ناوی 500 دامەزراوی گرێبەست بۆ پارێزگای هەڵەبجە بڵاوکرایەوە

28-01-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ناوی 500 دامەزراوی پارێزگای هەڵەبجە ئاشکرا کرا. جێگری پارێزگار دەڵێت، چەند رۆژێک بۆ پەڵپگرتنی ئەو کەسانە دیاری دەکرێت، کە ناویان دەرنەچووە.
 
بەگوێرەی فەرمانێكی ئەنجوومەنی وەزیران، کە ئەمڕۆ سێشەممە 28-01-2025 پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردووەتەوە، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بۆ دابینکردنی میلاکی پێویست بۆ دامودەزگاکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بڕیارەکە دراوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، 500 کەس بەشێوەی گرێبەست دادەمەزرێن و لە رۆژی دەستبەکاربوونیانەوە بەگوێرەی رێنماییەکانی حکومەت موووچەیان بۆ خەرج دەکرێت، بەو مەرجەی مووچەی دیکەیان نەبێت.
 
شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "چەند رۆژێک بۆ پەڵپگرتن دیاری دەکرێت بۆ ئەوەی ئەگەر کەسێک شیاوی دامەزراندن بووبێت و کەسێکی ناشایستە لە شوێنی دامەزرابوو، راست بکرێتەوە".
 
22ـی شوباتی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری هەڵەبجەی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی کارگێڕیی سنوورەکە کۆبووەوە. دواتر حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی شەش خاڵیی بڵاوکردەوە و لە خاڵێکدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیران بڕیاری دامەزراندنی 500 کەسی بە شێوەی گرێبەست بۆ پارێزگاکە داوە.
 
دوای بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران، حوزەیرانی ئەم ساڵ بەشێوەی ئەلیکترۆنی داواکاری دامەزراندنەکە پڕکرایەوە و ئەمڕۆ 500 ناو بەگوێرەی مەرجەکان ناویان بڵاوکرایەوە.
 
هەر ئەمڕۆ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "دامەزراوان دابەش دەکرێن بەسەر پارێزگاکەدا و پشکی قەزاکانی، هەڵەبجە، خورماڵ، ناحیەکانی سیروان، بەمۆ، بیارەی تێدا دەبێت".
 
پارێزگاری هەڵەبجە گوتی: "لە سبەیەوە رێکارەکانی دامەزراندن دەستپێدەکات. ئەو کەسانەی ناویان هاتووەتەوە پێشتر روونیان کردووەتەوە لە سێ جێگە دەتوانن کار بکەن و بەگوێرەی ئەوە دادەمەزرێن".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە