پارێزگاری دهۆک: هیچ کێشەیەکی ئەمنی و سیاسی لە بانگەشەکردن رووینەداوە

29-09-2024
مالیک محەممەد
 عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پارێزگاری دهۆک دەڵێت: جگە لە چەند سەرپێچییەکی کەم، هیچ رووداوێکی نەخوازراو لەم چەند رۆژەی بانگەشە رووینەداوە.

عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لیژنەی ئەمنیی پارێزگا کردووە، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی بانگەشەی هەڵبژاردن کرا، تاوەکو ئێستا هیچ رووداوێک و کێشەیەکی سیاسی و ئەمنی لە پارێزگای دهۆک رووینەداوە، تەنیا چەند سەرپێچییەک تۆمارکراون کە دڕاندنی پۆستەر یان لادانی بووە و، هەندێکیان رەنگە رەشەبا هۆکار بووبێت."
 
گوتیشی، "هەر پۆستەرێک لە شوێنی رێپێنەدراو دانرابێت یان ببێتە رێگر لەبەردەم هاتووچۆی خەڵکی، ئەوا لیژنەکانمان لێپێچینەوە لە بەربژێرەکە دەکەن، بەڵام تەنیا چەند حاڵەتێکی کەم لەو جۆرە تۆمارکراون و چەند بەربژێرێکیش سزا دراون، هەرکەسێکیش پۆستەر بدڕێنێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."
 
پارێزگاری دهۆک دەڵێت، "سەرکەوتنی هەڵبژاردن سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانە، ئێمە وەکو دامودەزگا حکومییەکانی پارێزگاکە کارمان سەرخستنی پڕۆسەکەیە، داوا لە هاونیشتمانییان دەکەین ئەوانەی لایەنگری حیزب و لایەنێکی دیاریکراون، لە کاتی بانگەشە یان دەربڕینی خۆشی نەبنە هۆی بێزارکردنی خەڵک."
 
عەلی تەتەر ئاماژەی بەوەش دا، "هەندێک بەربژێر هەن لەجێی دەستخۆشیکردن لە دەزگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان کە هاوکاری ئەوان دەکەن بە ویستی خۆیان بانگەشە بکەن، دەبینین سووکایەتی و قسەی نابەجێ بە حکومەت و دامودەزگەکانی دەڵێن، بەڵام ئێمە بە سینگ فراوانییەوە قبووڵمان کردووە، چونکە دەزانین کاتی بانگەشەیە و هەر لایەنە و بەجۆرێک دەیکات، بەڵام ئەگەر هەر بەوجۆرە بەردەوام بن لەو سووکایەتییانە ناچارین رێکاری یاسایی بەرامبەریان بگرینەبەر."
 
20ـی تشرینى یەکەم بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریکراوە، دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت بەڕێوەدەچێت. بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ماوەی 20 رۆژ بەردەوام دەبێت، واتە تاوەکو رۆژی 15ـی ئۆکتۆبەری 2024.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە