زانکۆی سەلاحەدین وردەکاریی رووداوی کوشتنی دوو مامۆستاکە دەخاتەڕوو

28-06-2022
کۆشش بێستانسووری
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

زانکۆی سەلاحەدین وردەکاریی رووداوی کوشتنی دوو مامۆستای ئاشکرا دەکات و دەڵێت، تۆمەتبارەکە "له‌ ئه‌نجامی پێشینه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌كی گواستنەوەی به‌ر له‌ دووساڵ" ئه‌مڕۆ هه‌ڵیكوتاوەتە سه‌ر‌ ئۆفیسی راگری كۆلێژی یاسا و ماڵی مامۆستایەکی دیکەی كۆلێژی ئه‌ندازیاریی زانکۆکە و له‌ ئه‌نجامدا هه‌ردووكیانی کوشتووە.
 
بەپێی راگەیێندراوی زانکۆی سەلاحەدین، رووداوەکە لە زانکۆکە کاژێر 08:15 خولەکی بەیانیی ئەمڕۆ بووە و تۆمەتبارەکە هەڵیکوتاوەتە سەر ئۆفیسی راگری کۆلێژی یاسا و "دێی نوێی زانکۆ" کە مامۆستایانی زانکۆی سەلاحەدین تێیدا نیشتەجێن.
 
زانکۆی سەلاحەدین دڵنیایی داوە لەوەی پرۆسه‌ی خوێندن به‌ردەوام ده‌بێت و گیانی مامۆستایانیان پارێزراوه‌ و دەشڵێت، "سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م ده‌زگا ئه‌منییه‌كان خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ی وردن له‌م رووداوه‌ كاره‌ساتباره‌ بۆئەوەی تاوانبار به‌ سزای یاسایی بگه‌یێندرێت."
 
ئەو کەسەی مامۆستاکانی کوشتووە کێیە؟
 
تۆمەتبارەکە خوێندکارێکی زانکۆی سۆران بووە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "کێشەیەکی هەبووە و فەسڵ کراوە و لێرەش [لە زانکۆی سەلاحەدین] وەرنەگیراوە؛ هەربۆیە جگە لەم دوو مامۆستایە، هەڕەشەی لە کۆمەڵێک مامۆستا کردووە، لادەرێکە لە یاسا و دەکەوێتە بەردەمی یاسا."
 
هاوڕێیەکی زانکۆی تۆمەتبارەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکە ناوی "ئ. م. ق"ە و دانیشتووی ناحیەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێرە، پێشتر دەستگیرکراوە، بەڵام ماوەیەکە بە کەفالەت ئازادکراوە.
 
محەممەد فەقێ عەبابەکر، پارێزەر لە دادگەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، ئەو تۆمەتبارە چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە دادگەی سۆران دادگایی کراوە، بەڵام "لەبەردەم دادوەردا بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی لە چەندین مامۆستای زانکۆ کردووە، لەنێویاندا مامۆستا نیشتمان، هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان."
 
د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین بەیانیی ئەمڕۆ لە زانکۆکە هێرش کرایەسەری و بریندار کرا، دوای بریندارکردنیشی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
دوای هێرشکردنە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین، تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و ئەویشی کوشتووە. لەبارەی دەنگۆی رفاندنی د. ئیدریس عیززەت حەمەخانەوە پارێزگاری هەولێر گوتی، "نەڕفێندراوە و هەڵیکوتاوەتە سەری و کوشتوویەتی."
 
دەقی راگەیێندراوی زانکۆی سەلاحەدین:
 
به‌ناوی خودای گه‌وره‌ و میهره‌بان  
 
به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ڕێككه‌وتی ۲۸ ی ٦ ی ۲٠۲۲ كاتژمێر ۸:۱٥ ده‌قیقه‌ی به‌یانی، قوتابییه‌ک هه‌ڵده‌كوتێته‌ سه‌ر ئۆفیسی ڕاگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سه‌لاحه‌دین - هه‌ولێر و د‌ێی نوێی زانكۆ، كه‌ ماڵی مامۆستایانی زانكۆی سه‌لاحه‌دینی لێیه‌.  
 
ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی پێشینه‌ی مامه‌ڵه‌یه‌كی نه‌قلكردنی به‌ر له‌ (  ۲ - دووساڵ )بووه‌، ئه‌مڕۆ هه‌مان قوتابی هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر ‌ ئۆفیسی ( پڕۆفیسۆر د.كاوان ئیسماعیل –ڕاگری كۆلێژی یاسا) و ماڵی ( پ.ی.د. ئیدریس حه‌مه‌ خان- مامۆستا له‌ كۆلێژی ئه‌ندازیاری) له‌ ئه‌نجامدا هه‌ردووكیان شه‌هید ده‌كات و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارگوزارێكی كۆلێژی یاسا بریندار ده‌كات.  
 
وێڕای سه‌ره‌خۆشی له‌ خانه‌واده‌ی مامۆستایانی شه‌هید، هیوای چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كه‌ش ده‌خوازین.  
 
دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌، پڕۆسه‌ی خوێندن به‌ردوام ده‌بێت و گیانی مامۆستایانمان پارێزراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رجه‌م ده‌زگا ئه‌منییه‌كان خه‌ریكی لێكۆڵینه‌وه‌ی ووردن له‌م ڕووداوه‌ كاره‌ساتباره‌ بۆئەوەی تاوانبار به‌ سزای یاسایی بگه‌یەندرێت.  
 
ئه‌نجوومه‌نی زانكۆی سه‌لاحه‌دین-هه‌ولێر  
ڕاگه‌یاندنی زانكۆی سه‌لاحه‌دین-هه‌ولێر.  
۲۸ ی ٦ ی ۲٠۲۲  
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە