە بكرێ". بەڵام نەكرا و بەردێكی گەورەی لەسەر دانرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە