رووداو- هەولێر
ئەندامێكی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی رایگەیاند كە ئەنجوومەنی كۆمسیاران بە تێكڕای دەنگ بڕیاریان داوە بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە داتا و ژمارەكانی پسوولەی خۆراكی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ببەسترێ.
جووتیار عادل گوتیشی كە ئەو تۆمارە رۆژانە نوێ دەكرێتەوە و پاك دەكرێتەوە "پاشان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕێی وەزارەتەكانی تەندروستی، ناوخۆ، پێشمەرگە و داد تۆمارەكە پاك دەكەینەوە لە ناوی دووبارە، وەهمی و مردووان، دواتر دەیخەینە بەردەم رای گشتی و حیزبەكان".
گۆڕان: كارەكانی پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران باش رۆیشتووە

هەر سەبارەت بەو پرۆسەیە، كارزان گەردی، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕٍان بە (رووداو)ی گوت: "رێكارەكانی كۆمیسیۆن بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران بە باشی دەڕۆن، بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە، تاوەكو ئێستا وەڵامی نووسراوەكانی كۆمسیۆنی نەداوەتەوە بۆ دەرهێنانی ناوی دووبارە و وەهمی و مردوو".
ئەگەرچی ئۆپۆزیسیۆن رەخنە لە پارتی و یەكێتی دەگرن و پێیانوایە ئەوان لە پشت پاكنەكردنەوەی تۆماری دەنگدەرانەوەن، بەڵام ئەوانیش دەڵێن لەگەڵ پاككردنەوەی تۆمارەكەن.
بڕیار رەشید، گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتی بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئێمە لەگەڵ تۆمارێكی دەنگدەرانی پاكین كە دەستەبەری هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە بكات، ئەوە ئیشی كۆمسیۆن و حكومەتە ئەو تۆمارە خاوێن بكەنەوە".
هەر لەوبارەوە ڤیان سابیر، یاریدەدەری بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە (رووداو)ی گوت: "ئێمە پشتیوانیی كۆمسیۆن دەكەین بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، بەڵام پرۆسەكە ئاسان نییە و ئاستەنگی گەورەی لەبەردەمە. وەزارەتی تەندروستی ناوی مردووانی بۆ كۆمیسیۆن ناردووە، وەزارەتی بازرگانیش لە رێگای پسوولەی خۆراكەوە ئەو چوار لەدایكبووەی كە مافی دەنگدانیان هەیە بۆ كۆمسیۆن دەنێرێ، دەتوانم بڵێم كارەكانی كۆمسیۆنی كوردستان لەوەی عێراق باشترە، چونكە ئەوان پشت بە بایۆمەتری دەبەستن".
حیزبەكان ژمارەی جیاواز دەڵێن
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەست (رووداو) كەوتووە، 6343 ناو لە تۆماری دەنگدەراندا هەن كە داتاكانیان 100% هەڵەیە. 96 هەزار و 258 دەنگدەر ناوی سیانی و ساڵی لەدایكبوونیان وەكو یەكە، زۆربەشیان دەنگدەری تایبەتن، وەك پێشمەرگە و هێزەكانی پۆلیس كە لە دەنگدانی گشتیش ناویان هەیە. 786 دەنگدەریش وەكو سەرۆكی خێزان هەژماركراون، بەڵام هیچ ئەندامێكی خێزانیان نییە.
ئەندامێكی كۆمسیۆن: یەكێتی داوای كردووە كۆمیسیۆنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بكات
بەڵام بەرپرسانی گۆڕان، یەكگرتوو، كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری ژمارەی زۆر لەوە زیاتر دەخەنەڕوو.
رۆژی 7/1/2018، سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان كە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری نزیكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا گوتی 900 هەزار ناوی ساختە و دووبارە لە تۆماری دەنگدەراندا هەیە، بەڵام بەهزاد زێباری، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، باس لە 615 هەزار ناو دەكات، هەرچی هاوژین عومەر، بەرپرسی ناوەندی هەڵبژاردنی كۆمەڵی ئیسلامیشە، باسی 500 هەزار ناو دەكات. وریا ئەحمەد، ئەندامی ژووری هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەڵێت: "زیاتر لە 600 هەزار ناو هەیە لەو لیستەدا كە ئێمە تێبینیمان لەسەریان هەیە و پێمانوایە زیادەن و دەبێت لاببرێن".
بەڵام یاریدەدەری بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دەڵێ: "هێشتا زووە قسە لەسەر ژمارەی دەنگی مردوو و دووبارە بكەین، هەر كاتێك كۆمیسیۆن پرۆسەكەی تەواو كرد، ئەو كات لایەنەكان دەتوانن رەخنە و قسەی خۆیان لەسەر دوایین تۆماری دەنگدەران بكەن".
كۆمسیۆن 105 رۆژی پێویستە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رۆژی 17/12/2017 بە نووسراوێك داوای لە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد رۆژی هەڵبژاردن دیاری بكات كە ماوەی سێ مانگ تێپەڕ نەكات. خواستی پارتی ئەوە بوو هەڵبژاردنەكانی كوردستان پێش ئەوەی عێراق بكەوێ، بەڵام یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەگەڵ ئەوە نەبوو.
بڕیار رەشید، گوتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنەكانی یەكێتی دەڵێ: "هەڵوێستی یەكێتی روونە، نە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنە نە لەگەڵ پێشخستنی. لەگەڵ ئەوەین دوای تەواوبوونی تەمەنی یاسایی پەرلەمان، هەڵبژاردن بەڕێوەبچێ".
پارتی: پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران پرۆسەیەكی ئاڵۆزە

جووتیار عادل، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی دەڵێ: "دوای گەڕانەوەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆڕبەندی داڤۆس، كۆمسیۆن، حكومەت و پەرلەمان كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی بۆ دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن دەكەین". گوتیشی: "لە رۆژی دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردنەوە، 105 رۆژمان پێویستە بۆ ئامادەسازییەكانی ئەو پرۆسەیە".
بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكانیش كۆمسیۆن داوای 29 ملیار دیناری كردووە، حكومەت 10 ملیار دیناری خستووەتە سەر حیسابی كۆمیسیۆن، بڕیاریشە لە ناوەڕاست و كۆتایی پرۆسەكە بە دوو بەش، پارەكەی دیكەش بخرێتە سەر هەمان حیساب.



