سێ بانکە فیدراڵییەکەی عێراق بۆ رووداو: ئاگاداری بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی نین

29-10-2024
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هەریەک لە بانکەکانی تی بی ئای، رافیدەین و رەشید، کە سێ بانکی حکومیی عێراقن بە رووداویان راگەیاند، ئاگاداری پڕۆسەی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران لە سلێمانی نین. سەرچاوەیەکی باڵاش لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "ئەو پڕۆسەیەی بە ناوی تەوتینەوە لە سلێمانی دەکرێت، هیچ دامەزراوەیەکی حکومی لێی ئاگادار و بەرپرسیار نییە".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2024، بانکەکانی تی بی ئای، رافیدەین و رەشید لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بابەتی دەستپێکردنی پڕۆسەی بەجێکردنی مووچەیان لە شاری سلێمانی رەتکردەوە و بێئاگایی خۆیان لەو پڕۆسەیە دەربڕی.
 
سەرچاوەیەک لە بانکی بازرگانی عێراق "تی بی ئای" بە رووداوی گوت: "کارکردنی ئێمە بۆ پڕۆسەی بە دیجیتاڵکردنی مووچەی فەرمانبەران تائێستا هەر لە چوارچێوەی هەژماری منە".
 
هاوکات ئەنجوومەنی کارگێڕی هەریەکە لە بانکی رافیدەین و رەشید بە رووداویان راگەیاند، "ئاگاداری پڕۆسەی بە جێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سلێمانی نین و هیچ نووسراوێکی فەرمییمان بۆ دەستپێکردنی ئەو پڕۆسەیە بەدەستنەگەیشتووە".
 
هاوکات سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو پڕۆسەیەی بە ناوی تەوتینەوە لە سلێمانی دەکرێت، نە ئیدارەی سلێمانی و نە هیچ دامەزراوەیەکی حکومی لێی ئاگادار و بەرپرسیار نییە، بەڵکو لە رێگەی لایەنێکی ناحکومییەوە دەکرێت".
 
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆ لە نووسراوێکدا کە وەڵامی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانە؛ ئاماژەی بەوە کردووە، "هەندێک دامەزراوە لە پارێزگای سلێمانی و هەندێک شوێنی دیکە، پێچەوانەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، دەستیان بە پڕۆسەیەکی دیکە کردووە بە ناوی (تەوتین) لە دەرەوەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان".
 
وەزارەتی ناوخۆ بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی راگەیاندووە، "ئاگادارتان دەکەین، جگە لە پڕۆژەی 'هەژماری من' هیچ کار و بەرنامەیەکی دیکەی بەدیجیتاڵکردنی مووچەی کەرتی گشتیی پەسندکراو نییە. کاری پێویست بکەن بە هاوکاریکردن و ئاسانکاری بۆ تیمەکانی 'هەژماری من' بۆ ئەوەی کارەکانیان تەواو بکەن".
 
بەگوێرەی نووسراوێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان. کە بۆ رووداو نێردراوە، لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەی ژمارە 13ـی چوارشەممە 02-08-2023 بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری، بڕیاری پڕۆژەی 'هەژماری من' دراوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان هۆشداری دایە بانکە بازرگانییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و رایگەیاند، "هەر کەسێک ئاستەنگ و رێگری بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی 'هەژماری من' دروست بکات، دووچاری لێپرسینەوە دەبێت".
 
سەرچاوەیەک لە پرۆسەی هەژماری من لە سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، کارمەندانی 'هەژماری من' لە بانکی رانیە کێشەیان نییە و لە کارەکانی خۆیان بەردەوامن، لە هەڵەبجە و چەمچەماڵ لە دوێنێوە دەستیان بەکارکردن کردووەتەوە، بەڵام لە بانکەکانی سلێمانی تاوەکو ئێستا رێگەیان پێنەدراوەتەوە کار بکەن.
 
ئەو سەرچاوەیە پێشبینکرد لە سبەیەوە لە بانکەکانی سلێمانیش دەستبەکار ببنەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە