رووداو - دیجیتاڵ
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، پێشەنگی دابینکاری خزمەتگوزارییەکانی
پەیوەندیکردن و دیجیتاڵی لە عێراق، 5 خەڵاتی (ستیڤی)ـی بۆ نایابیی تەکنەلۆژی بۆ ساڵی
2026 وەرگرت.
خەڵاتەکان پێکهاتبوون لە دوو خەڵاتی زێڕین، دوو
خەڵاتی زیوین و خەڵاتێکی بڕۆنزی لە بوارە جیاوازەکانی ژیری دەستکرددا، کە لە رێوڕەسمێکدا
لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەخشران.
لە میانی ئەو رێوڕەسمەدا کە 28ی تشرینی یەکەمی
2026 بەڕێوەچوو، رێز لە هەوڵی ئەو تیمە داهێنەرانە نرا کە لە پشت سەرکەوتنی داهێنانە
ناوخۆییەکانی ئاسیاسێڵەوەن لە عێراق. دەستکەوتەکانی کۆمپانیاکە لە بوارەکانی خزمەتگوزاریی
بەشداربووان بە پشتیوانیی ژیریی دەستکرد، باشترکردنی ئەزموونی بەشداربووان و پەرەپێدانی
ئیکۆسیستەمێکی یەکگرتووی ژیریی دەستکرد بۆ کەرتی پەیوەندییەکان، لەلایەن لێژنەی
داوەرانەوە بەرز نرخێنران.
خەڵاتەکانی ئاسیاسێڵ:
* خەڵاتی زێڕین: بۆ لەیلا، (یاریدەدەری ژیریی دەستکردی ئاسیاسێڵ) و سیستەمی +CEI بۆ پێوانەکردنی ئەزموونی بەشداربووان.
* خەڵاتی زیوین: بۆ پڕۆژەی لەیلا.
* خەڵاتی بڕۆنزی: بۆ پەرەپێدانی ئیکۆسیستەمی یەکگرتووی ژیریی دەستکرد لە
بەشی (کۆمپانیای ساڵ – ژیریی دەستکرد).
عامر سوناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ گوتی:
"ئەم پێنج خەڵاتە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن لەسەر توانست و بەهرەی تاکی عێراقی
لە پەرەپێدانی چارەسەرەکانی ژیریی دەستکرددا. ئێمە سەلماندمان کە داهێنان بۆ عێراق
تەنیا هاوردە ناکرێت، بەڵکو لێرەشەوە بەرهەم دەهێنرێت و چیدیکە لە کێبڕکێی تەکنەلۆژیدا
دوا ناکەوین."
ئەم دەستکەوتانە لە دوای پڕۆسەیەکی هەڵسەنگاندنی
وردەوە بوون کە زیاتر لە 180 پسپۆڕی نێودەوڵەتی لە سەرانسەری جیهانەوە تێیدا بەشدار
بوون. ئاسیاسێڵ لەسەر ئاستی جیهانی توانیویەتی پێگەی عێراق لەسەر نەخشەی تەکنەلۆژیای
جیهان بەهێزتر بکات.
ئاسیاسێڵ کە زیاتر لە 20 ملیۆن بەشداربووی هەیە
و تۆڕەکەی 99.06%ی دانیشتووانی عێراق دەگرێتەوە، بە فراوانترین تۆڕی مۆبایل لە عێراق
دادەنرێت و لە کانوونی دووەمی 2015ـەوە وەک باشترین دابینکاری خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت
دەستنیشان کراوە.
