پارتی بۆ پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان چاوەڕێی یەكێتییە

30-01-2018
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن پارتی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی یوسف محەممەد
A+ A-

رووداو - هەولێر

پتر لە مانگێك بەسەر دەستلەكاركێشانەوەی د.یوسف محەممەد لە ئەندامێتی و سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیوە و هێشتا دەستلەكاركێشانەوەكەی نەخراوەتە دەنگدانەوە، پارتی چاوەڕێیە یەكێتی ئەو پۆستە پڕبكاتەوە، بەڵام دەستەوستانیی یەكێتی لە سازدانی كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی حیزبەكە، ئەو پۆستەی بە بەتاڵی راگرتووە.

رۆژی 26/12/2017 د.یوسف محەممەد سادق، دەستكێشانەوەی خۆی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان راگەیاند. دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان لە پۆستەكەی، دوای شەش رۆژ لە كشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە حكومەت هات، بەڵام تاوەكو ئێستا پەرلەمانی كوردستان دەستلەكاركێشانەوەكەی نەخستووەتە دەنگدانەوە.

بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند "دكتۆر یوسف لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەستی لەكاركێشاوەتەوە، ئەوە ئیشی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە بیخاتە دەنگدانەوە".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان رەخنە لە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەگرێت كە تاوەكو ئێستا دەستلەكاركێشانەوەكەیان نەخستووەتە دەنگدانەوە و دەڵێ‌ :"بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبوو بۆ دانیشتنی دواتر سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرێت".

بەپێی ماددەی 16 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی پەرلەمان بە نامەیەك دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەشی پەرلەمان دەكات، دوای ئەوەی بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند كرا، لە كۆبوونەوەی دواتری پەرلەماندا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران (50+1) كەسێكی دیكە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.
  سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی:نەخستنە دەنگدانی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆیە

ئەبوو كاروان، سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان نەخستنە دەنگدانی دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمانی بۆ ناكۆكی پارتی و یەكێتی گەڕاندەوە و ئەوەشی بە پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان وەسف كرد و بە (رووداو) گوت :"پارتی و یەكێتی نەیانشاردووەتەوە كە بەهۆی ناكۆكی و رێكنەكەوتن لەسەر بەدیلی دكتۆر یوسف، دەستلەكاركێشانەوەكەیان نەخستووەتە دەنگدانەوە، ئەمەش پێشێلكردنی پەیڕەوی ناوخۆیە".

لە دوای رووداوەكانی 12ـی ئۆكتۆبەر و رێگری لە گەڕانەوەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ هەولێر، پارتی هەوڵی لەگەڵ چەند لایەنێكی نێو پەرلەمان دا كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرن، بەڵام هیچیان بۆ ئەوە ئامادە نەبوون.

لە دوای كاراكردنەوەی پەرلەمان و پاشان درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، یوسف محەممەد ئامادە نەبوو بگەڕێتەوە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

ئەبوو كاروان دەڵێ‌: "وەكو حیزبی شیوعی ئامادەنین ئەو پۆستە وەربگرین، چونكە بەو شێوازە ئیشكردنەی ئەو پێنج لایەنە لە سەرەتای دامەزراندنی كابینەی هەشتەمی حكومەت و دابەشكردنی پۆستەكان رازی نین و نەبووین و رەخنە و تێبینی زۆرمان هەیە".

لە بۆشایی نەبوونی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا، رەخنە و سەرنجەكان زیاتر لەسەر پارتییە، بەڵام پەرلەمانتارێكی ئەو حیزبە ئەوە رەتدەكاتەوە و دەڵێ‌ "بژارەی یەكەم بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەیە لەلایەن یەكێتییەوە".

نازم هەركی، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی بە (رووداو)ی راگەیاند: "دەبێ‌ لەگەڵ لایەنەكان سەرەتا بگەینە رێككەوتن لەسەر ئەوەی كێ‌ بكرێتە سەرۆكی پەرلەمان، ئینجا دەستلەكاركێشانەوەی یوسف محەممەد بخرێتە دەنگدانەوە، چونكە ئەگەر بەدیلەكەی دیاری نەكرێت پەرلەمانی پەكیدەكەوێ، هەتا ئێستاش بژاردەی یەكەم بەلای پارتییەوە، وەرگرتنی ئەو پۆستەیە لەلایەن یەكێتییەوە، ئەگەر ئەوانیش وەرینەگرن، دواجار هەر دەبێ‌ كەسێك ئەو پۆستە وەربگرێ‌".

لە ماوەی رابردوودا پارت و فراكسیۆنەكانی كریستیان، توركمان و ئەرمەن لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەیی خۆیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دەربڕیوە، رۆمیۆ هەكاری، سكرتێری حیزبی دیموكراتی بەیت نەهرێن پێشتر بۆ (رووداو)ی ئاشكرای كردبوو كە لە رێگای نامەیەكی فەرمییەوە داوای لە پارتی و یەكێتی كردووە لە نێو ئەو 11 پەرلەمانتارەی كۆتاكان كەسێك تاوەكو كۆتایی ئەم خولە لە شوێنی یوسف محەممەد بكرێتە سەرۆكی پەرلەمان.

نازم هەركی دەڵێ‌ :"دەمانەوێ‌ كەسێك ببێتە سەرۆكی پەرلەمان كە هەڵەكانی رابردوو دووبارە نەكاتەوە، پۆستی سەرۆكی پەرلەمان گرنگ و هەستیارە، بۆیە دەمانەوێ‌ بە رێككەوتنی سیاسی ئەو پۆستە یەكلابكرێتەوە".
  سەركردەیەكی یەكێتی: باش نییە لەو ماوە كەمەی كە ماوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەرگرین


عەباس فەتاح، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن حیزبەكەی بۆ بڕیاری سیاسی و كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی گەڕاندەوە و بە (رووداو)ی گوت "پڕكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن یەكێتییەوە پێویستی بە بڕیاری سەركردایەتی و كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی باڵای پارتی و یەكێتی هەیە، هەر كاتێك بڕیاری سیاسی لێدراو رێككەوتنی لەسەر كرا ئەو كاتە هەنگاوە یاساییەكان ئاسانە، چونكە ئەو پرسە چەندی یاساییە، ئەوەندەش سیاسییە".

لە دانیشتنی رۆژی 24/10/2017 دا پەرلەمانی كوردستان بەزۆرینەی دەنگ ماوەی كاركردنی پەرلەمانی كوردستانی بۆ دوو خول درێژ كردەوە كە دەكاتە نزیكەی هەشت مانگ. ئەگەرچی پارتی داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكات، بەڵام یەكێتی داوای تەواوكردنی دوو خولەكە دەكات، هەرچی لایەنەكانی دیكەشن داوای هەڵبژاردن دەكەن، بەڵام بە مەرجی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن. دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی پەرلەمانی عێراق رۆژی 12/5/2018ی دیاری كرد بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بەمەش ئەگەرێكی زۆر بەهێز هەیە، هەڵبژاردنەكانی كوردستان بكەوێتە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو.

سەركردەیەكی یەكێتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی گوت "پارتی داوای لە ئێمە كردووە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرین، بەڵام مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاوەتەوە و سەركردایەتیش بە زەحمەت كۆدەبێتەوە. ئەگەر كۆشببێتەوە پرسی یەكلاكردنەوەی كۆنگرە بەلای یەكێتییەوە لەپێشترە، خواستێكی زۆریش لە نێو یەكێتی هەیە بەو ماوە كەمەی ماوە بۆ هەڵبژاردن باش نییە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرین، بە تایبەتی كە لە ماوەی رابردوودا ئەو پۆستە لای گۆڕان بووە".



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە