ئاگرێکی گەورە لە شاخی گۆیژە کەوتەوە و کۆنترۆڵکرا

20 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگرێکی گەورە لە شاخی گۆیژە کەوتەوە و بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە 200 دۆنم سووتاوە. قایمقام و بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە رووداویان گوت، ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە.
 
بەهۆی رەشەباوە ئاگرەکە زۆر تەشەنەی کرد و رووبەرێکی فراوانتری لە دارستان و پووش و پاوانی شاخەکە گرتەوە.
 
 
 
پێشەوا بەختیار، پەیامنێری رووداو لە شوێنی ئاگرەکە ئاماژەی بەوە کرد، کارمەندەکانی بەرگریی شارستانی لە هەردوو بەشی سەر و خواری چیاکەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن. هەروەها بەهۆی ئاگرەکەوە سەدان داری سرووشتی کە ساڵانێکە خزمەت دەکرێن، سووتاون.
 
مانگی ئەیلوولی 2019 ئاگرێکی گەورە لە شاخەکە کەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر دارەکانی سووتان، لەدوای ئەو ئاگرە نەمامی دیکە لە شاخەکە چێندران، بەڵام بەهۆی ئاگرەکەی ئەمڕۆوە بەشێکی زۆری ئەو نەمامانەش سووتاون.
 
تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە دیار نییە.
 
ئاوات محەممەد، قایمقامی سلێمانی دڵی پڕ و گریانەوە باسی لەوە کرد، کە رووبەرێکی زۆر لە شاخی گۆیژە سووتاوە. "نازانم بڵێم چی، ساڵانێکی زۆرە لەلایەن کۆمپانیاکان و تیمەکانی دارستان و پاوان و لایەنەکانی دیکەوە هەوڵی پاراستنی ئەم دارستانە دەدرێت، بەڵام لەپڕ ئاگرێک دروست دەبێت و دەسووتێت. نازانین هۆکارەکەی چییە."

قایمقامی سلێمانی باسی لەوەشکرد، هەوڵی زۆریان داوە بۆ رێگری لەو رووداوانە و ئاگربڕی زۆر کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانین هۆکارەکەی چییە. بەشێکی زۆر لەو دارانەی سووتاون ئەوانەن کە لە چوار ساڵی رابردوو خزمەتکراون و ئاو دراون. 

 
ئەو دارانەی سووتاون، بەڕوو، سنۆبەر و چەند جۆرێکی دیکەن. قایمقامی سلێمانی گوتی، "هەموو جۆرە دارێکی تێدایە."
 
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانیش بە رووداوی راگەیاند، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان زیاتر لە 200 دۆنم زەوی لە شاخی گۆیژە سووتاوە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاخەزێکی دەنگدان لە هەڵبژاردنێکی پێشوو.

کۆمیسیۆن پێنج کاخەزی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسندکرد

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران پێنج نموونەی سەرەتایی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسندکرد، هەر پارێزگایەک لە پارێزگاکانی هەولێ، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، نموونەی کاخەزی تایبەت بەخۆیان هەیە، جگە لەوەش نموونەیەکی کاخەزەکە بۆ دەنگدانی تایبەت دەبێت."