رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە لە پارێزگای دهۆک دەڵێت، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە ئاو چووە نێو نزیکەی 40 ماڵ و ئاماژە بەوەش دەدات کە دوو لیژنە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێندراون.
رۆژی یەکشەممە 27-11-2022، عادل بێسفکی، بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە لە پارێزگای دهۆک، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 13:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات.
لە رۆژی هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین سنووری پارێزگای دهۆکی گرتووەتەوە و لە ماوەی دوو رۆژدا نزیکەی 70 ملیمەتر باران لەو پارێزگایە باریوە.
بە گوتەی عادل بێسفکی، لە ناوچەکەی ئەوانیش بڕێکی زۆری بارانباری و گوتی: "لە ماوەی دوو کاژێردا 45 ملیمەتر بارانباری، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لافاو لە هەندێک شوێنی وەکو دۆمیز، فایدە و شاریا دروستبێت."
بەڕێوەبەری ناحیەی فایدە زیانەکانیشی دابەشی دوو جۆر کرد، تایبەت و گشتی، هەروەها گوتی: "زیانە تایبەتەکان ئەوانەن کە ئاو چووە نێو نزیکەی 35 ماڵ بۆ 40 ماڵ و بەو هۆیەوە کەلوپەلی نێو ماڵەکان تێکچوو. تیمەکانی بەرگریی شارستانی و شارەوانی لەگەڵمان بوون؛ کاری لە پێشینەمان رزگارکردنی گیانی ئەو کەسانە بوو کە لەنێو ئەو ماڵانەدا بوون."
عادل بێسفکی گوتیشی، زیانە گشتییەکانیش "ئەوانەن کە بەر کەرتەکانی رێگەوبان، کارەبا و ئاو کەوتوون. فەرمانگەکان راسپێردراون کار لەسەر کەموکوڕییەکان بکەن."
عادل بێسفکی ئاماژە بەوە دەدات دوو لیژنە بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێندراون و گوتی: "لیژنەکان لە کاژێر 7ی بەیانی ئەمڕۆوە دەستبەکاربوون بۆ خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان. بەپێی داتاکانی ئێمە، 35 بۆ 40 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام هێشتا خەمڵاندن بە پارە نەکراوە کە چەند زیانیان بەرکەوتووە. دوو ئۆتۆمبێلیش لە جۆری تەکسی لەنێو گەراجی ماڵەکانیان ئاویان چووەتە نێویان. لە کەمپی شاریا ئاوە چووەتە نێو 5-6 چادر."


