رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەستی بە ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی 10 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول کردووە تاوەکو رەوانەی بەغدای بکات. سەرچاوەیەک لە وەزارەتەکەش بۆ رووداو ئاشکرای دەکات، کارەکان بە ئاراستەی ئەوەن هەفتەی داهاتوو هەموو رێکارەکان تەواو بکرێن.
رۆژی یەکشەممە 11ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ ئامادەکارییەکانی لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم دەستیپێکردووە و هەموو شوێنێک راسپێردراون بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 10."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی: "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە بە زووترین کات لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول ئامادە بکرێت، تاوەکو بە زووترین کات بۆ بەغدای بنێرین و کارەکانی تەواو بکەین".
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە: "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە هەفتەی داهاتوو کارەکانی تەواو بکەین."
ئەم ئامادەکارییانەی وەزارەتی دارایی لە کاتێکدایە، رۆژی 8-10-2026 وەزارەتی دارایی و ئابووری رایگەیاند، بڕی 835 ملیار و 553 ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و هەر ئەو رۆژەش خشتەی دابەشکردنی مووچە راگەیێندرا.
بەپێی خشتەکەی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ یەکشەممە 11-10-2026 دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئاب کرا و بڕیارە دابەشکردنەکە تاوەکو 14ـی تشرینی یەکەم بەردەوام بێت.
بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول، رۆژی 5ـی تشرینی یەکەمی 2026، تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کردبوو.



