کۆرۆنای گۆڕاو تەشەنە دەکات و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناش بڕیار دەدات

27-07-2021
سەرباز سیامەند
چاودێریی تووشبووانی کۆرۆنا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
چاودێریی تووشبووانی کۆرۆنا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
نیشانەکردن دەلتا کۆرۆنا ئاماری کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تادێت ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان رۆژانە زیاتر دەبێت. گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە لووتکەی تووشبوون بە شەپۆلی نوێی کۆرۆنداین، شەپۆلەکە رەنگە پێنج بۆ حەوت هەفتە بخایێنێت."
 
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەگەر دۆخەکە زوو کۆنترۆڵنەکرێت، چاوەڕوان دەکرێت لە دوو هەفتەی داهاتوودا ژمارەی تووشبوون و مردن بە کۆرۆنا ئێجگار زیاد بکات." 
 
پارێزگاری هەولێریش دەڵێت: لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری پێویست لەوبارەوە دەدات.
 
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆبوونەوەکە بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەبەستێت، کە ئەوان هەڵسەنگاندنی دۆخە تەندروستییەکە دەکەن؛ پاش ئەوە بۆچوونی پارێزگارەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان دەبێتە بنەمای ئەوەی بە چ جۆرێک بڕیارەکان وەربگیرێن. بە دڵنیاییەوە هەوڵی ئێمە ئەوەیە بتوانین رێکارەکانمان ببێتە بەشێک لەوەی کە کۆرۆنا زیاتر تەشەنە نەکات و کۆنترۆڵ بکرێت. ئەوەش بە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بڕیاری پێویست وەردەگیرێت."
 
لەسەر ئاستی عێراق رۆژی 26-7-2021  سلێمانی بە مردنی حەوت کەس لە کۆی 60 کەس لەریزبەندی یەکەمی مردن بە کۆرۆنا و دهۆکیش بە تووشبوونی 1564 کەس لە کۆی 12180 کەس لە دوای بەغداوە دووەمین پارێزگا بووە کە زۆرترین تووشبووی تێدا تۆمارکراوە.
 
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان رۆژی دووشەممە سەردانی دهۆکی کرد، بڕیاردراوە نەخۆشخانەی سێیەم بۆ تووشبووانی کۆرۆنا لەو شارە بکرێتەوە.
 
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، "ئەگەر خەڵک هاوکاریمان نەکات، چاوەڕوانی ئەوە بکەن چەندین رێکاری تووند بگرینەبەر تاوەکو بتوانین بۆماوەیەک کۆنترۆڵی تووشبوون بکەین و هەر هیچ نەبێت ئاستەکەی کەمتر بکەینەوە."
 
بە بەراوردکردنی ژمارەی تووشبووان لەگەڵ پشکنینەکان، رۆژی 26ـی تەممووز رێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا بۆ 20.7٪  بەرزبووەوە، لەکاتێکدا 20ی تەمموز 14.9٪ بوو.
 
وەزیری تەندروستیش ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا بارودۆخەکە بۆ ئەندامانی لیژنەکە روون دەکەنەوە و چەند پێشنیازێکیش دەخەنە بەردەمیان. 
 
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "وەکو پێشنیاز خواستمان زۆرە، بەڵام چەندی دەبێتە بڕیار دەبێت بیگونجێنین لەگەڵ بارودۆخی ژیان و هاووڵاتیان و پێویستییەکانی حکومەتیش، چونکە لایەنە تەقلیدییەکەی پارساڵ جیاوازە لە هەموو دونیا لە شێواز گۆڕاوە.. رێکار و مەرجە تەندروستییەکان لەلای ئێمە زۆر گرنگترن لەوەی ژیان بوەستێت. مەودایەکی زۆریشمان ماوە، بەڵام لە دۆخێکی مەترسیداریشداین زۆر رێکاری دیکەشمان هەیە بیگرینەبەر تاوەکو ئەوان تەواو نەکەین گونجاو نییە باسی قەدەخەی هاتووچۆی تەواوەتی بکەین."
 
 
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی؛ لەماوەی 7 رۆژی رابردوودا  103 کەس بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، 11 هەزار و 990 کەسیش تووشی کۆرۆنا بوون.
 
زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدان و تووشبوون بە کۆرۆنا لە کاتێکدایە، لە 22ی تەمموزەوە تووشبوون و بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاوی دەلتا لە باشووری کوردستان راگەیێندراوە.
 
بەگوتەی بریکاری وەزیری تەندروستی، چارەسەری رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ئەو ڤایرۆسە وەرگرتنی ڤاکسینە، لەکاتێکدا کەمتر لە ٪5ـی دانیشتووان هەردوو قورچکیان وەرگرتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی رێگەکە کە پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە

پارێزگای هەولێر: دووسایدکردنی رێگەی کۆیە – هەولێر کەوتە واری جێبەجێکردنەوە

پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوژمەی زیاتر لە 560 ملیار دینار، پڕۆژه‌ی دووسایدی هه‌ولێر - كۆیه‌ كه‌وته‌ واری جێبه‌جێكردنەوە.