رووداو دیجیتاڵ
جووتیارانی گوندی (گرک زۆباش) لە سنووری ناحیەی کەڵەکچی، گلەیی لە رێژەی قەرەبووکردنەوەیان دەکەن لە بەرامبەر گرتنەوەی زەوییەکانیان بۆ دابەشکردن بەسەر فەرمانبەراندا؛ لە بەرامبەریشدا بەڕێوەبەری ناحیەکە رایدەگەیێنێت کە بڕیارەکە بەپێی رێنماییەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانە و جووتیارانی ئەو گوندە سوودمەندی سەرەکی دەبن.
خدر یوونس، هاونیشتمانییەکی خەڵکی گوندی (گرک زۆباش)ـە لە ناحیەی کەڵەکچیی قەزای شێخان، بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، زەوییەکانی ئەوان نزیکەی 300 دۆنم زەویی کشتوکاڵیی بەپیتە و گرێبەستی کشتوکاڵییان هەیە. ئەو گوتی: "کێشەمان ئەوەیە حکومەت تەنیا رێژەی 3%ی بۆ قەرەبووی جووتیارەکان داناوە، لە کاتێکدا زەوییەکانی ئێمە دەکەونە سەر شەقامی سەرەکی و بەهایان بازرگانییە. داوا دەکەین هاوشێوەی هەردوو گوندی کەڵەکچیی سەروو و خواروو، قەرەبوو بکرێینەوە کە پێکدێن لە 200 بۆ 240 خێزان."
لە بەرامبەردا، هەڤاڵ ئاکرێی، بەڕێوەبەری ناحیەی کەڵەکچی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، پرسی قەرەبووکردنەوەی زەوییەکان بەپێی بڕیار و رێنماییە یاساییەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە و لە تەواوی هەرێمی کوردستان وەک یەک جێبەجێ دەکرێت، کە تێیدا رێژەی 3%ی زەوییەکە وەک قەرەبوو دەدرێتەوە بەو جووتیارانەی گرێبەستی کشتوکاڵییان هەیە.
سەبارەت بە جیاوازیی قەرەبووی گوندەکەی ئەوان لەگەڵ کەڵەکچیی سەروو و خواروو، بەڕێوەبەری ناحیەکە روونی کردەوە: "ئەو زەوییانەی بەسەر خەڵکی کەڵەکچیی سەروو و خواروودا دابەش کراون، چ پێوەندییەکی بە قەرەبووی جووتیارانەوە نییە؛ بەڵکو ئەو دوو گوندە لە رابردوودا 28 بۆ 30 گوند هێنرانە سەر زەوییەکانیان و بەکارهێنراون، بەڵام گوندی گرک زۆباش زەوییەکانیان هەر لە ژێر دەستی خۆیاندا بووە."
هەڤاڵ ئاکرێی رەتی کردەوە کە زەویی بازرگانی بە جووتیاران بدرێت و رایگەیاند، زەوییە بازرگانییەکان بەپێی یاسا تەنیا لە رێگەی زیادکردنی ئاشکراوە بۆ دابینکردنی داهاتی حکومەت دەفرۆشرێن. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە سنوورەکەدا نزیکەی 1,000 بۆ 1,200 فەرمانبەر مافی وەرگرتنی زەوییان هەیە، و لە قۆناخــی یەکەمدا قەرەبووی جووتیاران دەدرێت، پاشان ئەوەی دەمێنێتەوە بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.
بەڕێوەبەری ناحیەکە جەختی لەوەش کردەوە کە جووتیارانی گوندی گرک زۆباش زۆر سوودمەند دەبن و گوتی: "جووتیار هەیە بۆ 18 دۆنم زەویی کشتوکاڵی، 7 پارچە زەویی نیشتەجێبوونی پێ دەدرێت، کە نرخێکی زۆر باشیان لە بازاڕدا هەیە و چیدیکە بوار بۆ گلەیی نامێنێتەوە."
.jpg&w=3840&q=75)


