رووداو دیجیتاڵ
هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو، لە سنووری پردێ لە پارێزگای کەرکووکەوە رایگەیاند، هێزێکی زۆری ئەمنی بەرەو سنووری ناحیەکە جووڵەی پێکراوە و دەنگی تەقەش بۆ ماوەیەک بیسترا؛ ئاماژەی بەوەشکرد، زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ئەو ئۆتۆمبێلە گوماناوییەی لە ناحیەی پردێ بینراوە چەکداری داعشی تێدا بووە.
ئەمشەو هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو لە پردێ رایگەیاند: "بە گوێرەی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی دەست سوپای عێراق کەوتوون، ئەو ئۆتۆمبێلە گوماناوییەی ئەم ئێوارەیە لە ناحیەی پردێ بینرا، ئۆتۆمبێلی چەکدارانی داعش بووە و ویستویانە لە پردێوە بپەڕنەوە بۆ ناوچەکانی (قەرەسالم) و (دەرماناو)."
بەگوتەی هەردی محەممەد، "دەوروبەری کاژێر 8:30ی شەو دەنگی تەقەیەکی زۆر لە سنووری پردێ بیستراوە؛ هاوکات هێلیکۆپتەری سوپای عێراق لە ناوچەکە سوڕاوەتەوە و گومان دەکرێ رووبەرووبونەوەی چەکداری لەنێوان سوپای عێراق و چەکدارەکان روویدابێت".
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەکرد: "هێزە ئەمنییەکان بەدوای ئۆتۆمبێلەکەوە بوون. ئێستاش فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک و هێزێکی تایبەتی سوپای عێراق و هێزێکی دژەتیرۆری عێراق لە شوێنەکەن و چاودێری دۆخەکە دەکەن."
سەبارەت بە داخستنی رێگەی کەرکووک-هەولێر، هەردی محەممەد گوتی: "هێزەکانی سوپای عێراق بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان بۆ ماوەیەک رێگەکەیان بەرووی شۆفێران داخست، بەڵام لە دەوروبەری 8:30ەوە رێگەکە کراوەتەوە."
سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە کەرکووک بە رووداوی راگەیاند: "ئۆتۆمبێلە گوماناوییەکە لە رێگەی درۆنەوە چاودێری دەکرێ".


.jpeg&w=3840&q=75)