رووداو دیجیتاڵ
شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی هەسەدە و چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا، لە گوندەکانی رۆژئاوای بەنداوی تشرین بەردەوامە. تورکیا بۆ پشتیوانیکردنی هێزە چەکدارەکان ئەو ناوچانە بۆردوومان دەکات کە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە دان.
سوپای نیشتمانیی سووریا، هێز، چەک و زرێپۆشی زیاتر دەنێرێتە بەرەی شەڕ لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بۆ ئەوەی دۆخی شەڕەکە بگۆڕن.
شەڕڤانێکی یەپەژە لە بەنداوی تشرین جەخت لەوە دەکاتە کە لە رێگریکردن لە هێرشەکانی سەر بەنداوەکە بەردەوامدەبن و دەڵێت، "وەک شەڕڤانێکی یەپەژە بەڵێن دەدەین ئەم بەرخۆدانە جارێکی دیکە خۆی دووبارە دەکاتەوە و ئەنجامەکەشی سەرکەوتن دەبێت. ئێمە بە خەڵکی کۆبانێ دەڵێین، ئاسوودە بن، ئێمە وەکو شەڕڤانی یەپەژە چۆن لە 2014 لە بەرخۆدانی کۆبانێ رۆڵی خۆمان گێڕا و ناومان چووە مێژووەوە، ئەم جارەش دەڵێین، بەرخۆدانەکەمان جارێکی دیکە دووبارە دەکەینەوە و بەم گیانی سەرکەوتنە بەرەو رووی دووژمن دەچین."
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە دەستپێکی شەڕی نێوان هەسەدە و سوپای نیشتمانیی سووریا کە رۆژی 12ـی کانوونی دووەم دەستیپێکرد، 385 چەکداری سوپای نیشتمانیی سووریا کوژراون. هەروەها 77 شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەستداوە. ئەمە جگە لە گیان لەدەستدانی 53 کەسی سڤیل کە 7ـیان ژن بوون و چواریان منداڵ بوون.
دوای 47 رۆژ لە دەستپێکردنی هێرشەکانیان، چەکدارانی سوپای نیشتمانیی سووریا نەیانتوانیوە بەنداوی تشرین و پردی قەرەقۆزاخ کۆنترۆڵ بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ