رووداو دیجیتاڵ
لە چیای جوودی، کە دەکەوێتە پارێزگەی شرنەخی باکووری کوردستان، جەردەڤانان دەستیان داوەتە بڕینەوەی دار بۆ سەربازگەکانی تورکیا.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا، لە ناوچەی بەستای تیکەریا لە چیای جوودی سەر بە شرنەخ جەردەڤان (جاش) لە رۆژی سێشەممەوە هەڵمەتێکی بڕینەوەی داری ناوچەکەیان دەستی پێکردووە. بەوهۆیەشەوە سروشتیی ناوچەکە تێکدەدەن.
بەگوێرەی زانیارییەکان سەرۆکی جەردەڤانانی شارۆچکەی سێگرکێ (شەنۆڤا)ی ناوچەی قلەبان سەرپەرشتی ئەو کارە دەکات و رۆژانە 70 کەس خەریکی بڕینەوەی دارن. لە رۆژێکدا نزیکەی 400 دار دەبڕنەوە. دواتر دارە بڕاوەکان بە 30 تراکتۆر دەگوازنەوە بنکەیەکی سەربازی لە شارۆچکەی سێگرکێ.
بەپێی هەمان سەرچاوە لەو ناوچانەی دارەکان دەبڕدرێنەوە ناوچەی ئەمنی تایبەتی سەربازین. پار ساڵیش دار ناوچەکانی گورارشت، گەڕا رووڤیا، شکرا کەرا و بانێ عەلی سەر بە گوندەکانی جنافێ، نەرەخ، گلندۆر، نێڤاڤا، سۆربتنێ، بێشێرێ، گوندکێ رەمۆ بڕدراون.
رۆژی 27ی ئایاری 2021 تۆڕی میدیایی رووداو راپۆرتێکی لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیا لە سنووری ئامێدی بڵاوکردەوە و تێیدا رێڤنگ هروری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "لەو شوێنانەی کە تورکیا سەربازی خۆی جێگیر دەکات دارەکان دەبڕن و سرووشتی گوندەکان لەنێو دەبەن."
هەروەها ئەمڕۆش فەهیم عەبدوڵڵا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆک رایگەیاند تورکیا چەند ساڵێکە لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی تورکی رێککەوتووە بۆ ئەوەی دارستانەکانی ناوچەی شەڕ لە باشوور لە سنووری دەرکار، سندی و گولیا ببڕنەوە، بەو بیانووەی بوونەتە پەناگەی گەریلاکانی پەکەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ