بە بەشداریی 26 گرووپ، دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقام لە کەرکووک دەستیپێکرد رووداو دیجیتاڵ بە دەهۆڵ و زوڕنا و کورتەشانۆیەک، گرووپێکی شانۆیی خەڵکی سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، دەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقامیان لە کەرکووک دەستپێکرد. لە فێستیڤاڵەکەدا 26 گرووپی شانۆیی لە 17 وڵاتەوە بەشدارن، لەو ژمارەیەش پێنج گرووپ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و دوو گرووپ لە باکووری کوردستانەوە هاتوون. شێرزاد رۆستەمی، شانۆکارێکی خەڵکی سنەیە و بە رووداوی گوت: "وەکو گرووپی شانۆیی گەلاوێژ لە شاری سنەوە هاتووین، دوو نمایشمان ئامادەکردووە کە یەکێکیان لە دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا نمایشکرا و ئەوەی دیکەش نمایشی گەلاوێژە کە بەشداریی پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەی کردووە." گرووپە شانۆییەکانی شارەکانی سنە، سەقز و بانە، ساڵانە پێشبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین شانۆ، باشترین ئەکتەر و باشترین سیناریۆی شانۆیی دەکەن. کێشەکانی نێوخۆی ئێران، بەتایبەتی خراپیی دۆخی ئەمنی و ئابووری، لە شانۆی گرووپەکانی رۆژهەڵاتی کوردستاندا رەنگدانەوەیان هەبووە و لە رێگەی شانۆوە کێشەکانیان دەخەنەڕوو. ئاکام ئەوین، دەرهێنەر، گوتی: "ئێمە میوانێکی تایبەتین و لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووین، هەموو ئەو کێشانەی لە ئێران هەن، لەنێو ئەو شانۆیەدا و لە ماوەی 20 خولەکدا دەیخەینەڕوو. کێشەکان لەڕێگەی زمانی شانۆوە دەگەیەنین کە زمانێکی زۆر بەهێزە و خەڵک حەزی لێیەتی و بە شێوەی کۆمیدیی تەنزئامێز شانۆی سەرشەقام پێشکێش دەکەین." شانۆکاران باس لەوە دەکەن کە سەرەڕای کێشە و ئاستەنگەکان، بەردەوامن لە کاری هونەری. کەژاڵ قەمری، شانۆکار، دەڵێت: "کێشەی شوێنی مەشق و پاڵپشتیی دارایی و شوێنمان هەیە. ئەگەر بمانەوێت شانۆیەک ئامادە بکەین، دەبێت شوێنی راهێنانمان هەبێت و هاوکاریی دارایی بکرێین، بۆیە دەرهێنەرەکە ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆ و لە گیرفانی خۆی ئەو کارانە دەکات." ئەم خولەی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی سەرشەقام لە کەرکووک، بەناوی "هەڵکەوت عەزیز"ـەوە کراوە و ماوەی سێ رۆژ دەخایێنێت. نمایشەکان هەموو جارێک لە شوێنێکی جیاوازی کەرکووک پێشکێش دەکرێن.
کوردستان13-11-2026دەنگی تەقە لە سنووری پردێ بیسترا؛ "گومان دەکرێ پێکدادان لەنێوان چەکدارانی داعش و هێزە ئەمنییەکان روویدابێ"
کوردستان13-11-2026سبەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆدەبێتەوە؛ ''قەحتان وەنداوی بۆ بوونە پارێزگار بەهێزترین بەربژێرە''