رووداو-هەولێر
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان ئیدانەی هێرشکردنە سەر شاسوار عەبدولواحید، خاوهنی گرووپی كۆمپانیاكانی نالیا دەکات و رایدەگەیەنێ، بەدواداچوونی جددی بۆ رووداوەكە دەكەین.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان بە (رووداو)ی راگەیاند:"حکومەت دژی ئەو جۆرە کارانەیەو دەستدرێژی بۆ سەر هەر کەس و لایەنێک و لە ژێر هەر بیانوویەکدا رەت دەكەینەوە".
دزەیی ئەو پەلامارە بە کارێکی نامرۆڤانە دەزانێت و هاوکات رایدەگەیەنێت، حکومەت بە دواداچوونی جددی بۆ ئەو رووداوە دەکات بۆ ئەوەی بکەرانی ئەو کارە دەستگیر بکرێن و بدرێنە دادگا.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کورستان ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات، رووداوی لەو جۆرە بە بەراورد بە ولاتانەی دەرەوە بە رێژە زۆر کەمە، لەگەل ئەوەشدا ئەوەی کە روویداوە قابیلی قبوول نییەو پێویستە لە هەرێمی کوردستاندا رێز لە بیرورای ئازاد بگیرێت و دەربرینی ئازاد هەبێت، بۆ ئەم مەبەستە لە پەرلەمانی یاسا هەیە.
ئەو دەشڵێت"دەبێ لە کوردستان کلتوری ئازادی و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی زیاتر پەرەی پێ بدرێت".
پاشنیوهڕۆی دوێنێ شهممه 26/10/2013، له چاڤی لاندی شاری سلێمانی، شاسوار عهبدولواحید، خاوهنی گرووپی كۆمپانیاكانی نالیا، له لایهن چەند كەسێكی نەناسراوەوە بە گوللە هێرشی كرایە سهر و بریندار كرا.
لە راگەیەنراوێكیشدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوكرایەوە، د. ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت" سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان زۆر به تووندی هێرشكردنهسەر شاسوار عەبدولواحید ئیدانه دهكات و داوا له دهزگاكانی ئاسایش و پۆلیس دهكات ههوڵهكانیان چڕ بكهنهوه بۆ دۆزینهوهی هێرشكاران و رادهستكردنیان به دادگاكانی كوردستان بۆئهوهی یاسا رێڕهوی خۆی بگرێت".
گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هیوای زوو چاكبوونهوەیش بۆ خاوهنی گروپی كۆمپانیاكانی نالیا دهخوازێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ