رووداو دیجیتاڵ
سیمورگ سارسڵماز، ئەو خانمە مۆدێلەی لە ئامەد خۆی بەربژێرکردووە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەنگاری مادەی هۆشبەر و زوو بەشوودانی کچان دەبێتەوە.
"حەوت پشتم کوردە و خەڵکی دیاربەکرم"
سیمورگ سارسڵماز، کاری مۆدێلینگە و خۆی بۆ پۆستی موختاری گەڕەکی کاینارتەپە لە ناوچەی باغڵاری پارێزگای ئامەد بەربژێرکردووە.
ئەو تاکە بەربژێری ژنە لە ئامەد رکابەری بەدەستهێنانی پۆستی موختاری دەکات.
سیمورگ سارسڵماز لە لێدوانێکی تایبەت بە تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، "ناوم سیمورگە و ناوزناوم سارسڵمازە، حەوت پشتمان دیاربەکرییە و لە دیاربەکر دەژیم. بە شێوەی ئازاد کاری مۆدێلی دەکەم و گرێبەستی سپۆنسەریم لەگەڵ چەند براندێک هەیە."
"لەو باوەڕەدا نەبووم خەڵکی ئەم گرنگییەم پێ بدەن"
لەبارەی بیرۆکەی بەربژێربوونی، سیمورگ سارسڵماز باسی لەوە کرد کە بە دوو دڵییەوە لە پرۆسەکە نزیکبووەتەوە، "دوای ئەوەی خۆم یەکلایی کردەوە، فۆرمی بەربژێربوونم پێشکێشکرد. ئینجا لە هەژماری خۆمدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیم بیرۆکەی خۆبەربژێرکردنم هەیە."
دەڵێت، بەو کارە "ویستم بۆچوونی خەڵک بزانم، چونکە لەو باوەڕەدا بووم ئەو خەڵکە هیچ گرنگییەک بە من نادەن و ئەمە نابێتە بابەت لەلایان. بەڕاستی ئێستا منیش حەپەساوم بەرامبەر ئەو دەنگدانەوە گەورەیە!"
"کاری لەپێشینەم پێشخستنی ئاستی خوێندن و رۆشنبیریی ژنانە"
ئامانجی یەکەمی سارسڵماز وەکو خۆی باسی دەکات، گرنگیدان و کارکردن دەبێت بۆ ژنان و لە ئەگەری سەرکەوتنیدا بیر لە کردنەوەی خولی پەروەردەیی بۆ ژنانی نەخوێندەوار دەکاتەوە. هەروەها کۆمەک بۆ ئەو خانەوادانە کۆدەکاتەوە، کە لەبەر هەژاری ناتوانن منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە.
سیمورگ سارسڵماز هەروەها گوتی، "یەکەمین قوتابخانەی منداڵ دایکیەتی. بۆیە پێویستە هەڵمەتێکی بەرفراوانی تایبەت بە پێشخستنی ئاستی خوێندن و رۆشنبیریی ژنان هەبێت. ئەوەی باوک و باپیرە بەخێودەکات هەر دایکە. هەر بۆیە ئەگەر ئاستی رۆشنبیریی دایک بەرزبکەینەوە، ئەمە لە کۆمەڵگەدا رەنگ دەداتەوە."
"قومار ریشەکێش دەکەم"
هەروەک خۆی باسی دەکات، گرەوی نایاسایی و قومار بوونەتە جێی نیگەرانیی ئامەدییەکان. سارسڵماز گوتی، "دوای بوونم بە موختار قومار و گرەوی نایاسایی ریشەکێش دەکەم، چونکە لە ناوچەکەی خۆمەوە دەبینم کە زۆر کەس بەهۆی ئەو کارەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە."
جگە لە قومار کە "گەنجانمان بەلاڕێدا دەبات،" ئەو کچە بەربژێرە پلانی هەیە بەرەنگاری بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەریش ببێتەوە.
"هیچ پارتێکی سیاسیم لە پشت نییە"
لەبارەی ئەوەی کە ئایا هیچ پارتێکی سیاسی پشتگیریی دەکات یان نا، سارسڵماز گوتی، "من هیچ پارتێکی سیاسیم لە پشت نییە. کەسێکی نیشتمانپەروەرم، بەڵام لایەنگری هیچ پارتێک نیم. ئەم خۆبەربژێرکردنەشم پەیوەندیدار نییە بە هیچ پارتێکەوە و خۆم بە تەنیا کردوومە."
ئەو خانمە مۆدێلە داوا لە خەڵکی ئامەد دەکات دەنگی پێبدەن و دەڵێت، "من بەڵێن بە خەڵکی نادەم ئازووقەیان بەسەردا دابەش بکەم، بەڵام بەڵێنی رەخساندنی زەمینەیەکی وەهایان پێدەدەم کە خۆیان بتوانن ئەو ئازووقەیە بەدەستبهێنن."
رۆژی 31-3-2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 81 پارێزگا بەڕێوەدەچێت. هەر لەو چوارچێوەیەدا 50 هەزار و 229 موختار هەڵدەبژێردرێن.
ئەو کەسانەی فۆرمی بەربژێربوون بۆ پۆستی موختار پڕدەکەنەوە، تەنیا ناو و زانیاریی کەسی پێشکێش دەکەن و ئەو پرۆسەیە ناکەوێتە چوارچێوەی لیستی پارتە سیاسییەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ