زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراوی گۆڕان: رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ناکۆکییە نێوخۆییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێ؛ زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراوی ئەو حیزبە رایدەگەیێنن، رێگە نادەن رێکخەری گشتی "بە کودەتا" دابنرێت. هەروەها چیا و نما نەوشیروان مستەفا، کە پشتیوانی زۆرینەی جڤات دەکەن، دەڵێن، "بۆ رێگرتن لە گرژی لە نزیک ئارامگای باوکمان، پێمان باشە گردی زەرگەتە بۆ ماوەیەک دەوامی تێدا نەبێت".
 
ئەمڕۆ هەینی، 27-9-2024، زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیی هەڵبژێردراوی گۆڕان لە لایەک و چیا و نما نەوشیروان مستەفا لە لایەکی دیکە، راگەیێندراویان بڵاوکردەوە.
 
زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی راگەیێندراوەکەی ئاراستەی هاونیشتمانییان، سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری سلێمانی، دامودەزگا ئەمنییەکان و هەڵسوڕاوانی بزووتنەوەی گۆڕان لە کوردستان و رەوەندی کوردی، کردووە.
 
لە راگەیێندراوەکەی زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیدا هاتووە، "ئێمە زۆرینەی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراو و شەرعی بزووتنەوەی گۆڕان لە باژێڕوانەکان، رەوەندی کوردی و نوێنەری ئافرەتان وەک بەرەی دەستوور رێگری لە پیلان و موئامەرە دەکەین. رەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەمیشە کاری بۆ دەوڵەتی قانوون کردووە. بزوتنەوەی گۆڕانی وەک هێزێکی سیاسی و مەدەنی پشت ئەستور بە شەرعیەتی دیموکراتی و هەڵبژاردن وەک بنەمای رەوایەتی دامەزراندووە. دەستووری نێوخۆی بزوتنەوەی گۆڕانی بە پەنجە و قەڵەمی خۆی داناوە".
  
زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی هەروەها دەڵێن، "لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا رێکخەری گشتی بە وەکالەت دانانرێت. ئێمە دەمانەوێ بە هەڵبژاردن رێکخەری گشتی دابنرێت. ئەوان دەیانەوێ بە کودەتا و وەکالەت دابنرێت. ئەمەش لە دنیادا نمونەی نییە".
 
کێشەیان چییە؟
 
ئەم کێشانە دوای ئەوە زەق بوونەوە کە لەسەر داوای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بەهۆی نەکردنی کۆنگرەی گشتی، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران، بریکارنامەی گشتی بە زیاتر لە 100 دەسەڵاتەوە بۆ دانا ئەحمەد مەجید کردووە و سەرجەم دەسەڵاتەکانی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە پێ سپاردووە.
 
زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، "رێکخەری گشتی پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان کەسێکە جێگەی رێزە و پێش سێ ساڵ لە 13-10-2021 لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خانەی راپەڕاندن لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیدا دەستیان لەکاركێشایەوە و راگەیێندراوی رەسمییان بڵاوکردەوە. لە هەمان کۆبوونەوەدا جڤاتی نیشتمانی لە راگەیێندراوی فەرمیدا پێشوازی و دەستخۆشییان لێکرا و دەستلەکارکێشانەوەیان قبوڵ کرا. لەسەر ئەو بنەما دەستوورییە ئەو وەکالەتە نادەستوری و ناقانونییە".
 
ئەوەشیان گوتووە، "رەوانشاد نەوشیروان مستەفا کاتێک رێکخەری گشتی بوو وەکالەتی تایبەتی بۆ کاروباری کۆمسیۆن کردەوە. نەک کەسێک بە وەکالەت بکات بە رێکخەری گشتی. بەکارهێنانی هەر بەراوردکارییەک بۆ چەواشەکاری و داپۆشینی فەزاحەتێکی گەورەیە".
 
دوای 10 ساڵ گەڕایەوە کوردستان
 
دانا ئەحمەد مەجید، پارێزگاری پێشووی سلێمانی، دوای 10 ساڵ دوورکەوتنەوە لە کوردستان، لە نێوەڕاستی ئەم ساڵ گەڕایەوە. یەکێکە لە کەسە دیارەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان.
 
بریکارنامە گشتییەکە رۆژی پێنجشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2024 لە فەرمانگەی دادنووسی دووی سلێمانی بە ژمارە 30874 کراوە، تێیدا رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان سەرجەم دەسەڵاتەکانی کارگێڕی، دارایی، بەکارهێنان و بەکرێدانی موڵک و واژۆکردنی بەڵگەنامە و گرێبەستەکان و هەڵوەشاندنەوە و هەموارکردنەوەیانی بە دانا ئەحمەد مەجید داوە، جگە لە کڕینی موڵک و ماڵی گواستراوە و نەگواستراوە.
 
زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان باسیان لەوە کردووە، "ئەوەی تاقمێک کەس پێی هەستاون و بەنیازن بە موئامەرە و لەژێر ناوی کۆبوونەوەی رێزلێنان و دەستبەکاربوون ئەنجامی بدەن بە هەموو شێوەیەک رێی لێ دەگرین. نیازی پشت ئەو کارە لەناوبردنی بزووتنەوەی گۆڕانە. بەرپرسیارێتی تاریخی، قانونی و سیاسی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو پیلانگێڕانە".
 
رێوڕەسمێک لە گردەکە
 
لەم رۆژانەدا باس لەوە کراوە کە لە گردی زەرگەتە رێوڕەسمێک بۆ عومەر سەید عەلی بکرێت و "لە هەمان کاتدا جێگرەوەی پۆستی رێکخەری گشتی دیاریی بکرێت"؛ ئەمەیە کە زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی بە نایاسایی دەزانن.
 
زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی هەروەها دەڵێن، "ئەوان لە کۆبوونەوە تایبەتییەکان و لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ ئێمەدا بە ئاشکرا دەڵێن، شەڕ و ئاژاوە دروست دەکەن و ئینشیقاق دەکەن. بێباکن لە ئەنجامدانی تاوان. لەبەرئەوە زۆرینەی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردراو بڕیارماندا مەکۆی سەرەکی (گردی زەرگەتە) تا کاتێکی نادیار دابخرێت بۆ رێگری لە ئاژاوە و لەپێناو سەلامەتی هەموواندا. ئەوان بێباکن لە هەموو کارێکی خراپ. ئەرکی دامەزراوە رەسمییە حکومییەکان و پارێزگار و دەزگا ئەمنییەکانە هێمنی و ئاسایش بپارێزن".
 
کوڕانی نەوشیروان مستەفا پشتیوانی کێ دەکەن؟
 
لە راگەیێندراوێکی دیکەدا، هەریەک لە چیا و نما نەوشیروان مستەفا پشتیوانی خۆیان بۆ رای زۆرینەی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان دەردەبڕن، "بۆ ئەوەی کێشەکان لەمە گەورەتر نەبن و كاردانەوە و پەرچەكرداری نەخوازراوی لێنەكەوێتەوە لە گردی زەرگەتە کە ماڵی هەمو لایەکە، و بۆ گۆڕانی راستەقینە و هەمو گۆڕانخوازێکە، هەروەها بۆ ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی دروست نەبێت، پێویستە هەمو لایەک بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن، بەتایبەتی کە ئارامگای رەوانشاد نەوشیروان مستەفای لێیە".
 
چیا و نما جەخت دەکەنەوە، "ئێمەی کوڕانی نەوشیروان مستەفا، وەکو دوو هەڵسوڕاوی گۆڕان، پشتیوانی تەواو لە دەستووری نێوخۆی و جڤاتەکان دەکەین. بۆیە لەسەر داوای زۆرینەی ئەندامانی هەڵبژێردراوی جڤاتی نیشتمانی وەک بەرزترین دامەزراوەی بڕیاردان لە بزووتنەوەی گۆڕاندا و بۆ بەرگرتن لە دروستبوونی هەر گرژییەک لە نزیک ئارامگای باوکمانەوە، پێمان باشە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو گردی زەرگەتە دەوامی تێدا نەبێت، هەتا بارودۆخەکە هێور دەبێتەوە".
 
هەروەها دەڵێن، "ئێمە لەم دۆخە دژوارەدا شان دەدەینە بەر بەرپرسیارێتی و ئەمەمان پێ باشترە نەوەک بەیانی رووداوێکی نەخوازراو رووبدات لە دەرئەنجامی ناکۆکی ئەم برادەرانە. داوا لە هەمووان دەكەین ئەگەر هەر کێشەیەک هەبێت لە دەرەوەی گردەکە با بە گفتوگۆ و ئارامی و بەرپرسیارانە و لە چوارچێوەی دەستووری نێوخۆیی گۆڕاندا چارەسەری بکەن و ئەو کات بە لێکتێگەیشتن و یەکگرتووی و لە کەشێکی ئارامدا جارێکی تر دەست پێبکەن بە کاری پێکەوەیی".
 
کۆمیسیۆن بریکارنامەکەی پەسند کردووە
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بریکارنامەکەی عومەر سەید عەلی بۆ دانا ئەحمەد مەجیدی پەسندکردووە.
 
بەپێی نەریتی کارپێکراو، بریکارنامەی گشتی بەلایەنی کەمەوە دەکرێت بۆ ماوەی 15 ساڵ بەکاربهێندرێت، لەکاتی مردنی یەکێک لە لایەنەکانی یان لەدەستدانی شیاوێتی یان رەتکردنەوەی یەکێک لە لەلایەنەکانی بە هەڵوەشاوە هەژمار دەکرێت.
 
ئەو بریکارنامە گشتییە لە کاتێکدایە کۆنگرە (کۆنفرانسی نیشتمانی)ـی بزووتنەوەی گۆڕان دواکەوتووە، هەرچەندە بڕیاربوو پێش دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن و لە سەرەتای ئەم مانگە تاوەکو نێوەڕاستی مانگ سەرجەم هەڵبژاردنە نێوخۆییەکانی بکات، بەڵام بزووتنەوەکە تەنیا رۆژی دووشەممە 9ـی ئەیلوولی 2024، دەستەى سەرۆکایەتیی جڤاتى گشتی هەڵبژارد، کە پێکدێن لە سەرۆک، جێگر و سکرتێرى جڤاتى گشتیی بزووتنەوەکە. 
 
چۆن بزووتنەوەی گۆڕان بەڕێوەدەچێت؟
 
بزووتنەوەی گۆڕان ژمارەیەک ئۆرگانی هەیە، لەوانە جڤاتی نیشتمانی (ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و رێکخەر) باڵاترین دەسەڵاتی بڕیاردانە، هەروەها جڤاتی گشتی.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆیی بزووتنەوەکە، خانەی راپەڕاندن بەرپرسە لە جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردەکانی جڤاتی نیشتمانی، خانەکە لە 7 کەس پێکدێت: رێکخەری گشتی، سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، فراکسیۆن، ژوورەکان و باژێرڤانەکان و سەرۆکی جڤاتی گشتی. 
 
رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن، جگە لە سەرۆکی جڤاتی گشتی، لەنێو ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی یان لەنێو ئەندامانی جڤاتی گشتی و کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەکە بەربژێر دەکرێن، بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ و زۆرینەی سادە پەسند دەکرێن و بە زۆرینەی رەهای دەنگی هەموو ئەندامەکانی دەگۆڕدرێن.
 
بەپێی دەستووری نێوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و ئەندامانی خانەی راپەڕاندن سێ ساڵ جارێک دەبێت و ئەوان دەتوانن تەنیا بۆ دوو خول خۆیان بەربژێر بکەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێستگەیەکی دەنگدان لە هەڵبژاردنی پێشوو. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

سێ وێستگەی دەنگدانی VIP دەکرێنەوە؛ یەکێکیان لە بەغدا دەبێت

لە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، دوو جۆر دەنگدەر هەن، بەشێکیان دەنگدەری گشتین و لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگدەدەن، بەشێکیشیان دەنگدەری تایبەتن کە بریتییە لە هێزە ئەمنییەکان و نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی و ئەوانەی لە گرتووخانەکان و هەندێکی دیکەش، بەڵام ئەوانەی لە وێستگەی کەسایەتییەکان (VIP)دەنگدەدەن، لە رۆژی دەنگدانی گشتی دەنگدەدەن.