رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ، بۆ تاوتوێکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق، شاندێکی حکومەت گەیشتە بەغدا.
لە راگەیێندراوەکەدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە 08-11-2026 بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "بە مەبەستی بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2027، شاندی باڵای دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "شاندەکە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کۆدەبێتەوە، بۆ خستنەڕووی تێبینییەکانی سەبارەت بە بڕگەکانی رەشنووسی پڕۆژەکە و جێگیرکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و شایستەکانی مووچەخۆران".
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی کاتی سەردانەکەوە دوێنێ بە رووداوی گوت: "بڕیارە رۆژی سێشەممە 10-11-2026 پڕۆژەیاسای بودجە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا تاوتوێ بکرێ تاوەکو بنێردرێت بۆ پەرلەمان، بۆیە دەبێت شاندی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەو کاتە پرسی بودجە لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە."
جەمال کۆچەر گوتی: "ئەگەر تاوەکو ئەو کاتە پرسەکە یەکلایی نەبێتەوە، پڕۆژەکە بێ رەزامەندیی هەرێمی کوردستان دەنێردرێ بۆ پەرلەمان کە ئەمەش باش نییە و لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستاندا نییە، بۆیە سەردانی شاندەکە بۆ ئەوەیە پێش سێشەممە ئەو بابەتە یەکلایی بکەنەوە."
لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی 2027، پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7% دانراوە، بەڵام ناردنی پشکەکە بە چەند مەرج و پابەندییەکەوە بەستراوەتەوە، لە سەروویانەوە رادەستکردنی نەوت و داهاتە نانەوتییەکان.
هاوکات میکانیزمێک بۆ چارەسەرکردنی قەرزە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی 2004 تاوەکو 2026 لەنێوان هەولێر و بەغدا دانراوە کە بڕەکەی بە 12 تریلیۆن و 775 ملیار دینار خەمڵێندراوە و بڕیارە لە سێ ساڵدا چارەسەر بکرێن، لەگەڵ ئەو قەرزانەی هەرێمی کوردستان کە لای بانکی بازرگانیی عێراق (TBI) هەیەتی.



