چۆن تۆمەتبارەکە چووەتە زانکۆی سەلاحەدین و راگری کۆلێژی یاسای کوشتووە؟

28-06-2022
رەنجە جەمال
رەنجە جەمال
زانکۆی سۆران لەبارەی دەرکردنی تۆمەتبارەکەوە: بەهۆی گزیکردنەوە لە زانکۆ دەرکراوە
زانکۆی سۆران لەبارەی دەرکردنی تۆمەتبارەکەوە: بەهۆی گزیکردنەوە لە زانکۆ دەرکراوە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین بە دەستی خوێندکارێکی زانکۆ بە پێنج گوللە بریندارکرا و گەیێندرایە نەخۆشخانەی ئیمرجێنسی هەولێر، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. 
 
د. عیزەدین ئیسماعیل، برای د. کاوان ئیسماعیل گوتی، "کێشەمان لەگەڵ هیچ کەسێک نییە، داوا دەکەین یاسا سەروەربێت، زانکۆی سەلاحەدین و سەرۆکایەتیی و مامۆستایانی زانکۆکە خاوەنی کەیسەکەن، هیوادارین لێکۆڵینەوەی تەواوبکرێت کە ئەوە بۆ روویداوە." 
 
بکوژ لە دیوی پشتەوەی کۆلێژی یاسا، بەسەر دیوارەکەدا ئاودیوی ژوورەوە بووە، دوای تەقەکردن لە د. کاوان ئیسماعیل، بەسەر دیوار دێتە دەرەوە و دەچێتە گوندی زانکۆ کە چەند 100 مەترێک لە کۆلێژی یاساوە دوورە، لەوێش د. ئیدریس حەمەخان دەکوژێت. 
 
بکوژ لەنێو ئۆفیسەکەی تەقە لە د. کاوان دەکات، دوای ئەوە د. ئیدریس حەمەخان، لەسەربانی ماڵە دراوسێیەکی کە هەوڵی خۆدەربازکردنی دەدات، دەکوژێت. 
 
بکوژی د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین و د. ئیدریس حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاری هەمان زانکۆ، ئاراس مەهدییە کە چوار ساڵ پێش ئێستا خوێندکاری قۆناخی یەکەمی کۆلێژی یاسای زانکۆی سۆران بوو. 
 
رووداوەکە لێکەوتەی کێشەیەکی سێ ساڵ پێش ئێستایە، بەجۆرێک بکوژ کێشەی هەبووە لەگەڵ مامۆستاکەی بەناوی نیشتیمان عوسمان کە دەکاتە هاوژینی د. ئیدریسی کوژراو، وەک بەرپرسانی زانکۆی سۆران دەڵێن، بەهۆی گزی و کەوتنی بووە لە وانەی د. نیشتیمان و چەند جارێکیش هەڕەشەی لە مامۆستاکەی و بەرپرسانی زانکۆکە کردووە، دوای دەرکردنی لە زانکۆی سۆران، بکوژ هەوڵیداوە بگوازرێتەوە زانکۆی سەلاحەدین، بەڵام ئەو زانکۆیەش بەهۆی ئەوەی لە دۆسیەکەی نووسراوە "سەرەرۆیە" وەرینەگرتووە، دوای ئەوە ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا فەرمانی گەڕانەوەی بۆ زانکۆی سۆران دەردەکات، بەڵام ئەو فەرمانەش جێبەجێ ناکرێت. 
 
د. ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، "کێشەکە چارەسەرکراوە، لە 29ـی مانگی 3 کێشەکە هاتە نێو ئەنجوومەنی وەزارەت، لە ئەنجوومەنەکە لەسەر داوای هەردوو زانکۆی سۆران و سەلاحەدین بڕیاردرا.. کێشەکە ئەوەبوو کە ئەو خوێندکارە لە زانکۆی سۆران گواسترابووەوە، ئێمەش لە ئەنجوومەن بڕیارماندا کە بگەڕێتەوە کۆلێژەکەی خۆی، بۆ ئەو قۆناخەی خۆی کە تێیدا وەستاوە، دیارە ئەوەی قبوڵ نەبووە و ئەو کارەساتەی لێکەوتووەتەوە." 
 
پەیامنێری رووداو چووەتە ماڵی بکوژەکە، براکەی پێش هەر قسەیەک گوتی، یاسا سەروەربێت، بەڵام تۆمەتی قۆپیەکردنی براکەشی لە زانکۆ رەتدەکاتەوە. 
 
قاسم مەهدی، برای تۆمەتبارەکەیە و دەڵێت، "خۆزگە چەکەکەی منی کوشتبا، برایەکانمی کوشتبا کە ئەندازیار و پارێزەرن، بەس ئەو بەڕێزانەی شەهید نەکردبایە.. براکەم دوای کەیسەکە تووشی نەخۆشی خەمۆکی بوو، نەخۆشە و دوایین بەڵگە و پشکنینەکانیش هەن کە نەخۆشە."      
 
هەر لە رووداوەکەدا عادل عەزیز، یەکێک لە پاسەوانەکانی کۆلێژی یاساش برینداربوو، ئێستا لە نەخۆشخانەی ئیمرجێنسییە و باری تەندروستی جێگیرە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە