رووداو- كرماشان
هونەرمەندی کورد شارام نازری دووای 10ساڵ گەڕایەوە زێدی خۆی و كۆنسێرتێكی سازكرد. ئەو ئاوازێكی پێشكەشكرد كە موچڕکی خستە سەر لەشی ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە و هەستی نەتەوەی وروژاندن و لەبەرامبەردا ترس و لەرزی خستە پەیکەری لایەنە بناژۆخوازەکانی دەسەڵات.
کرماشان گرنگییەکی تایبەتی لە جوگرافیای سیاسی کوردستاندا هەیە و حکومەتەکان بەردەوام زۆرترین هەوڵیانداوە بۆ تواندنەوەی ئەو شارە . کۆنسێرتی نازری زەنگی مەترسییەک بووە بۆ بناژۆخوازان و تەندرەوانی ناو دەسەڵات .
رەجا نیوز، ماڵپەڕی نزیک لە بناژۆخوازەکانی ناو سوپای پاسداران سەبارەت بەو کۆنسێرتە نووسیویەتی "شارام نازری لە کۆتایی کۆنسێرتی ئەم دوواییانەی لە کرماشان، ئاوازێکی پێشبینی نەکراو و جێی سرنجی پێشكەشكرد" .
لە درێژەدا سەبارەت بەو کۆنسێرتە و ناوەڕۆکی ئاوازەکان دەڵێت " شارام نازری کۆنسێرتەکەی بە ئاوازی من مناڵی کورد فارسی نیيەزانم ، کۆتايی پێهێناوە. ئەو ئاوازە نەتەوەخوازانە و دژی پارسییەی نازری، کەشێکی تایبەتی لە کۆنسێرتەکەدا خوڵقاندووە .
یەکێکی دیکە لە ئاوازەکانی نازری "کوردستان گەر تۆنەبی تاجی شاهیم بۆ چیە؟ " بووە .
ئەوە یەکەم کاردانەوەی لایەنەکانی دەسەڵات بووە سەبارەت بە کۆنسێرتی نازری لە کرماشان، بەڵام رەنگە دووایین کاردانەوە نەبێت .
شارام نازری لە دایکبووی شاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و وەک خۆی دەڵێت یەکەم مامۆستاکانی دایک و بابی بوونە و ئێستا یەکێک لەناودارترین هونەرمەندانی کوردە لەسەر ئاستی جیهان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ