تیمی هەژماری من: ئەمریکا پێی گوتین مووچەی پێشمەرگە لە رێگەی بانکە حکومییە عێراقییەکانەوە نادەین

29-04-2024
ئارێز خالید
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"یان گوتووە، "ئەگەر دابەشکردنی مووچە لەڕێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە بێت، ناتوانن چیدی پارەی هاوکاریی مانگانەی پێشمەرگە بنێرن."
 
ئەمریکا مانگانە 15 ملیۆن دۆلار وەکو هاوکاری و بۆ مووچەی پێشمەرگە دەنێرێت، پێشتر ئەو بڕە مانگانە 25 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو و سەرەتای ئەم ساڵەوە بڕی هاوکارییەکانی کەمکردەوە.
 
تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هۆکاری ئەوەی ئەمریکا لەڕێگەی بانکەکانی رەشید و رافیدەینەوە هاوکاریی پێشمەرگە ناکات، ئەوەیە کە ئەو دوو بانکە سیستمی بانکیی جیهانیدا نین، واتە ناتوانن دۆلار حەواڵە بکەن و دۆلاریشیان بۆ بێت."
 
سەبارەت بە بەجێکردنی (تەوتینی) مووچە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بە تیمی پڕۆژەی "هەژماری من"یان گوتووە، "چەند بانکێک لە لیستی رەشی ئەمریکان، دۆلاریان پێنادرێت و پێویستیان بەوەیە چوار بۆ پێنج ساڵ کار بکەن تاوەکو بتوانن لە لیستی رەشی ئەمریکا بێنە دەرەوە و دۆلاریان پێبدرێت."
 
 
وەک تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" بۆ رووداوی ئاشکرا کرد، "هەر مووچەخۆرێکیش لەڕێگەی ئەو بانکانەوە هەژماری بانکی بکاتەوە، دواتر ناتوانێت لە دەرەوەی وڵات دۆلار لە هەژمارەکەی رابکێشێت و ناشتوانێت دۆلار حەواڵە بکات."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە