هەپەگە: لە خەلیفان چەند هەڤاڵێکمان شەهید بوون

29-07-2021
سەرباز سیامەند
نیشانەکردن پەکەکە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، رایدەگەیێنێت هێزێکیان لە ناوچەی خەلیفانی سەر بە پارێزگای هەولێر گەماڕۆدراوە و هەندێک لە ئەندامانی هێزەکەیان "شەهید بوون". بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگەش دەڵێت: "پەکەکە هێرشی کردووەتە سەر بازگەیەکی پێشمەرگە."
 
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە ئەمڕۆ پێنجشەممە 29-7-2021 رایگەیاند: دەستەیەکی بچووک لە گەریلاکانیان ویستوویانە لە ناوچەیەکەوە بچنە ناوچەیەکی دیکە، دوای ئەوەی گەیشتوونەتە ناوچەیەکی خەلیفان، لە 26ی تەممووزەوە پەیوەندییان لەگەڵ ئەوان پچڕاوە.
 
هەپەگە دەڵێت: "بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە راگەیاندنەکاندا لێدوانیان داوە، کە لە خەلیفان رووداوێک روویداوە. لەبارەی چارەنووسی ئەو هەڤاڵانەمانەوە نیگەرانین. ئەوە هیچ مانایەکی نییە، کە دەستەیەک، کە تەنیا بەوێدا دەڕۆن گەمارۆ بدرێن و هێرش بکرێتە سەریان. ئەو دۆخە قبوڵ ناکرێت. لەوە تێدەگەین، کە هەڵوێستێکی وەها تەنیا خزمەت بە دوژمنانی گەلی کوردستان دەکات."
 
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هەپەگە داوا لە هێزەکانی ناوچەکە دەکات چارەنووسی ئەو هەڤاڵانەیان بۆ ئاشکرا بکەن و دەڵێت: "پێش ئەوەى زۆر گوشار لە سنوورەکانی دان بە خۆداگرتن بکرێت، چاوەڕێین پەدەکە لەبارەی چارەنووسی ئەو هەڤاڵانەوە بۆ ئێمە و رای گشتی، نەک بە چەواشەکارانە و پێچەوانە، بەڵکو بەشێوەیەکی دروست زانیاری بڕواپێکراو و متمانەپێکراو بڵاوبکاتەوە".
 
بەڵام بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەکاتەوە هێرشیان کردبێتە سەر گەریلاکانی پەکەکە و دەڵێت بە پێچەوانەوە ئەوان هێرشیان کردووە.
 
عەمید عوسمان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕ میدیایی رووداوی راگەیاند:"ئەوان هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی پێشمەرگە. وەکو جارانی پێشووتر ئەوان دەیانەوێت هێزەکانی پێسمەرگە لە شەڕێک بگلێنن کە خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە نییە."
 
رۆژی 26ی تەمموز، فەریقى یەکەم جەمال ئێمنیکى، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە، بە (رووداو)ی راگەیاند : "لە نێوان خەلیفان و بێخمە، ژمارەیەک گەریلای پەکەکە تەقەیان لە بازگەیەکی پێشمەرگە کردووە و پێشمەرگەش وەڵامی داوەتەوە". سوپاسالاری پێشمەرگە گوتیشی: "لە ئەنجامی ئەو رووداوە، زیان هەیە."
 
هەپەگە لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "بەپێی زانیارییەکانمان، کە لە خەڵکی خۆجێی ناوچەکەوە بە دەستمان هێناوە، هێزەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئەو دەستەیە لە گەریلاکانیان گەمارۆداوە و هێرشیان کردووەتە سەریان و هەندێک لە هەڤاڵانمان شەهید بوون. ئەو ناوچەیە لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە گەمارۆ دراوە، رۆیشتن بۆ ئەو ناوچەیە قەدەخە کراوە و هیچ زانیارییەک لەوبارەیەوە دەست ناکەوێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی رێگەکە کە پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە

پارێزگای هەولێر: دووسایدکردنی رێگەی کۆیە – هەولێر کەوتە واری جێبەجێکردنەوە

پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوژمەی زیاتر لە 560 ملیار دینار، پڕۆژه‌ی دووسایدی هه‌ولێر - كۆیه‌ كه‌وته‌ واری جێبه‌جێكردنەوە.