رووداو دیجیتاڵ
لە ئەنجامی تەقینەوەی کوورەی کارگەیەک لە شاری شائابادی سەر بە پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، کەسێک گیانی لەدەستدا کە خەڵکی چینە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2026، فەرهاد شابازی، قایمقامی شائاباد رایگەیاند: "کاژێر 16:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، کوورەی کارگەی فێرۆئالیاژ لە ناوچەی پیشەسازیی دووی شائاباد تەقییەوە."
قایمقامی شائاباد گوتیشی: "بەهۆی تەقینەوەکەوە چوار کەس بریندار بوون، بەڵام یەکێکیان کە بەڕێوەبەری کارگەکە بوو و بە رەچەڵەک خەڵکی چینە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا."
بە گوتەی فەرهاد شابازی، لەنێو سێ بریندارەکەی دیکەشدا کەسێکیان هەر خەڵکی چینە و سەرجەمیان ئێستا لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە کە رۆژی رابردوو، دادپزیشکیی پارێزگای کرماشان لە ئامارێکدا بڵاویکردەوە؛ لە شەش مانگی رابردوودا 23 کرێکار لەو پارێزگایە بەهۆی رووداوەکانی کارەوە گیانیان لەدەستداوە و 377 کرێکاری دیکەش بریندار بوون.



