لەمەودوا هاووڵاتیانی كوردیش وەكو خەڵكی ئێران كە بە دۆمەینی ir، بەریتانیا بە دۆمەینی uk، عێراق بە دۆمەینی iq. یان توركیا بە دۆمەینی tr، دەبنە خاوەنی دۆمەینی تایبەت بە خۆیان بە دۆمەینی (krd).
كۆمپانیاكانی بواری ئینتەرنێت ئەم دۆمەینە تەنیا دەدەنە دەوڵەتەكان، بۆیە لە پێدانی دۆمەین، كوردستان حیسابی دەوڵەتی بۆ كراوە و هاووڵاتیانی كوردستان چیدی پێویستیان بە دۆمەینی ئازادی وەكو (net) و (com) نابێت.
ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیارییەوە دەیەوێت لە رێگەی زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردستان ئەو دۆمەینە تاقیبكاتەوە. لەمەودوا ماڵپەڕی هەر زانكۆ و پەیمانگەیەكی كوردستان بەم ناونیشانە كۆتاییان دێت (edu.krd).
هیوا ئەفەندی، سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری، وردەكاری چۆنیەتی بەدەستهێنان و كارپێكردنی ئەو دۆمەینەی بۆ (رووداو) روونكردەوە.
هیوا ئەفەندی گوتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1997 بۆیەكەمجار رێجیستەری بۆ دۆمەین كرد بۆ ئەوەی لە ئینتەرنێت هەبێت، لە كاتێكیشدا حكومەتەكانی دیكە بۆشایی ئینتەرنێتی تایبەت بەخۆیان هەبوو وەكوSE ، UK و TR". گوتیشی "هیچ یەكێك لە دامەزراوە، رێكخراو یان بازرگان و تاكەكانی هەرێمی كوردستان ئەو هەڵبژاردنەیان لەبەردەست نەبوو، كە كۆتایی دۆمەینێك هەڵبژێرن بەتەواوەتی ئەوان نیشانبدات، ئەمەش بۆ نەبوونی تۆپ لیڤڵ دۆمەین TLD دەگەڕایەوە كە دەتوانێت ئەو بۆشایی پێویستیان پێبدات، ئەوان دۆمەینی دیكەی ناسەرنجڕاكێشی وەكو NET. یان COM. یان هەبووە، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پاشگری دۆمەینی ORG .ی هەڵبژاردبوو".
هیوا ئەفەندی باسی گرنگی ئەو دۆمەینەی كرد و گوتی "بەم نزیكانە بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت لە سەرانسەری جیهان ئەدرێسی دۆت KRD كە دەبێتە یەكەم ناوی بۆشایی ئینتەرنێت بۆ كوردستان دەبینن. بۆ خاوەن پیشەكان (co.krd.)، بۆ بواری پەروەردەیی (edu.krd.) و حكومەتیش (gov.krd) بەكاردێنێت".
گوتیشی "بە بەكارهێنانی TLD تایبەت، هەرێمی كوردستان چەند سووودێك وەردەگرێ، وەكو بەرچاوكەوتن، نوێكاری، ئابووریی دیجیتاڵ و دەوڵەتێكی نوێی ئۆنلاین لە جیهاندا".
بەپێی ستانداردی جیهانی، هەرێمێكی وەكو كوردستان، كە هەتاوەكو ئێستا نەبووەتە دەوڵەت، بۆی هەیە ببێتە خاوەن دۆمەینی تایبەت بە خۆی؟ هیوا ئەفەندی لەوبارەیەوە دەڵێت "گرووپی ناو و ژمارە تۆماركردنی ئینتەرنێت ICANN سەرپەرشتی سیستمی ناونانی جیهانیی DNS دەكات و دان بەوەدا دەنێت كە TLD دەبێت زیاتر بكرێت بۆ ئەوەی نموونەی بازرگانیی نوێ بەهێزتر بكات. لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2011دا ICANN رێگەی بە دانانی پڕۆگرامی نوێی TLDدا. ویندۆی ئەپڵیكەیشنەكە لە 12ی كانوونی دووەمی 2012 كرایەوە. "فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری DIT" سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەلە جیهانییەی قۆستەوە و داوای دۆمەینی KRD ی بۆ كوردستان كرد".
لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2013 و دوای تێپەڕبوون بە چەندین تاقیكردنەوەیەك، هەرێمی كوردستان لەگەڵ ICANN مافی خۆی بۆ وەرگرتنی TLD بەناوی KRD وەرگرت.
لۆگۆی تۆپ لیڤڵ دۆمەینی KRD


.jpg&w=3840&q=75)

