رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی هەر پێنج پارێزگاکەی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان و ئەو گرتەڤیدیۆیانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە، لە شارەکانی ورمێ، خۆی، مهاباد، میراوا و پیرانشاری سەر بە پارێزگای ورمێ و شارەکانی سنە، مەریوان، سەوڵاوا، قوروە و کامێران لە پارێزگای سنە لافاو دروستبوو.
لە پارێزگای کرماشان، لە شارەکانی سەحنە، پاوە و شاری کرماشان و لە شارەکانی چەوار و ناوەندی شاری ئیلام لە پارێزگای ئیلام لافاو دروستبوو؛ هەروەها بارانی بەلێزمە لە شارەکانی خوڕمئاوا، بروجێرد، ئەلیگودەرز، پوڵدوختەر، سپیدەشت و دوروود لە پارێزگای لوڕستان بووە هۆی دروستبوونی لافاو.
لوڕستان
ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، ئیحسان کەرەمزادە، جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە لە کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆنترۆڵی قەیرانی پارێزگاکە رایگەیاند: "رێگەی هاتووچۆی نزیکەی 170 گوند بەهۆی لافاو و داڕمانی تاشەبەردەوە داخراوە و 90 گوندیش کارەبایان بڕاوە، بەڵام سەرجەم رێگە سەرەکییەکانی پارێزگاکە کراوەن."
کەرەمزادە جەختی لەوەش کردەوە کە سەرجەم تیمەکانی رێگەوبان، شارەوانی، قایمقامیەت و فریاگوزاری لە ئامادەییدان و لەسەر هێڵن بۆ کردنەوەی رێگەی گوندەکان و چارەسەرکردنی کێشەی کارەباکەیان.
جێگری پارێزگای لوڕستان دەڵێ، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەگەری ئەوە هەیە بارانبارین تاوەکو 24 کاژێری داهاتوو لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام بێتل هۆشداریش دەداتە هاونیشتمانییان، خۆیان لە چوونە نزیک رووبار و رێڕۆ ئاوییەکان بەدووربگرن و نەچنە ناوچە شاخاوییەکان.
قودرەتوڵڵا وەلەدی، قایمقامی بروجێردیش ئەمڕۆ رایگەیاند، لە شەش گوندی ئیسلامئاوا، قەڵعەنوێ حەکیمی، وەرکۆ، کەنارڤەند، تەنگەی محەممەدحاجی و کەپرجودکی کە دەکەونە باشووری شارەکە، مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە.
قایمقامی بروجێرد دەڵێ، بەهۆی مەترسی رۆچوونی زەوی بڕیاری چۆڵکردنی گوندی تەنگەی محەممەدحاجی دراوە کە لە 16 ماڵ پێکدێ.
بەهۆی لافاو و بەربوونەوەی تاشەبەرد لە رێگەی هێڵی ئاسنی تاران-باشووری ئێران لە سنووری شاری دورود، رێگەکە ئێوارەی رۆژی شەممە بۆ ماوەیەکی کاتی داخرا.
نەسروڵڵا فەخر مەجدیان، قایمقامی دورود رایگەیاند، بەهۆی داخرانی هێڵەکەوە هەزار و 200 سەرنشینی شەمەندەفەریان لە رێگەی پاس و مینی پاسەوە بۆ شوێنی مەبەست گواستووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە کەشناسیی پارێزگای لوڕستان، ئاماری بارانبارینی چەند شار و ناوچەیەکی ئەو پارێزگایەی بڵاوکردەوە. بەهرۆز مورادپوور، بەڕێوەبەری کەشناسیی لوڕستان رایگەیاند، لە سێ رۆژی رابردوودا زیاترین بارانبارین لە سنووری پارێزگاکە لە ناحیەی شولئاوای ئەلیگودەرز بووە و 227.7 ملیمەتر باران لەو ناحیەیە باریوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری کەشناسیی لوڕستان، لە ناوچەی سپیدەشتی خوڕمئاوا 197 ملیمەتر، لە شاری ئەلیگودەرز 103.8 ملیمەتر، ئەزنا 100.5 ملیمەتر، دوروود 77.5 ملیمەتر و لە بروجێرد 45.3 ملیمەتر باران باریوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی پارێزگاکەش رایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە دەوامی سەرجەم قوتابخانەکان راگیرا و کرایە ئونلاین.
پارێزگای ورمێ
لە رۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین لە پارێزگای ورمێ دەستی پێکردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ دەڵێ، زۆرترین باران لە شاری سەردەشت بووە کە 39 ملیمەتر باران لە سنووری شارەکە باریوە، هەروەها لە پیرانشاریش 19 ملیمەتر باران باریوە.
بارینی بارانی بەخوڕ لە شارەکانی ورمێ، خۆی، مهاباد، میراوا و پیرانشار بووە هۆی پەنگخواردنەوەی ئاو لە شەقامەکان و بەهۆیەوە بۆ ماوەیەکی کاتی ئاستەنگی هاتۆچووی لێکەوتەوە.
هەروەها لە چەندین گوندی سەر بە شاری خۆێ لافاو دروستبوو و زیانی گەیاندە ماڵ و موڵکی هاونیشتمانییان، بەڵام تاوەکو ئێستا بە فەرمی زیانەکان بڵاونەکراونەتەوە.
بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە مهاباد، پردی گوندی "گامێشان" لە ناوچەی خەلیفان رووخا و رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی گوندەکە داخرا.
رەحمەت نەویدینیا، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رێگەوبان و گواستنەوەی مهاباد، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبار، پردی گوندی گامێشان رووخاوە و بەهۆیەوە رێگەی سەرەکیی هاتووچۆی دانیشتووانی گوندەکە بە تەواوی پچڕاوە.
حەیدەر عەزیری، سەرپەرشتی کشتوکاڵ لە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوكاڵی پارێزگای ورمێش لەبارەی ئەگەری لافاوی زیاتر و زیانی زەوییە کشتوکاڵییەکان هۆشداری دەداتە جووتیاران.
بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ورمێ، لە رۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین رووی لە ناوچەکە کردووە و زۆربەی شارەکانی باشوور و بەشێکی باکووری پارێزگاکەی گرتووەتەوە، پێشبینیش دەکرێت کاریگەرییەکانی ئەم شەپۆلە بارانبارینە تاوەکو ئێوارەی رۆژی دووشەممە بەردەوام بێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هەروەها دەڵێت، لە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممەوە ئەگەری بارینی بەفر لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکە هەیە.
پارێزگای سنە
لە رۆژی شەممەوە بارینی باران لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
بەهۆی بارینی بارانی بەلێزمەوە، لە شارەکانی سنە، مەریوان، سەوڵاوا، قوروە و کامێران لە پارێزگای سنە لافاو دروستبووە.
زیاترین کاریگەریی بارانبارین لە شارەکانی سنە و مەریوان بووە. لە شاری سنە، بارینی باران بووە هۆی دروستبوونی لافاو و پەنگخواردنەوەی ئاو لە سەر شەقامەکان و ئاستەنگی هاتۆچووی لێکەوتەوە.
لە شاری مەریوانیش پەنگخواردنەوەی ئاو لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەکان، بووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی بۆ هاتۆچووی ئۆتۆمبێل و هاونیشتمانیان.
رامین مەحموودی، جێگری بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای سنە رایگەیاند، تیمەکانیان بە 135 ئامێری تایبەت لە ئامادەییدان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێک و لە ئەگەری داخستنی رێگەکان، هەوڵ دەدەن بە زووترین کات بیانکەنەوە.
پارێزگای کرماشان
کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە بارانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێکردووە، پارێزگای کرماشانیشی گرتەوە.
لەو پارێزگایە، بەهۆی بارینی باران لە شارەکانی سەحنە، پاوە و ناوەندی شاری کرماشان لافاو دروستبوو. هەروەها لە ناوەندی شاری کرماشان، بەهۆی بارانبارینی زۆر و پەنگخواردنەوەی ئاو لەسەر شەقامەکان، لە گەرەکەکانی شارەوانی، ئیلاهیە، جەعفەرئاباد وچەند شوێنێکی دیکە ئاستەنگی بۆ هاتۆچووی ئۆتۆمبێل و هاونیشتمانیانی لێکەوتەوە.
سەعید قادری، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کرماشان شەوی شەممە رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە، ئاو چووەتە نێو دوو ماڵ، چوار دوکان و ناوەندێکی تەندروستی و تیمەکانیان لەو ناوچانە هاوکاریی زیانلێکەوتووان دەکەن.
بە گوتەی سەعید قادری، بەهۆی بەردەوامیی کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە، مەترسیی روودانی لافاو لە چەند کاژێری داهاتووشدا هەیە، بۆیە تیمەکانیان لە ئامادەیی تەواودان.
عەبدوڵڵا کەنجووریان، قایمقامی شاری سەحنەش رایگەیاند، تیمەکانی رێگەوبان، شارەوانی، قایمقامیەت و فریاگوزاری خڕاونەتە دۆخی ئامادەییەوە.
لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی بەردەوامیی بارانباراین، رۆچوونی زەوی و داڕمانی تاشەبەردەوە، رێگەی ملەی تەتە لەسەر رێگەی پاوە-مەریوان لە ناوچەی هەورامان داخرا.
محەممەد فەڵاح، بەڕێوەبەری رێگەوبانی پارێزگای کرماشان ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، "بەهۆی بارودۆخی ئێستا و بەمەبەستی رێگریکردن لە روودانی هەر جۆرە رووداوێکی نەخوازراو، هاتۆچوو لە سنووری ملەی تەتە تا کاتێکی نادیار راگیرا و هاووڵاتیان دەتوانن وەکو جێگرەوە رێگەی پاوە، سەوڵاوا-مەریوان بەکاربهێنن."
پارێزگای ئیلام
لە پارێزگای ئیلامیش لە رۆژی هەینییەوە باران دەبارێت و بەهۆیەوە لە شاری چەوار و ناوەندی شاری ئیلام لافاو دروستبوو.
لە ناوەندی شاری ئیلام، بەهۆی لافاوەوە ئاوێکی زۆر لەسەر شەقامەکان کۆبوویەوە و ئاستەنگی هاتۆچووی لێکەوتەوە. هەروەها ئاو چووە نێو چەندین ماڵ و دوکانی هاونیشتمانیان، بەڵام هێشتا زیانەکان بە فەرمی رانەگەیێندراون.
بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە تاوەکو رۆژی دووشەممە بەردەوام دەبێ و ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەگەری بارینی بارانی زیاتر هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتیی کۆنتڕۆڵی قەیرانی پارێزگاکە، دەوامی سەرجەم قوتابخانەکان لە هەموو شارەکان بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە راگیرا و خوێندن بەشێوەی ئونلاین دەبێت.
کەشناسیی پارێزگای ئیلام ئاماری بارانبارینی 24 کاژێری رابڕدووی بڵاوکردەوە و بەگوێرەی ئامارەکە، زیاترین باران لە شاری ئەیوان بە 61 ملیمەتر، چەرداوڵ بە 54 ملیمەتر و ناوەندی شاری ئیلام بە 28 ملیمەتر بووە.
بەپێی ئامارەکە، لە شاری هەلیلان 21 ملیمەتر، سیروان 19 ملیمەتر، مەلەکشا 18 ملیمەتر و دەرەشار 10 ملیمەتر باران باریوە.



