رووداو- سلێمانی
دانیشتنەكەی هەفتەی رابردووی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ژنانی پەرلەمانتار گرنگتر بوو تاوەكو بتوانن باری گرانی سەرشانی ژن لە نێو كۆمەڵگادا هەندێك كەمتر بكەنەوە.
تەلار لەتیف،ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز، هەمواركردنەوەی یاسای قەدەغەكردنی لەشفرۆشی بە دەرفەتێكی گرنگ دەزانێ بۆ ئەوەی بتوانن بەرگری لە مافەكانی ژنان بكەن. ئەو پەرلەمانتارە پێیوایە پێشتر هەمیشە ستەم لە ژن كراوە "دەبێت یاسای نوێ دەربچێت، ناوی ئەو ژنانە لەتاوانبارەوە بگۆڕێت بۆ قوربانی، چونكە ئەوەی ئەم تاوانەی پێدەكات رەگەزی بەرامبەرە و تاوەكو ئێستا هیچ سزایەك ئەوانی نەگرتووەتەوە، ئێمە داوامان كردووە هەردوو رەگەز یەكسان بن لە وەرگرتنی سزادا".
بەشی هەرەزۆری دۆسیەكانی بەردەم پۆلیس و دادگاكان، پەیوەستن بە كێشە كۆمەڵایەتییەكان و لەنێویشیاندا لەشفرۆشی،بەڵام چالاكڤانانی رێكخراوەكانی ژنان دەپرسن "بۆچی تەنیا ژنان لەسەر ئەو كارە دەستگیردەكرێن؟".
پەرلەمانی كوردستان دەیەوێ یاسایەكی نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی دابڕێژێت،بەڵام دۆخەكە تەواو گۆڕاوە و هاتنە ناوەوەی دەیان هەزار خێزانی ئاوارە لە ناوچە جیاجیاكانەوە بۆ باشووری كوردستان و دروستبوونی پەرشوبڵاوییەك لە شێوازی نیشتەجێبوون، وایكردووە هەندێكجار شارەزایان و كۆمەڵناسانیش بۆچوونیان لە بەرامبەر لێكەوتە كۆمەڵایەتییەكان و لەشفرۆشی بگۆڕن.
"هەر شوێنێك گومانی لەسەر بێت كە كاری لەشفرۆشی تێدا دەكرێت، دەستبەجێ تیمەكانی پۆلیس دەستی بەسەردادەگرن و ئەو كەسانە دەستگیر دەكەن". سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی، نەیشاردەوە كە لە ژمارەیەك رێستورانت و یانەی شەوانەدا كاری لەشفرۆشی كراوە، لەو شوێنانەدا عەرەب و ئێرانی و چینی و بەنگلادیشی هەن. (رووداو) لە رێگەی سەرچاوەیەكی پۆلیسەوە زانیویەتی لە ماوەی رابردوودا 14یانە داخراون بەهۆی كاری لەشفرۆشی و زیاتر لە 70 ئافرەتیش لەو یانانەدا كاری لەشفرۆشییان كردووە.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی دەڵێلەگەڵ لیژنەكانی قایمقامیەتی سلێمانی لە هەماهەنگیدان بۆ داخستنی ئەو شوێنانەی لەشفرۆشییان تێدا دەكرێت. گوتیشی "ئەو ژنانە زیاتر عەرەب و ئێرانی و چینی و بەنگلادیشین وژمارەیەكی كەم كوردیان تێدایە".
بەپێی ئاماری پۆلیسی سلێمانی، لە 9 مانگی رابردوودا 13 دۆسیەی لەشفرۆشی پەڕاویان بۆ كراوەتەوە و هەر دۆسیەیەكیش گرووپێكی لەشفرۆشی ئاشكرا كردووە. هەر بەپێی ئامارەكە، نزیكەی 50 كەس بەتۆمەتی لەشفرۆشی دەستگیركراون.بەڵام ئامارەكانی پۆلیس لە 2013دا رێژەیەكی كەمتریان لەبارەی لەشفرۆشی تۆماركردووە و لەو ساڵەدا تەنیا 50 دۆسیەی لەشفرۆشی هەبووە، كەئەوانیش چەندین گرووپیان لەپشتەوە بووە و هەر گرووپێك لە 3 بۆ 4 كەس كەمتر نەبووە.
تەلار لەتیف، دەڵێ ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی لەیاسای نوێدا وەك چۆن پۆلیس و دادگا لێپێچینەوە لەگەڵ ژنی لەشفرۆش دەكەن، دەبێ لەگەڵ پیاویشی بكەن. چونكە وەك ئەو دەڵێت، ئەوە تاڕاددەیەكی باش لەبەرچاوگرتنی دادپەروەرییە لە لێپێچینەوەدا.
سكرتێری یەكێتی پیاوانی كوردستان دەڵێ پیاوانیش سكاڵایان لەسەر ئەو ژنانە هەبووەكە كاری لەشفرۆشی دەكەن. ئەو هۆكاری لەشفرۆشی بۆ "كێشەی نەداری" دەگێڕێتەوە و دەڵێ زۆر كێشەی پیاوانمان چارەسەر كردووە كە لەسەر كێشەی جۆراوجۆر سكاڵایان تۆماركردووە "بەڵام ناتوانین كێشەكانی پەیوەست بە كاری لەشفرۆشی چارەسەر بكەین، چونكە لەشفرۆشی لە كۆمەڵگەی ئێمەدا كارێكی زۆر ناشیرینە".
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گرتن و گوستنەوەی سلێمانی، لە 10 مانگی رابردوودا 51 كەس دەستگیركراون بەهۆی كاری لەشفرۆشییەوە كە لە رەگەزی جۆراوجۆر پێكهاتوون. لەو ژمارەیە 13 كەسیان وەك گومانلێكراو دەستگیركراون و ئەو كەسانەی دەستگیر دەكرێن لە گرتن و گواستنەوە دەمێننەوە تا بڕیاری دادگا دەدرێ.
بورهان عەلی فەرەج، سكرتێری یەكێتی پیاوان پێیوایە"سەنتەرەكانی مەساج لە هەرێمی كوردستان 70% لەشفرۆشییان زیاد كردووە".
بەپێی ئامارێكی یەكێتی پیاوان،لە ساڵی 2008ەوە 60 پیاو سكاڵایان دژی هاوسەرەكانیان تۆمار كردووە بە تۆمەتی ئەوەی كاری لەشفرۆشییان كردووە.15 پیاو لەوانە لە 9 مانگی ئەمساڵدا سكاڵایان تۆماركردووە و سكرتێری رێكخراوەكەش دەڵێ "102دۆسیەی ناپاكیی هاوسەریشمان لەلایە".
بەڵام ئەگەر ئەو ژمارەیەی یەكێتی پیاوان ورد بێت، دەكرێ وەك سەرەتای گۆڕانێكی گرنگ لە كۆمەڵگای كوردیدا تەماشا بكرێ، بەوپێیەی پیاوان لەجیاتی پەنابردن بۆ كوشتنی ژنەكانیان پەنا دەبەنە بەر تۆماركردنی سكاڵا.


