پەیامێک لە حکومەتەوە بۆ ئەو کەسانەی رێگری لە "هەژماری من" دەکەن: دەبێت سزا بدرێن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی وەزارەتی داد - داواکاری گشتی، وەزارەتەکانی ناوخۆ و دارایی کردووە رایگەیاندووە، "هەر بەڕێوەبەری بانکێک، یان ئەفسەر و پۆلیسێک رێگری لە کارمەندانی (هەژماری من) بکات، سزا بدرێت." داواکاری گشتی بە فەرمی داواکەی گەیاندووەتەوە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە.
 
نووسراوەکەی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران کە ژمارە 5171 و واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی لەسەرە، تێیدا هاتووە، "پشتبەست بە پەسندکردنی ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەی (هەژماری من) پڕۆژەیەکی گشتگیر و بەردەوامە لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیران."
 
دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران سێ خاڵی ئاراستەی هەر سێ وەزارەتەکە کردووە و ئەمە دەقەکەیەتی:
 
یەکەم: وەزارەتی دارایی و ئابووری تاکە لایەنی تایبەتمەندە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دیاریکردنی شێوازی دابەشکردنی مووچە، کاری پێویست ئەنجام بدات بە وەرگرتنی رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر بە بەڕێوەبەری ئەو بانکانەی رێگری دەکەن لە کارمەندانی (هەژماری من) بۆ راییکردنی کارەکانیان؛ یان هەر بەرپرسێکی دیکەی حکومی، پشتبەست بە هەردوو مادەکانی 4 و 5 لە یاسای بەرزەفتکردنی فەرمانبەری دەوڵەت و کەرتی گشتیی ژمارە 14ی ساڵی 1991.
 
دووەم: وەزارەتی ناوخۆ رێکاری پێویست ئەنجام بدات بەگوێرەی حوکمەکانی یاسای سزاکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ژمارە 14ی ساڵی 2008 بە لێپرسینەوە و سزادانی ئەفسەران و کارمەندانی پۆلیس کە رێگری دەکەن لە کارمەدانی (هەژماری من) بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان.
 
سێیەم: وەزارەتی داد - سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی، رێکاری پێویست ئەنجام بدات بەپێی حوکمەکانی یاسای داواکاری گشتیی ژمارە 159ی ساڵی 1975ی هەموارکراو و پشتبەست بە هەردوو مادەی 231 و 240 لە یاسای سزاکان، ژمارە 111ی ساڵی 1969 بە جووڵاندنی داوای سزایی بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانەی رێگری لە کارمەندانی (هەژماری من) دەکەن بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لەلایەن حکومەتەوە.
 
لە وەڵامی ئەو نووسراوەدا، وەزارەتی داد – داواکاری گشتی، بە ناونیشنانی "نهێنی و بەپەلە" لەسەر رێگری لە کارمەندانی پڕۆژەی (هەژماری من) نووسراوێکی ئاراستەی فەرمانگەکانی داواکاری گشتیی لە سلێمانی، هەڵەبجە، راپەڕین و گەرمیان کردووە.
 
لە نووسراوەکەدا کە ژمارە 68ـی لەسەرە هاتووە، "سەبارەت بە رێگری لە کارمەندانی (هەژماری من) لە سنووری فەرمانگەکانیان سکاڵای سزایی و رێکاری یاسایی پێویست بگرنەبەر دژی هەر کەس و لایەنێک رێگری دەکات لە کارکردنیان بە پێی مادەکانی (240 – 231 – 232 – 329) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو، وە هەر مادەیەکی دیکەی یاسایی گونجاو".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ مەسعود حەیدەر، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک کە بەناوی (روونکردنەوە لەسەر 'هەژماری من' و تەوتین) بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "هەژماری من و تەوتین یەک پرۆسەن و بەبانکیکردنی مووچەیە، لە کەرتی گشتی بێت یان کەرتی تایبەت؛ لە بانکە حکومییەکان یان بانکی تایبەت."
 
بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بە دەستووری عێراق کردووە و دەڵێت، "بەگوێرەی مادەکانی 117 و 121ی دەستوور، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسە لە بەڕێوەبردن و حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان، هیچ دامودەزگایەکی فیدراڵی ناتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ دانیشتووان یان مووچەخۆری هەرێمی کوردستان بکات."
 
مەسعود حەیدەر باسی لە بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەسەر مووچە کردووە و رایگەیاندووە، "دادگەی باڵای فیدراڵی مووچە و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دوورخستووەتەوە لە هەموو گرفتێک و حکومەتی فیدراڵی پەیوەست کردووە بە خەرجکردنی وەکو هەموو دامودەزگاکانی دیکەی عێراق."
 
لە بەشێکی دیکەی نووسراوەکەیدا بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، "پێویستە هەندێک حزب و لایەن لە هەرێمـ[ـی کوردستان] ئەم بابەتە بەدووربگرن لە ململانێی سیاسی. پێدانی مووچە تەنیا لە رێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دەبێت."
 
هەژماری من پڕۆژەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران.
 
بەگوێرەی بەرپرسانی پڕۆژەکە بۆ رووداو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 هەزار کەس تۆمار کراون، ئەم مانگە 153 هەزار کەسیان بە کارتی ئەلیکترۆنی مووچەی مانگی رابردوویان وەرگرت و ئەوانی دیکەش هێشتا کارتەکانیان نەگەڕێندراونەتەوە.
 
تاوەکو ئەمڕۆ 219 ئامێری راکێشانی پارە کە بە (ATM) ناسراون لە 71 شوێنی جیادا لە هەرێمی کوردستان دانراون.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە