شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ: خۆمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکەین

28-11-2023
هیدایەت جان
شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیستمانی کوردستان.
شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیستمانی کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ رەتیدەکاتەوە هیچ بەرنامەیەک هەبێت بۆ بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک. هەروەها دەڵێت، لە پاش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکەن.
 
سکاڵا لە دادگەی فیدراڵیی عێراق تۆمارکراوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دوابخرێت.
 
رۆژی سێشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2023، شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیستمانی کوردستان بە هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووکی راگەیاند، "هیوادارین هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت، لەبەرئەوەی 18 ساڵە هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نەکراوە؛ بۆیە بۆ خزمەتکردنی ئەم شارە و خەڵکەکەی ئەم هەڵبژاردنە گرنگە".
 
شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ دەڵێت، "بەرنامەکە بەو شێوەیەیە کە هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت و ئێمە تاوەکو ئێستاش بەردەوامین لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و بە هەموو شێوازێکیش تێدەکۆشین بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە بکرێت".
 
ئەم گوتەیە لەکاتێکدایە، دوو بەربژێری عەرەب و تورکمان لە کەرکووک لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵایان دژی تۆماری دەنگدەرانی کەرکووک تۆمار کردووە و داوا دەکەن هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک دوابخرێت.
 
سکاڵایەکیان لەلایەن سەفوەت ساڵح بەنا، بەربژێری بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراقەوە تۆمارکراوە و داوادەکات، دادگەکە کۆمیسیۆن پابەند بکات بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە کەرکووک تاوەکو ئەو کاتەی تۆمارێکی وردی دەنگدەران دەکرێت. سکاڵای دووەم لەلایەن نەجاح حەسەن تائی، بەربژێری هاوپەیمانیی قیادەی سوننەکان تۆمارکراوە و هەمان داواکاری هەیە.
 
رۆژی 4-12-2023 دادگەکە بۆ ئەو مەبەستە دادەنیشێت. 
 
لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ دەڵێت، "کاتێک لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆبووینەوە، گوتمان هیچ کێشەیەکمان نییە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن. ئێستا ئامادەکاری دەکەین بۆ هەڵبژاردنی کەرکووک و لەدوای ئەو هەڵبژاردنەش بە هەمان شێوە بۆ سەرخستنی لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خۆمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکەین".
 
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای بەستنی کۆنگرەی پێنجەم سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشێکی دیکە لە لایەنەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی کرد. دوێنێ دووشەممە وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە سەر کارەکەی. شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ دەڵێت، "تەنیا کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی وەزیری پێشمەرگە نەبووە، بەڵکو زۆر کێشەی دیکە هەن کە بریتین لە خزمەتگوزاری، بەڕێوەبردن، پرسی دارایی و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد. هیوادارین ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکە".
 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی چارەسەری گرفتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گوتی، "زۆر کێشەی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق هەن کە ئێمە ساڵانێکە بەدەستیانەوە دەناڵێنین. ئەو کێشانەش تەنیا دەبێ بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن و ئەوەش پێویستی بە یەکڕیزیی نێو ماڵی کوردە".
 
شاڵاو کۆسرەت رەسووڵ ئاماژە بەوە دەکات، "ئەگەر ئێمە هاودەنگ بین، لەوانەیە لە بەغداش باشتر گوێمان لێ بگیرێت، بەڵام بەداخەوە هۆکار هەبووە کە یەکڕیزیی نێوماڵی کورد وەکو پێویست نەبێت".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."