رووداو-سلێمانی
دوای دەنگدان لەسەر شێوازی هاوسەرۆكی لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتییەوە، یەكێتی بەنیازە پێنج كارگێڕ دابنێ كە بە قسەی بەرپرسانی یەكێتی، رۆڵی یاریدەدەریان دەبێ بۆ هاوسەرۆكانی یەكێتی. دانانی كارگێڕەكانیش بە هەڵبژاردن دەبێت.
دوای ئەوەی رۆژی 18/2/2020 پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی پەسەند كرا، هەر هەمان رۆژ هاوسەرۆكانی یەكێتی هەڵبژێردران كە بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگین. هەرچەندە باس لە دانانی جێگر بۆ هاوسەرۆكەكان دەكرا، بەڵام سەرئەنجام رێككەوتن لەسەر ئەوەی سەرۆكایەتی یەكێتی جگە لە دوو هاوسەرۆك، پێنج كارگێڕیشی هەبێت، بەڵام پێش ئەوە باسدەكرا كە سێ كارگێڕ دابنرێن و بەشێكبن لە مەكتەبی سیاسی.
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە (رووداو)ی گوت: "پەیڕەو وشەی جێگری بۆ هاوسەرۆك تێدا نییە، دوو هاوسەرۆكن لە هەمانكاتدا جێگری یەكدی دەبن، كاتێك یەكێكیان لەوێ نابێ ئەوی دیكە جێگەی دەگرێتەوە، لەو شوێنانەی هاوسەرۆك دادەنرێت جێگر دانانرێت".
بەڵام ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی دەڵێت پرسی دانانی جێگر بۆ هاوسەرۆكەكان هێشتا بڕیاری كۆتایی لێ نەدراوە. نەسروڵڵا سوورچی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: "دوو بۆچوون هەیە، بۆچوونێك لەگەڵ دانانی یەك جێگرە، بۆچوونی دووەمیش لەگەڵ زیادكردنی كارگێڕەكانە لە سێ كارگێڕەوە بۆ پێنج كارگێڕ و ئیدی جێگری ناوێت، ئەگەری بەهێز دانانی پێنج كارگێڕەكەیە، كارگێڕەكانیش دەبێ لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیدا بن".
ئەندامێكی دیكەی سەركردایەتی بابەتەكە دەبەستێتەوە بەوەی ئەركەكانی یەكێتی چۆن لە نێوان سەركردەكانی ئەو حیزبە دابەشدەكرێن . رابیحە حەمەد دەڵێت: "سەیری ئەركەكانی یەكێتی دەكرێت ئەگەر ئەرك و مەلەفەكان زیاتر بوون، ئەوكاتە جێگر و كارگێڕیش دادەنێین، بەڵام ئەگەر زانیمان كارگێڕەكان دەتوانن مەلەفەكان بەڕێوەببەن، ئەوا ئەوكاتە هەر كارگێڕ دەبێت".
لە كۆنگرەی سێیەمی یەكێتیدا بڕیاری دانانی دەستەی كارگێڕی درا، كە مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی بوو، هەر یەك لە عومەر فەتاح، حاكم قادریش ئەندامانی دەستەی كارگێڕی بوون. لە پەیڕەوی ئەمجارەشدا دەستەی كارگێڕی دانراوەتەوە، بەڵام بەبێ لێپرسراو دەبێ و سەر بە هاوسەرۆكەكان دەبن.
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێ: "هاوسەرۆكەكان پێنج كارگێڕیان هەیە، بە پێویستمان زانی دامەزراوەیەك بەناوی دامەزراوەی كارگێڕەكان دابنێین كە راستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ سەرۆكایەتی هەبێ و هاوكاریان بێ و بە كردەوە ئەركی ئەوان لە جێگر نزیكە، دەسەڵاتیان لەلایەن سەرۆكایەتییەوە بۆ دیاریدەكرێت، كارو و دەسەڵاتەكانیان لە دەستەی كارگێڕی پێشوو جیاواز دەبێ و لێپرسراویان نابێت".
كۆمەڵێك دۆسیە هەن كە قسەیان لەبارەوە دەكرێ كە چۆن لەنێوان هاوسەرۆكەكان دابەشبكرێن، لەوانەش دۆسیەی ئەمنی، پەیوەندییەكان، مەكتەبی رێكخستن و دارایی. هەرچەندە قسە لەسەر ئەوە دەكرێت كە لاهوور شێخ جەنگی دۆسیەی ئەمنی و پەیوەندییەكانی یەكێتی بەڕێوەدەبات و بافڵ تاڵەبانیش دۆسیەی دارایی و رێكخستن. بەڵام ئەسەسەرد دەڵێت "ئەمە زیاتر پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، كە چۆن ئیدارەی ئەو مەلەفانە دەكەن". هەروەها نەسروڵڵا سوورچی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەبارەی دابەشكردنی دۆسیەكانەوە دەڵێ: "هاوسەرۆكەكان لەنێوان خۆیان مەلەفەكان دابەشدەكەن".
مەكتەبی سیاسی 17 ئەندامی دەبێت
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی كە لەلایەن كۆنگرەوە پەسەندكرابوو، مەكتەبی سیاسی لادرابوو و ئەنجوومەنی جێبەجێكردن جێگەی گرتبووەوە، بەڵام دوای هەمواردنی پەیڕەوەكە لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی، مەكتەبی سیاسی دانرایەوە.
مستەفا چاڵاوی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی بە (رووداو)ی گوت: "مەكتەبی سیاسی 17 ئەندامی دەبێت، ئەوانیش بریتین لە لێپرسراوی 10 مەكتەب، لەگەڵ 5 كارگێڕ و هەردوو هاوسەرۆكەكە".
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی لە 124 ئەندام پێكهاتووە، مستەفا چاوڕەش وەك بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەنەكە بووەتە سەرۆكی كاتی ئەنجوومەنەكە، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ سكرتێر و جێگرێك و بڕیاردەرێك بۆ ئەنجوومەنەكە دادەنرێن.
سەبارەت بە دانانی سكرتێر و جێگر و بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتی، نەسروڵڵا سوورچی گوتی "جارێ پەلەمان نییە بۆ دانانی سكرتێر و جێگر و بڕیاردەری ئەنجوومەنی سەركردایەتی، رەنگە لەو رۆژەی پێنج كارگێڕەكان هەڵدەبژێردرێن، هەر لەو رۆژەشدا سكرتێر و جێگر و بڕیاردەر بۆ ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرێن".
مەكتەبی دارایی بەبێ بەرپرس دەبێت
مەكتەبی دارایی یەكێتی، ماوەی چەندین ساڵە بە دەست كەسێكەوەیە كە ساڵانێكی زۆربوو لە نێو یەكێتی هیچ پۆستێكی نەبوو، ئەویش دلێری سەید مەجید بوو كە لەو گۆڕانكارییە تازانەی ناو یەكێتی لە دوای كۆنگرە، بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژوەندی یەكێتی.
بەگوێڕەی پەیڕەوی ناوخۆ، یەكێتی لەمەودوا 10 مەكتەبی دەبێت، هەر مەكتەبێكیش لێپرسراوێكی بە هەڵبژاردن بۆ دادەنرێت، تەنیا مەكتەبی دارایی لێپرسراوی نابێت، بەڵكو لە دەستی هاوسەرۆكەكانی یەكێتیدا دەبێت.
فەرید ئەسەسەرد دەڵێت "10 مەكتەبمان هەیە، لەناو ئەوانەدا مەكتەبی داراییمان سەر بە سەرۆكایەتی دەبێ و رەنگە پێویستی بە دانانی لێپرسراو نەبێت، چونكە لە پەیڕەوی ناوخۆدا ئەوەمان چەسپاندووە كە مەكتەبی دارایی سەر بە سەرۆكایەتی دەبێت، بەڵام مەكتەبەكانی دیكە بە هەڵبژاردن لێپرسراوەكانیان بۆ دیاریدەكرێت، هەموو لێپرسراوی مەكتەبەكانی دیكەش بە هەڵبژاردن لەناو ئەنجوومەنی سەركردایەتی دیاریدەكرێن، فۆرمێكمان هەیە بۆ ئەوانەی خۆیان كاندید بكەن بۆ لێپرسراوێتی و دەبێ پڕی بكەنەوە، پاشان هەڵبژاردنی نهێنی بۆ دەكرێت، ئەوەی زۆرینەی دەنگی هێنا ئەركی لێپرسراوێتی پێدەدرێت".
هەروەها رابیحە حەمەد دەڵێ: "هەموو پۆستەكان لە رێگەی هەڵبژاردنەوە پڕ دەكرێنەوە، لە رۆژانی داهاتوودا دەرگای خۆ پاڵاوتن دەكرێتەوە".
رۆژی 11/2/2020 كۆسرەت رەسووڵ، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نامەیەكی ئاراستەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی كرد و داوای هەڵپەساردنی كۆبوونەوەكانی كرد، تێیدا رایگەیاندبوو: "كۆبوونەوەكانتان بۆ ماوەیەك هەڵپەسێرن و تەواوی ئەو بڕیارانەی داوتانن بۆ دەسەڵات و ئۆرگانەكان مەترسی لەسەر هاوسەنگیی ریزەكانمان هەیە، پێویستە كۆبوونەوەی تایبەتی و بەرپرسیارانە بۆ چارەسەركردنی گرفت و كێشەكان و بۆچوونە جیاوازەكان بكەین".
سەرەڕای ئەو هۆشدارییەی كۆسرەت رەسوڵ، بەڵام كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی رۆژی دواتر بەردەوامبوون، دوای ئەوەی هەردوو هاوسەرۆك سەردانی كۆسرەت رەسولیان كرد، ئەویش چووە نێو كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتییەوە و دوای ئەوەش پەیڕەو پەسەندكراو هاوسەرۆكەكانیش هەڵبژێردران.
پێشتر ئەنجوومەنی باڵای سیاسی لە كۆبوونەوەیەكدا لە رۆژی 16/1/2020 لێژنەیەكی لە هەریەك لە (مەلا بەختیار، حاكم قادر، دلێری سەید مەجید) پێكهێنا بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیەك سەبارەت بە دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنەكە لە پەیڕەوی ناوخۆدا.
دەسەڵاتی ئەنجوومەنی سیاسی و بەرژەوەندی
فەرید ئەسەسەرد دەڵێ لێژنەیەكی هاوبەش لەنێوان ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی و ئەنجوومەنی سەركردایەتی پێكهێنراوە، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی ئەنجوومەنە سیاسییەكە، فەرید ئەسەسەرد گوتی: "لێژنەكەی ئێمە لە شاناز ئیبرایم ئەحمەد، سەردار هەركی و لاهوور شێخ جەنگی پێكهاتووە، لێژنەكەی ئەنجوومەنە سیاسییەكەش لە مەلا بەختیار، دلێری سەیدمەجید، حاكم قادر پێكدێت، لەم هەفتەیە دادەنیشن، پێشتریش زیاد لە دانیشتنێك كراوە رەنگە لەم دانیشتنەدا گفتوگۆی تێبكەوێت، تێڕوانینی هەردوولا بە وەرەقە ئامادەكراوە و هەردوولا وەرەقەكانیان داوەتە یەكتر، ئەمجارە بەرچاو روونترن بەرامبەر بە دۆخەكە، پێموایە دەرفەت هەیە بگەینە سازان و لێكتێگەیشتن لەوبارەیەوە".
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لێپرسراوی مەڵبەندەكان دەبێ ئەندامی سەركردایەتی بن. لێپرسراوی مەڵبەندەكانیش بە هەمانشێوەی بەرپرسی نۆ مەكتەبەكەی یەكێتی و پێنج كارگێڕەكە هەڵبژاردنیان بۆ دەكرێت.
نەسروڵڵا سوورچی دەڵێت "لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی فرە بازنەیی بوو، بۆیە لە سنووری هەموو مەڵبەندەكان، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیمان هەیە. بۆ بەرپرسی مەڵبەندەكان ئەندامانی سەركردایەتی خۆیان كاندید دەكەن و لە سنووری هەر مەڵبەندێكدا كێ زۆرترین دەنگی هێنا، دەبێتە بەرپرسی مەڵبەند".
ئەوەی زۆرترین قسە و باسی لەسەر دەكرا كە ببیتە سەرۆكی یەكێتی، بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق بوو، بەڵام د.بەرهەم جگە لە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كە بەبێ هەڵبژاردنی نهێنی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و رێواز فایەق دانران، هیچ بەرپرسیاریەتێكی دیكەی لەنێو یەكێتیدا نییە.
دوو كوڕەكەی كۆسرەت رەسوڵ
فەرید ئەسەسەرد دەڵێ "د.بەرهەم لە كۆنگرەدا پێش 121 ئەندامەكەی سەركردایەتی، بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەڵبژێردرا و ئێستاش ئەو پلەیەی هەیە". بەڵام مستەفا چاڵاوی دەڵێ: "بڕیاربوو كاك بەرهەم ببێتە هاوسەرۆك، دەڵێن خۆی رازینەبووە ببێتە هاوسەرۆك".
ئەی كوڕەكانی كۆسرەت چ بەرپرسیارێتییەك وەردەگرن؟ فەرید ئەسەسەرد لەوبارەیەوە دەڵێت: "نازانم هیچ رێككەوتن كراوە یان نا بۆ ئەوەی پۆستی دیكەیان پێبدرێت، بەڵام هەردووكیان ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتین و شایستەی ئەوەن لێپرسراوێتی شایستە و باشیان هەبێت". بەڵام نەسروڵڵا سوورچی دەڵێ: "ئەوان پێگەیان دیارە و هەر كاتێك بۆ هەر پۆستێك خۆیان هەڵبژێرن دەنگیان پێدەدرێت، بەڵام تائێستا هیچیان دیارینەكردووە".



