رووداو دیجیتاڵ
لە رۆژی 3ی ئابەوە هاوبەشانی کارەبا دەتوانن قەرزی کارەبای پێش پرۆژەی رووناکی بە داشکاندنی 50٪ بدەنەوە و ماوەی دانەوەی قەرزەکەش 39 رۆژ دەبێت، تیمی پرۆژەی رووناکیش داوا دەکەن هاونیشتمانیان باشترە لە رێگەی ئی پسوولەوە قەرزەکانیان بدەنەوە. بۆ ئەوەی بە دووربن لە نۆرەگرتن و قەرەباڵغی لە فەرمانگەکانی فرۆشیاری وزە.
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا 50٪ی قەرزی کارەبای پێش رووناکی بۆ هاوبەشانی ماڵان کشتوکاڵی و 25٪ی قەرزی پشەسازی و بارزگانی و میری خۆش ببێت، بۆ ئەو هاوبەشانەی قەرزەکانیان دەدەنەوە، تیمی پرۆژەی رووناکی رایگەیاند، هاوبەشان دەتوانن لە 3ی ئابەوە تاوەکو 10ی ئەیلوول قەرزەکانیان بدەنەوە.
سەبارەت بە درێژکردنەوەی ماوەکە، تیمەکە رایگەیاند، ئەو داشکانە تەنیا بۆ یەکجارە و لە بەرنامەیاندا نییە ماوەکەی درێژ بکەنەوە، بەڵام سەیری کاردانەوە و بە دەمەوەهاتنی خەڵک دەکەن.
تیمی پرۆژەی رووناکی، هاوبەشانی کارەبا ئاگادار دەکاتەوە، کە سیستمی ئی پسوولە لە 30ی تەممووز تاوەکو 2ی ئاب دەوەستێت، تاوەکو بەرنامەکە ئەبدەیت دەکەنەوە، بە جۆرێک کە شێوازی پارەدانی 50٪ یان 25٪ی قەرزاکان لە سیستمەکە زیاد بکرێت، واتە ئەگەر هاوبەشێک 100 هەزار دینار قەرزی لەسەر بێت تەنیا دوای ئەوەی نیوەی پارەکەی دەداتنیوەی پارە قەرزەکەی بۆ دەسڕێتەوە. پارەکەش دەبێت بە یەکجار بدات.
قەرزەکە کێ ناگرێتەوە؟
بەگوێرەی تیمی رووناکی، ئەو کەسانەی فیدەری تایبەت بە خۆیان هەیە، ئەو قەرزە نایانگرێتەوە، کە زۆرتر کارگە و کۆمپانیا گەورەکان دەگرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی کارەبا (پێش پرۆژەی رووناکی) زیاتر لە یەک تریلیۆن و 900 ملیار دینارە، نیوەی ئەو قەرزە لەلای هاوبەشانی ماڵانە.
ئایا هاوبەشان ئامادەن قەرزەکانیان بدەنەوە؟
بەپێی ئەو راپرسییانەی لەلایەن پرۆژەی رووناکی کراون، بەشێکی زۆری ئەو هاووڵاتیانەی قەرزیان لەسەرە دەڵێن، ئەگەر داشکاندنی باشیان بۆ بکرێت، یان قەرزەکەیان بۆ بکرێتە قیست ئامادەن قەرزەکەیان بدەنەوە.
تیمی پرۆژەی رووناکی رایانگەیاند، لە رێگەی کۆڵ سەنتەری بۆچوونی زیاتر لە 800 کەسیان وەرگرتووە، کە قەرزی کارەبایان لەلایە، 85٪یان دەڵێن ئامادەن قەرزی کارەبا بدەنەوە.
هەروەها بە گوێرەی راپرسییەکی دیکە کە لە رێگەی کۆمپانیایەکی تایبەت بە راپرسی کراوە و زیاتر لە 3200 کەس بەشداریان کردووە، 75٪ی بەشداربووان دەڵێن، ئامادەن قەرزی کارەبا بدەنەوە، ئەگەر داشکاندنیان بۆ بکرێت.
هاوبەشان بە ئی پسوولە پارەی کارەبا دەدەن
ئێستا هاوبەشانی کارەبا بە سێ شێواز پارەی کارەبا دەدەن، پارەدانی ئەلیکترۆنی لە رێگەی ئی پسوولە، فەرمانگەکانی فرۆشیاری وزە و کارمەندانی کۆکردنەوەی پارەی کارەبا.
تیمی پرۆژەی رووناکی دەڵێن ئێستا خەڵک زۆرتر لە رێگەی ئی پسوولەوە پارەی کارەبا دەدات، بۆ نموونە لە هەولێر 90٪ی هاوبەشانی کارەبا لە رێگەی ئی پسوولەوە پارەی کارەبا دەدەن. لە سێلمانی رێژەکە لە نێوان 50٪ تاوەکو 55٪ەقەرە دهۆکیش رێژە لە سلێمانی زیاترە.
تیمی پرۆژەی رووناکی رێنمایی هاووڵاتیان دەکات، لە جیاتی ئەوەی بچن لە فرۆشیاری وزە نۆرە بگرن، باشترە لە رێگەی ئی پسوولەوە قەرزەکانیان بدەنەوە. هەروەها دەڵێن، قەرزی پێش رووناکی بە هیچ شێوەیەک لەلایەن ئەو کارمەندانە کۆناکرێتەوە، کە پسوولەی کارەبا دەبەنە بەردەم شوێنی هاوبەشان.

.jpg&w=3840&q=75)