بەربژێری دەم پارتی لە وان بۆ رووداو: جەهەپە هەڵوێستی ئێمەی خراپ بەکارهێنا

28-02-2024
سینا سۆما
عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی وان لە باکووری کوردستان.
عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی وان لە باکووری کوردستان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەربژێری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی- دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی وان دەڵێت، پارتی گەلی کۆماریی تورکیا لە هەڵبژاردنی ساڵی رابردوو لەگەڵ لایەنە نەژادپەرستەکان هاوئاهەنگی کرد و ئەوەش دەنگدەری کوردی توڕە کرد.
 
عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی وان لە باکووری کوردستان لە نوورۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا باسی ئامادەکارییەکانی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کرد.
 
بڕیارە لە 31ی ئاداری ئەم ساڵ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا بەڕێوەبچێت.
 
دەم پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەم ساڵ بۆ یەکەمین جار پرۆسەیەکی پێش هەڵبژاردنی بەڕێوەبرد و تێیدا لە هەموو شار و ناوچەیەک بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەلایەن خەڵکەوە دیاریکران.
 
عەبدوڵڵا زێدان رایگەیاند، سەڕەرای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتەوە گوشارێکی زۆر لەسەر خەڵک، حیزب و جەماوەریان هەیە، بەڵام خەڵکی و جەماوەری دەم پارتی بەردەوام لە کاتی پێویستدا لە گۆڕەپانەکەدا بوون و لە هەموو ناوچەیەک بە ئەوپەری جۆشەوە بەشداری لە چالاکییەکانیان دەکەن.
 
دەم پارتی بەنیازە لە شاری وانیش دەست بە چالاکی بکەنەوە، نووسینگەکانیان دەکەنەوە و لەنێو خەڵکدا دەگەڕێن.
 
زێدان ئاماژەی بەوە کرد، کە ئێستا سەرەکیترین کاریان ئەوەیە، لە هەموو شار و ناوچەیەکی باکووری کوردستان کۆتایی بە قەییوومەکان بێنن.

 

 
ئەو گوتی، "بۆ ئێمە کارە سەرەکییەکە بریتیە لەوەی شار و ناوچەکانمان لە دەست قەییوومەکان رزگار بکەین؛ شارەوانییەکان دووبارە بکەین بە شارەوانیی گەل. بۆ ئەوەش بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدەین. لە هەموو شارێکیش بەربژێرمان هەیە، تەنانەت لە ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیریش بەربژێرمان هەیە".
 
بەربژێرەکەی دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورە شارەوانیی وان باسی هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەکانی لە تورکیا و باکووری کوردستان کرد و گوتی، "هەڵبژاردنی ئەمجارە هەڵبژاردنێکی ئاسایی نییە و گرنگییەکی زۆری هەیە. لەو بڕوایەداین، ئەگەر گەلی کورد لەم هەڵبژاردنەدا یەکگرتوو بێت و دەستی یەکدی بگرن و ئێمە سەربکەوین، ئەوە رێگە لە بەردەم ئاشتی دەکرێتەوە؛ رێگە لە بەردەم ئاشتی کۆمەڵایەتی دەکرێتەوە".
 
 عەبدوڵڵا زێدان هەروەها رایگەیاند، "تا ئێستا لەم هەڵبژاردنەدا لە شارە گەورەکان بەگشتی هیچ هاوبەشییەک لە نێوان حیزبی ئێمە و جەهەپەدا نییە؛ هیچ پشتیوانییەکمان بۆ جەهەپە نییە، چونکە دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار لە ئایاری رابردوودا، رووبەڕووی هەندێک رەخنەی گەل بووینەوە. 
 
دوای ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی تورکیا لە ئایاری 2023 کەوتە گەڕی دووەم و رکابەرییەکە لە نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵچدارئۆغڵو مایەوە، ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی گشتیی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت رۆژی 24-5-2023 کۆبوونەوە. ئۆزداغ پشتگیریی پارتەکەی بۆ کڵچدارئۆغڵو راگەیاند.
 
رۆژی  16-07-2023 ئومیت ئۆزداغ لە بەرنامەیەکی راستەخۆی کەناڵێکی تورکیا رایگەیاند، "کەمال کڵچدارئۆغڵوی بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەڵێنی پێداین کە لە بەرامبەر پاڵپشتیکردن لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، دەزگای میت و سێ وەزارەتمان پێ بدات کە یەکێکیان وەزارەتی ناوخۆ بوو." 
 
سەبارەت بە دەنگۆی کشانەوەی بەربژێری دەم پارتی لە شاری ئیزمیری تورکیا، عەبدوڵڵا زێدان رەتی دەکاتەوە کە بەربژێرەکەیان لەو شارەی تورکیا لە هەڵبژاردن کشابێتەوە و دەڵێت، "لە 81 شاری تورکیا کە 32یان شاری گەورەن، لە هەموو شوێنێک، لە ئیزمیر، ئەستەنبووڵ، ئەنقەرە، ئەدەنە و مێرسین بەربژێرمان هەیە".
 
بەربژێرەکەی دەم پارتی گوتیشی، "سەرەکیترین شت بۆ ئێمە ئەوەیە کە ئاشتی هەبێت؛ کاتێک کێشەی کورد لە چوارچێوەی ژیانێکی یەکسان و هاووڵاتییەکی یەکسان چارەسەر بێت، کێشەکانی دیکەی تورکیاش چارەسەر دەبن. [ئەگەر کێشەکان] لەگەڵ هەرێمەکەمان، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ کوردانی رۆژئاوا [چارەسەر ببن] تورکیا دەتوانێت ببێتە پێشەنگ. تورک، کورد و گەلانی دیکەش دەتوانن پێکەوە بە یەکسانی و ئازادی بژین".
 
عەبدوڵڵا زێدان رەخنە لە حکومەتی تورکیا دەگرێت کە بە نزیکبوونەوەی رۆژی هەڵبژاردن ژمارەیەکی زۆری سەرباز و هێزی ئەمنیی بۆ ناوچە بچووکەکانی باکووری کوردستان بە تایبەت بۆ شار و ناوچە سنوورییەکان دەگوازێتەوە و دەڵێت، ئەوان دڵگرانن کە دەسەڵات دەنگی ئەو سەربازانە لە بەرژەوەندی خۆی بەکاربهێنێت. 
 
زێدان لەوبارەیەوە دەڵێت، "ژمارەیەکی زۆر ناوچەی بچووکمان هەیە، وەک شەمزینان، ئەلکێ، چەلێ و قلابان. با بڵێین لەو ناوچانە دوو هەزار دەنگدەر هەن، لە دەرەوەش دوو هەزار سەربازیان هێناوەتە ئەو ناوچانە، ئەو سەربازانەی کە لێرە ناژین. بەڵام لە شوێنێکی وەک سلۆپی یان جزیر لەنێوان دەنگی ئێمە و ئاکپارتی جیاوازییەکی زۆر هەیە، لەو شوێنانە لە نێوان 20 بۆ 30 هەزار دەنگمان لە ئاکپارتی زیاترە".
 
لەبارەی شرناخەوە گوتی، "لە شرناخ بۆ نموونە تەنیا 4 هەزار دەنگمان لە ئاکپارتی زیاترە، بۆیە ئاکپارتی لە جزیر و سلۆپی سەرباز دەهێنێتە شرناخ؛ هەشت هەزار، 10 هەزار سەرباز دەهێنێت و ئەویش لە رۆژی هەڵبژاردندا و سەربازەکان لێرە دەنگ دەدەن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە