رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو لە سلێمانی لە نزیک تەکیەی کەسنەزانی تەقە کرا، ئەندامێکی ئەنجوومەنی ناوەندی رۆشنبیریی تەکیەی کەسنەزانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "ئەوەی ئەمشەو روویداوە هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و لەسەر شەقام روویداوە.. بەڵام هەفتەی پێشوو تەقە لە مەرقەدی شێخ محەممەد کەسنەزانی کراوە".
د. هەژار شێخ محەممەد، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی رۆشنبیریی تەکیەی کەسنەزانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەمشەو هەینی 27-11-2020 تەقە کراوە، "بەڵام لە ئێمەوە دوور بووە"، لایەنە ئەمنییەکانیش چوونەتە شوێنی روووداوەکە و ئەوان هاوکارییان کردوون بە پێدانی کامێراکان.
هەفتەی پێشووش تەقە لە تەکیەی کەسنەزانی کراوە، د. هەژار شێخ محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، تەقە کراوە و "لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زوویی گەیشتوون و لێکۆڵینەوەیان کردووە و سێ کەسیان دەستگیر کردووە".
د. هەژار باسی لەوەشکرد، لەبەر ئەوەی هەفتەی پێشوو تەقە کراوە، وا لێکدراوەتەوە کە تەقەکانی ئەمشەویش لە تەکیەی کەسنەزانی کراوە، "بەڵام هیچ پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و لە چەند رۆژی داهاتوو بۆتان روون دەبێتەوە.. ئێمە پێش یاسا ناتوانین لێدوان بدەین".
تەکیەی کەسنەزانی دەڵێت، با یاسا سەروەر بێت "ئێمە ناتوانین.. هەموو دنیا بە دۆست و خۆشەویستی خۆمان دەزانین، بۆیە ناتوانین پێش یاسا بکەوین و بڵێین بەڕاستی مەبەستیان ئێمە بووە، یاسا ئەوە روون دەکاتەوە".
د. هەژار دەڵێت، تەقەکانی هەفتەی پێشوو لە "مەرقەدی شێخ محەممەد کەسنەزانی کراوە و لە پاسەوانەکان نەبووە". داوای روونکردنەوەشی لە لایەنە ئەمنییەکان کرد کە راستییەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ