رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، زۆترین رۆنی زەیتوون لە تورکیاوە هاوردە دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێگەی حەوت کارگەوە رۆژانە نزیکەی 110 تۆن رۆنی زەیتوون بەرهەم دەهێندرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 28-12-2024، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی ئابووریی رووداو بوو و تێیدا گوتی، لە تورکیا، ئێران، رووسیا و ئۆکرایناوە رۆن هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، بەڵام رۆنی زەیتوون زۆرترینی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێت.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە باکووری کوردستان و تورکیادا 189 ملیۆن دار زەیتوون هەن و ساڵانە ئەو ژمارەیە لە زیادبووندایە. زۆرترین دار زەیتوون دەکەونە پارێزگای ئایدنی رۆژئاوای تورکیا.
سەرۆکی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "رووسیا و ئۆکراینا خاوەنی باشترین جۆری رۆنن لە جیهاندا".
بە گوێرەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆی حەوت کارگە، لە وەرزی پێگەیشتنیدا رۆژانە نزیکەی 800 تۆن زەیتوون لە باخەوانانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت و دەکرێت بە رۆن.
جگە لەو ناوچانەی کە ساردن، تەواوی خاکی هەرێمی کوردستان بۆ رواندنی زەیتوون شیاوە. نزیکەی 1350 باخەوانیش لەو بوارەدا کاردەکەن.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان لە بارەی کوالێتی رۆنی زەیتوونی نێوخۆ گوتی: "کوالێتی زۆر باشە، بەڵام هێشتا خواستی بازاڕی نێوخۆی بە تەواوی پڕنەکردووەتەوە تاوەکو دەست بە هەناردەکردنی بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ