رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر بۆ یارییەکەی سبەی یەکشەممە بەرامبەر یانەی ئەیوب سپۆر کە لە یاریگەی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، بە رێککەوتن لەگەڵ ئەیوب سپۆر، بلیتی یانەی میوانیشی فرۆشتە هاندەرانی خۆی.
لە گەڕی دەیەمی خولی یانە پلە نایابەکانی تورکیا (سوپەرلیگ)، ئامەدسپۆر سبەی یەکشەممە 1-11-2026 لە یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی ئەیوب سپۆری ئیستەنبووڵ دەکات.
ئەمڕۆ شەممە ئامەدسپۆر سەبارەت بە شوێنی تایبەت بە هاندەرانی یانەی میوان راگەیێندراوێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند:"دوای گفتوگۆکانمان لەگەڵ یانەی ئەیوب سپۆر و لایەنی پەیوەندیدار، بڕیاردرا کورسیی تایبەت بە هاندەرانی یانەی میوانیش بۆ هاندەرانی خۆمان تەرخان بکەین".
ئامەدسپۆر کاژێر 3ی دوای نیوەڕۆ بلیتی شوێنی هاندەرانی یانەی میوانی خستە بازاڕاوە، ئەمە دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەو هاندەرانەی کە بلیتیان بەرنەکەوتبوو.
یانەی ئامەدسپۆر لە خولی سوپەرلیگی تورکیادا بە شێوەیەکی کاتی لە پلەی دووەمە. یانەی گاڵاتاسارای لە 10 یاریدا 25 خاڵی کۆکردووەتەوە و پلەی یەکەمی گرتووە.
هەروەها یانەی ئامەدسپۆر لە نۆ یاریدا 20 خاڵی کۆکردووەتەوە و بە شێوەیەکی کاتی پلەی دووەمی گرتووە.
یارییەکەی ئامەدسپۆر و ئەیوب سپۆر لە یاریگەی دیاربەکر بەڕێوەدەچێت کە تایبەتە بە یانەی دیاربەکر سپۆر.
دیاربەکرسپۆر و ئامەدسپۆر دوو یانەی جیاوازن و هەردووکیان نوێنەرایەتیی پارێزگای ئامەد دەکەن.
یانەی دیاربەکرسپۆر، لە 24-6- 1968 دامەزراوە و رەنگی درێسەکەی سوور و سەوزە. ئێستا یانەی دیاربەکرسپۆر لە خولی یانە پلە سێیەکانی تورکیا یاری دەکات.
لە کۆی 18 تیپی کۆمەڵەی سێیەمی خولی یانە پلە سێیەکاندا لە پلەی 16یە.
لە کۆی هەشت یاری تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە، شەش یاریی دۆڕاندووە و لە یارییەکیشدا یەکسان بووە.

